فەرحان جەوهەر

مێدیای ئێرانی فیلمێکی زۆر دوژمنکارانەی بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش وبەپاڵەوان کردنی رۆڵی سەرکردەیەکی خۆیان لەو شەڕەدا بەرهم هێناوە ، نەیارانی گەلی کورد هەر ئەمڕۆ نییە ، کار لەسەر کەمکردنەوەی رۆڵی کورد لە مێژوودا دەکەن ، زۆرلە مێژە هەوڵی ئەوە دەدەن کولتوورو رۆشەنبیریەکەی و مێژوو خەباتی رەمزە نەتەوایەتییەکایشی بشێوێنن، یەک لەو رەمزو سەرکردانەی زۆرترین پشکی لەم هەوڵەدا بەرکەوتووە ، سەرۆک مەسعود بارزانییە، لەڕێگەی لێدان لە پێگەو خەبات و مێژووکەسایەتییە کاریزماییەکەی سەرۆک بارزانی، دەیانەوێت لەو گیانە بەرگریکارانەی گەلی کوردیش بدەن، بۆلاوازکردنی بڕوا بەخۆبوونی میللەتێک لەبەرگری و داواکردنی مافەکانی خۆی وەک گەلێکی زوڵم لێکراو.

لێدان لەکولتوورو مێژوو رەمزەکانی میللەتێک، کارێکی دووژمنکارانەو شەڕێکی رانەگەێنراوە، بەرلە ماوەیەکی تریش مێدیای ئێرانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی گاڵتەیان بەجل و بەرگی کوردی کرد، لە مێژساڵە دوژمنانی کورد هەولی شێواندنی مێژوو کولتووری کورد دەدەن، نەک هەر ئەمە، بەڵکو ماوەیەکی زۆر کاریان لەسەر شێواندنی بنەچەو رەگەزی کورد کردووە، هەندێکیان تا ئەو شوێنە رۆیشتوون بە کورد بڵێن: لە جنۆکەوە دروست بوونە و مرۆڤ نینە، هەموو ئەو شێواندنانە لە پێناوی رەوایەتی دان بووە بە هێرشەکانیان بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد، ئەوەی ئەمڕۆش لەلایەن ئەو کەس و لایەنانە بەڕێوە دەچێت، درێژکراوەی هەمان ئەو زنجیرە هەڵمەتەیە کە بەدرێژای مێژوو کراوەتە سەر کوڵتوورو رۆشنبیری گەلی کورد ، لە کاتێکدا هیچ یەک لەو گەلانەی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی خاکی کوردیان داگیرکردووەو هەولی لەناو بردنیان داوە، وەک گەلی کورد خاوەن کولتوورێکی بەرز نەبوونە، لە پێکەوە ژیان و لێبوردن و بەرگری، هەر مانەوەی کورد خۆی لە ناو ئەو ئاگرەی دەوری داوە، گەورەترین ئازایەتییە و مانای بەرزی گیانی بەرگری میللەتێک دەگەێنێت، هەرنەتەوەیەک با بەم شێوەیە سێ لە گەورەترین نەتەوە پێکەوە هێرشیان کردبێتە سەر، نەک وجودی خۆی وەک نەتەوە ، بەڵکو ناویشی نەدەما، لەرووی لێبوردەیشەوە تاکە سەرکردەی ئیسلامی کە بەرامبەردوژمنەکانی لێبوردە بووبێت تەنها سەلاحەدین ئەیوبی بووە، ئەویش لەبەرئەوەی کوردبووە، باقی سەرکردەکانی ئیسلامی بەرامبەردوژمنەکانیان هیچ لێبوردنێکیان نەبووە، هیچیشیان ئازایەتی سەلاحەدینیان نەبووە قودسی پیرۆز رزگاربکەن.

شەڕی داعش مێژوویەکی ئەوەندە کۆن نییە ، تا خەڵک بیری چووبێتەوە و میدیای ئێران لە رێی فیلم و دراما بیرمان بێنێتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەمڕۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایی رەقەمی. کێشەی ئێمە لەم شەڕەدا نەبوونی چەک بووە ، چونکە هەرێم بەپێی یاساو دەستور ناتوانێ چەک بکڕێت ، عیراقیش نەک هەر چەکی بە پێشمەرگە نەدا ، بەڵکو سوپاکەی لە موسڵ هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی پێدرابوون کەوتە دەستی داعش، بۆیە هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە ، لایەنێکی پڕچەک بەرامبەر لایەنێکی بێ چەک، بتوانێت هەندێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، دواتریش کە پێشمەرکە چەکی دەستکەوت، هەموو جیهانی سەرسام کرد بەوهێرش و بەرگرییەی نیشانی دا ، ئەوەی توانیشی کوردستان بپارێزێت و داعش نەگاتە هەولێری پایتەخت ، پێشمەرگە لەسەر زەمین و هاوپەیمانان لە ئاسمان بەسەرکردایەتی سەرۆک مسعود بارزانی بوو، نەک هیچ کەس و لایەنی تر، بۆیە سەرۆک بارزانی کراوەتە ئامانج لەم دیکۆ دڕامایەدا ، چونکە نەیاران دەزان سەرۆک چ رۆڵێکی مەزن و ئازایانەی گێڕا لە تێکشکاندنی داعشدا ، هەروەها هۆیەکی تری زۆر سەرەکی بۆ لێدان لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی خۆشەویستی خەڵکی کوردی ئێرانە بۆ سەرۆک ، مێدیای ئێرانی پێیوایە بەم کارەیان دەتوانن ئەو خۆشەویستییە لە دڵی خەڵکی ئێران لاوازبکەن ، بەڵام با ئەو لایەنانە دڵنیا و خاتر جەم بن ، بەم کارەیان نەک هەر ناتوانن ویستی کورد و بڕوا بەخۆبوونی لەق بکەن ، یان خۆشەویستی سەرۆک بارزانی لە دڵی کورد دەربێنن ، بەڵکو ویست و هێزی کورد بەهێزتر دەکەن ، ئەم کارەی میدیای ئێرانی خزمەت بە پێکەوە ژیانی نەتەوەیی و پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و پڕەنسیپەکانی دراوسێیەتی ناکات ، کە جگەلە پێکەوە ژیان بەئاشتی، هیچ رێگە چارەیەکی تر لەبەردەم هەردوو گەلدا نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پێویستە دۆستەکان بەر لە دوژمنەکان لێمان بترسن

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، یەک لە پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمر…