ئیخڵاس دلێمی كاندیدی ژماره‌ 28ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازنه‌ی یه‌كی نه‌ینه‌وا:

خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ له‌بیری نه‌كردووه‌، كە داعش ئەو ‌ناوچانەی داگیركرد، هه‌رێمی كوردستان بوو به ‌بڕیاری سه‌رۆك بارزانی‌ باوه‌شی بۆ كردنه‌وه‌

 

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی

 

ئیخڵاس دلێمی كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ و كاندیدی ژماره‌ 28ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازنه‌ی یه‌كی نه‌ینه‌وا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقە، له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌ جوامێره‌كانی و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ڕله‌مانی عێراق، جارێكی دیكه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان متمانه‌ی پێده‌به‌خشێته‌وه‌ و كاندیدی ده‌كات، ئیخڵاس دلێمی له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا بۆ رۆژنامه‌ی خه‌بات ئاماژه‌ بە به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی ده‌دات، ئه‌گه‌ر دووباره‌ ده‌رچۆوه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و چینه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌.

 

داكۆكیكردن له‌ مافه ‌ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان

ئیخڵاس دلێمی ده‌ڵێت: سەرەتا ده‌مه‌وێ سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌م كه‌ دووباره‌ متمانه‌ی پێ به‌خشیمه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ش هه‌ر له‌خۆڕانه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌و چوارساڵه‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی بووم له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌ڕێنوێنی سه‌ركردایه‌تی پارتی رؤڵی خۆم بینی له‌ په‌سه‌ندكردنی موازه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌وپێیه‌ی من كاندیدی سنوورێكم كه‌ له‌پێكهاته‌ی كوردوعه‌ره‌بن، له‌و سنووره‌ش زۆرینه‌ی دۆست و لایه‌نگری پارتی دیموكراتی كوردستانن، بۆیه‌ هه‌موومان بڕوامان به‌ كارنامه‌ و سیاسه‌تی پارتی به‌ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی هه‌یه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا تاكه‌ حزب بووه‌ به‌بێ جیاوازی داكۆكیان له‌ خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ كردووه‌ و بڕوای به‌پێكه‌وه‌ژیانی و ته‌بایی هه‌یه‌، هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ له‌بیری نه‌كردووه‌ له‌ ساڵی 2014 كاتێك داعش زۆرێك له‌ناوچه‌كانی ئه‌و سنووری داگیركرد و خه‌ڵكه‌كه‌ی ویستیان په‌نا بۆ به‌غدا ببه‌ن، به‌ڵام به‌غدا ده‌رگای به‌روویان نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ هه‌ریمی كوردستان و به‌بڕیاری سه‌رۆك بارزانی بوو كه‌ باوه‌شی بۆ ئاواره‌كانی ئه‌و سنووره‌ كرده‌وه‌ به‌بێ جیاوازی، هه‌میشه‌ و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت هه‌رێمی كوردستان شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی لێقه‌وماوان بووه‌، خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ له‌بیر ناكه‌ن و له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ده‌نگ به‌كاندیدانی پارتی ده‌كه‌ن.

پێشمه‌رگه‌ بوو ئه‌و سنوورەی پاراست

هه‌روه‌ها خاتوو ئیخڵاس زیاتر گوتی: گه‌شبینین له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا پارێزگاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌كه‌ین و بگره‌ ده‌نگه‌كانمان زیاتریش بێت، به‌تایبه‌تیش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی بۆ ئه‌و سنووره‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ مه‌خموور، به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم به‌ڵێن بۆ سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تی پارتی و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی و پێشمه‌رگه‌ دووپاتبكه‌مه‌وه‌، كه‌ له‌ئاست ئه‌و متمانه‌یه‌ی ئه‌وان بم و به‌ڕێنوێنی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌غدا به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكەم و دڵنیاشم خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌زانن و هه‌روه‌ها ده‌زانن چ حزبێك له‌خه‌می ئه‌واندا بووه‌ و دایه‌، ئێستا خه‌ڵك وریایه‌ و ده‌زانێت كه‌ ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ بوو به‌رگری لێكردن و ئه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی بوو له‌كاتی ته‌نگانه‌دا ده‌رگای به‌ڕوودا كردنه‌وه‌.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…