بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق فازڵ نەبی، پڕۆژە بوودجەی ساڵی2019 و2018 بە خراپترین رەشنووسی بوودجە لە مێژووی عێراقی نوێ ناودەبات، دەشڵێت لە سێ بڕگەدا گورزی گەورە لەهەرێمی كوردستان دراوە و بڕی زیاتر لە6 تریلیۆن دیناریان لێ كەمكردووەتەوە، فازڵ نەبی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو راشیدەگەیەنێت كە، حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتی كوردستان رەشنووسی بوودجە رەتدەكەنەوە.
خراپترین پڕۆژە بوودجە لە مێژووی عێراقی نوێ
سەرەتا لەبارەی رەشنووسی بوودجەی ساڵی2019 بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق دەڵێت: بەداخەوە پڕۆژە بوودجەی ساڵی2018 و2019 تەقریبەن وەكو یەك داڕێژراوە، پڕۆژەكەی ساڵی2019 بڕێك بە وەستایی تر داڕێژكراوە لەوەی2018 كە رەنگە پەلەیان تێداكردبێت، بەداخەوە هەردوو پڕۆژەكە دوو خراپترین پڕۆژە بوودجەن لە مێژووی عێراقی نوێ بەتایبەت دژی هەرێمی كوردستان، لەساڵی2007 تاوەكو ساڵی2017 هەموو پڕۆژە بوودجەكان بەشێوەیەكی یاسایی و ئاسایی و دەستووری داڕێژراون و بێ ئەوەی ستەم لە هیچ لایەنێك بەو شێوە گەورانە كرابێت، رەنگە هەندێك شت بووبێت، بەڵام شتی زۆر بچووك بووە و جێی نیگەرانیی نەبووە بۆ هیچ لایەنێك، بۆ نموونە لە ساڵانی2013 بۆ سەرەوە بەردەوام پشكی هەرێمی كوردستان لەنێوان13 تریلیۆن دینار تا14 تریلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار بووە، بەداخەوە لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی2018 پاش ئەوەی ئێمە كەسمان لەبەغدا نەماین و وەزارەتی دارایی كەوتە دەستی لایەنی دیكە و لە دەستی كورد نەمابوو، ئەوە بوو پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2018یان بەو شێوەیە داڕشت بەهەمان پڕەنسیپ داڕشتووە، ئێستا كە هاتوونەتە سەر پڕۆژەی ساڵی 2019 تەقریبەن بەهەمان شێوەی ساڵی پاڕ داڕێژكراوە لەگەڵ هەندێك شتی دیكە بۆ ئەوەی زیاتر گورز لە هەرێمی كوردستان بوەشێنن، بەداخەوە ئەوانەی رەشنووسەكەیان ئامادەكردووە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانییان ئەوەیە كە چۆن گورزی زیاتر لەهەرێمی كوردستان بوەشێنن.
سەردەمی دكتۆر ئەیاد عەلاوی
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق دەشڵێت: سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان كە پێشتر رێژە17 لەسەد بووە پێشتر باسمانكردووە كە رێككەوتنی مەبدەئیی لەسەر بووە لەسەردەمی دكتۆر ئەیاد عەلاویی دا، پێشتریش گوتوومە كە دكتۆر عەلاوی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیشی هەبووە، واتا ئەو رێككەوتنە رەنگە شێوەی یاسایشی گرتبێت، دەقی رێككەوتنەكە دەڵێت پشكی هەرێمی كوردستان رێژەی 17 لەسەد دەبێت لە كۆی خەرجییەكان پاش دەرهێنانی خەرجیی سیادی و حاكیمە تا ئەو رۆژەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق دەكرێت و ئەوكات پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو رێژەیە و ژمارەیە دیاری دەكرێت، بۆیە ئێمە لەساڵانی رابردوو سەرباری ئەوەی هەم لە پەرلەمان و حكوومەتیش فشارمان لەسەر بووە بۆ ئەوەی ئەو رێژەیە بكەین بە 13 لەسەد، بەڵام سەرباری ئەوەیش، ئێمە ئەو رێژەیەمان هەر بە17 لەسەد هێشتووەتەوە تا ساڵی 2017ش كە ئێمە دوا ساڵ بوو لە بەغدابووین.
گورزێكی یەكجار گەورەیان لەهەرێمی كوردستان داوە
فازڵ نەبی ئەوەش ئاشكرا دەكات: ئێستا لە پڕۆژەی بوودجەی ساڵی2019 هەر لەخۆیانەوە پشكی هەرێمی كوردستانییان كردووە بە12،67 لەسەد، واتا گورزێكی یەكجار گەورەیان لە ماوەی ساڵی2018 و2019 لەهەرێمی كوردستان داوە و ئەوەش شتێكی نایاسایی و ناڕاستە و دەبێت بەپێی رێككەوتنەكە بڕۆین، چونكە هیچ سەرژمێرییەك لەعێراق نییە كە پشتی پێ ببەستن، لە بەرامبەریشدا لەم دوو ساڵەدا خەرجییە سیادییەكانیان بەشێوەیەكی زۆر زیادكردووە، بەداخەوە هەندێك بڕگە هەیە بچووكن و كاریگەرییان بچووكە، رەنگە بە 20تا 30بڕگەش كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی كوردستان نەبێت، بەڵام ئەوان لەیەك بڕگە بەتەنها گورزی گەورەیان لەهەرێمی كوردستان داوە، لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2018و ئێستاش لە 2019شتێك هەیە بەناوی پڕۆژەكانی” عقود التراخیص”، لە مێژە رێككەوتنێك لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە كە نابێت ئەم پڕۆژانە لە خەرجییە سیادییەكاندا بێت، چونكە چۆن بەغدا ئەو گرێبەستانەی هەیە، كەواتە پێویست دەكات ئەوە بگەڕێتەوە بۆ خەرجیی ئاسایی و ئەگەر وابێت هەرێمی كوردستان رێژەی 17لەسەدەكەی لێ وەردەگرێت، ئەو بڕە پارەیەیشی كە بۆ ئەم مەبەستە تەرخانكراوە كەم نییە، بڕەكەی 12تریلیۆن و نیوە، ئێستا خەرجیی سیادی بەگشتی 46تریلیۆن دینارە، تەنها یەك بڕگەی 12تریلیۆن و نیوە، واتە ئەوەی دەمێنێتەوە 33 تریلیۆن و نیو دەبێت، ئینجا بۆ ئەوەی بە هەرێمی كوردستان بڵێین ئێمە ستەممان لە ئێوە نەكردووە بەڵكو پشكی ئێوەمان داوە، یەك شتییان زیادكردووە ئەوەیش پڕۆژەكانی وەبەرهێنانە كە لەنێویاندا پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان كە لێرەدا بڕی 360ملیار دیناریان بۆ هەرێمی كوردستان لە كۆی 12تریلیۆن و نیو تەرخانكردووە، ئەمەش دەكاتە سنووری 2،5لەسەد كە ئەمە گورزێكی دیكەیە لەهەرێمی كوردستان دراوە.
تەنها لە سێ بڕگە گورزی 6 تریلیۆن لە هەرێمی كوردستان دراوە
لە درێژەی قسەكانیدا فازڵ نەبی دەڵێت: هەرچی گورزی سێهەمە ئەوەیە پاش دەرهێنانی خەرجیی سیادی و حاكیمە هاتوون لە خۆیانەوە خەرجییەكی دیكەیان دەركردووە و بڕگەیەكی دیكەیان زیادكردووە كە لە ساڵانی پێشوو نەبووە، راستە پێشتر قەرزی بیانی بۆ پڕۆژەكان هەبووە، بەڵام هەرێمی كوردستان 17لەسەدی وەرگرتووە، بەڵام ئەوان هاتوون چوار تریلیۆن و 235ملیار دینارییان لە كۆی خەرجییەكانییان دەركردووە و دوای هاتوون حسابی هەرێمی كوردستانییان كردووە و تەنها 102ملیاریان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكردووە كە ناكاتە 2،4لەسەد كە دەبوو رێژەی 17لەسەد بێت. ئەو سێ بڕگەیەی باسمكردن سێ بڕگەی زۆر سەرەكیین، ئەگەر بێت و ئەو سێ بڕگەیە چاك بكرێنەوە ئەوا پشكی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بەهەموو ئەو شتانەی باسمكرد 8تریلیۆن و 900ملیار دینارە ئەوا پشكی هەرێمی كوردستان دەبێتە 14تریلیۆن و 850ملیار دینار، واتا تەنها لە سێ بڕگە گورزی 6تریلیۆن لە هەرێمی كوردستان دراوە، لەكاتێكدا ئەو شتانە شتی نایاسایین، وە ئەگەر ئێمە كەسی زانامان لەبەغدا هەبایە دەیانتوانی پێش لەو شتانە بگرن، چونكە ئەو شتانە شتی نایاسایین.
پشكی پێشمەرگە
لەبارەی ئەوەش كەوا چی تر لە پڕۆژەكەدا بە دژی هەرێمی كوردستان دەزانێت فازڵ نەبی رایدەگەیەنێت: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بڕگەكانی دیكە بەداخەوە بە جیا لە ساڵانی پێشوو لە جیاتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكەدا نووسیویانە پشكی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك بێ ناوهێنانی هەڵەبجەش كە ئەمە لە قورسایی سیاسی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە. بڕگەیەكی دیكە دیسان شتییان لێ گۆڕیوە ئەویش پشكی پێشمەرگەیە لە ماددەی 10دا باسی پشكی پێشمەرگە دەكات كە دەڵێت پشكەكە دیاریدەكرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە خەرجیی هێزە زەمینییەكانی سوپای عێراق كە لێرەدا بەتەنها لە مووچە باسكراوە، بەڵام لە ساڵانی پێشوو نەخێر لە مووچە و مەشق و راهێنان و پڕچەككردنیش بوو، ئەمە لەكاتێكدایە كە بۆ حەشدی شەعبی 2، تریلیۆن و250 ملیار دینار دابنێین و زیاتر لە7 تریلیۆن و 500ملیار دینارییان بۆ وەزارەتی بەرگریی دیاریكراوە.
لەو رەشنووسە ستەمێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان كراوە
سەرباری ئەوانەش پابەندبوونی دیكەش خراوەتە سەر هەرێمی كرودستان، راستە ئێمە كێشەمان لەو پابەندانە نییە وەكو هەرێمی كوردستان، ئەگەر یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە بەگوێرەی دەستوور و ئیستیحقاقی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی پێشوو، ئەویش ئەوەیە دەڵێت كە عێراق3 ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە دەكات بە نرخی56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، لەنێویدا250 هەزار بەرمیلی هەرێمی كوردستان، لەماددەی 10دا ئەوەی باسكراوە ئەوەیە دەبێت بەلانی كەمەوە250 هەزار بەرمیل رادەست بكات، ئەگەر هەرێم هەر بەرهەمێكی زیادە لەو بڕە بەرهەم بهێنێت دەبێت داهاتەكانی رادەستی گەنجینەی دەوڵەت بكاتەوە، جگە لەوەی هەموو داهاتی سیادیش رادەست بكرێتەوە، ئەوان هاتوون سەد دەر سەد پابەندبوونەكانییان خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 60 لەسەدی مافەكانی كوردستانییان داوە. جگە لەهەموو ئەوانەش بڕگەیەك هەیە جاران كە دەمانگوت 17 لەسەد لە كۆی خەرجییەكان بوو پاش دەرهێنانی خەرجی سیادی و حاكیمە، ئێستا ئەوەیان زیادكردووە بەوەی كە رێژەی وشەی فیعلییان بۆ زیادكردووە كە ئەمە ئەسڵەن شتێكی زۆر نایاساییە و بۆ گورز وەشاندنە لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا بوودجە هەمیشە تەقدیریی تەختیتییە، نابێت باسی وشەی فیعلی بكەیت، ئەگەر فیعلی دابنێت كەوایە بەهای بوودجەكە لەدەست دەدات، بەداخەوە بەگشتی ستەمێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان كراوە لەو رەشنووسی بودجەیە.
ئەگەر پڕۆژەكە بچێتە پەرلەمان كارەكە زەحمەتتر دەبێت
لەبارەی ئەوەی كە پێشبینی دەكات ئەم رەشنووسە بە ئاسانی لەپەرلەمان تێپەڕێت؟ فازڵ نەبی دەڵێت: پێش هەموو شتێك پێویستە ئێمەی كورد لە ئەنجوومەنی وەزیران نەهێڵین تێپەڕێت ، هەمواركردنەوەی ئەو بڕگانەی لە دژی هەرێمی كوردستانن، ئەگەرچی ئێمە تەنها دوو وەزیرمان هەیە، بەڵام دەكرێت لەرێگەی كوتلە و حزبەكانەوە كارییان لەسەر بكەین بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە پەسەند نەكرێت تا پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بە بۆچوونی من بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و ناردنی خەڵكی باش بۆ وەزارەتی دارایی ئەوا دەكرێت ئەو كێشانە تێپەڕێنین، ئەگەر پڕۆژەكە بچێتە پەرلەمان كارەكە زەحمەتتر دەبێت و چاككردنەوەكە قورستتر دەبێت.
عێراق وڵاتێكی ناجێگیرە
سەبارەت بەوەی كەوا بەشێكی زۆری بوودجەی عێراق بۆ مووچە، بۆ ئاسایش و بەرگری دەڕوات، ئەو شارەزایە دەڵێت: عێراق وڵاتێكی ناجێگیرە، ئەگەر جێگیربا ئەوە دەبوو بە پلەی یەكەم گرنگی بە خزمەتگوزاریی بدات تا ئاسایش و ئەو شتانە، بەڵام لەبەر ئەوەی وڵاتێكی ناسەقامگیرە و ئاسایش هێشتا بەرقەرار نییە و تەنانەت دوای دەركردنی داعش لە عێراق دەبینین هێشتا داعش دەگەڕێتەوە و تەقینەوە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەش روو دەدات، واتا ناچاری گرنگی بەبەرگری و ئاسایش بدەیت و وەزارەتی ناوخۆش بڕێكی زۆری بۆ تەرخانكراوە.
جگە لەوانەش بڕی هەرە زۆری پارەكەش بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخانكراوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە، چونكە تا ئێستا عێراق دەیەوێت بەرهەمی خۆی زیاد بكات و گرنگیی پێ بدات، چونكە زیاتر لە 90 لەسەدی پشت بە داهاتە نەوتییەكانی دەبەستێت، بەداخەوە ساڵانی پێشووتر لە عێراق لەبەر مەسەلەی سیاسی و موزایەدەی سیاسیی لایەنەكان بوودجەی تەشغیلیان زۆر زۆر زیاتر بووە، لە هەموو وڵاتێك زیاتر گرنگی بە بوودجەی وەبەرهێنان دەدرێت، چونكە لەو وڵاتانە كەرتی گشتی هەیە، ئەم كەرتە دەتوانێت كاری حكوومەت بكات، ئەویش لە پێش هەموویانەوە دابینكردنی هەلی كارە كە بۆ ئەمە ئەگەر پشت بە بوودجە ببەستێت ئەوا ماڵی بوودجەكە تێكدەدەیت، دەبێت لەدابینكردنی هەلی كار پشت بە كەرتی تایبەت ببەستیت و هەڵیبسێنیتەوە بۆ ئەوەی ئەو كێشە گەورەیەت لە كۆڵ بكاتەوە، بەداخەوە ئێمە لە عێراق زیاتر لە 50تریلیۆن دینار بەتەنها بۆ مووچە و دابینكراوەكانە كە حكوومەتی عێراق دەیدات بەهاوڵاتی، ئیتر چی مووچەیە، خانەنشینییە، چاودێری خێزان و شتی لەو بابەتەیە، ئەمەش بڕێكی زۆرە چونكە نزیك بە نیوەی بوودجەكەی بردووە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئێمە لەعێراق كێشەی كارەبامان هەیە، كێشەی دیكەی گەورەمان هەیە كە دەبێت چارەسەر بكرێن، بۆیە ئەمساڵ هەوڵدراوە32 تریلیۆن و نیو دینار لەو 128 تریلیۆن دینارەی بوودجە بدەن بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بەڵام پێشبینی ناكەم بوودجەكەش چارەسەری هەموو كێشەكان بكات، بەڵام رەنگە بتوانێت بەشێكی كێشەكان چارەسەر بكات و بوودجەكانی داهاتوو كێشەكان چارەسەر بكەن.
حكوومەتی عێراقی داهاتوو پێویستە بە جورئەت بێت
سەبارەت بەوەی كە رێژەیەكی ئێجگار زۆری داهاتی عێراق داهاتی نەوتیین، فازڵ نەبی روونی دەكاتەوە: لە عێراق كێشەیەك هەیە قسە زۆر دەكرێت، كردار كەمە، زۆرێك لە وەزیرەكان و خەڵكی دیكەش ناوێرن خۆیان بدەنە بەر ئیش، ئەگەر ئەم بوارە بكرێتەوە ئەوا پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە دروست بكات و لە مەسەلەكان نەترسن و كاری جیددی بكەن، هەروەها هەمواری ئەو یاسایانە بكرێنەوە كە كێشەیان بۆ وەزارەتەكان دروست دەكەن بۆ ئەوەی وەزیرەكان كار بكەن، بۆ نموونە وەزارەتی پیشەسازی ئەگەر پشت بكاتە سەر بوودجە ناتوانێت ئەو كارگانەی هەیەتی بەگەڕییان بخاتەوە لەكاتێكدا300 هەزار كارمەند بەبێ كار مووچە وەردەگرن، بەڵام ئەگەر وەزارەتی پیشەسازی بواری بدرێت و حكوومەت بەكردەیی حكوومەت بێت دەتوانێت تێكهەڵكێشێك لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان دروست بكەن بۆ ئەوەی گرنگی بە پیشەسازیی بدات و لەسەر رێژەكان و شتەكان رێكبكەون، ئەگەر ئەم شتانە بكەن دەتوانن زۆر شت بكەن، بەڵام ئەم شتانە لە عێراق لەبەر ترس لە كاردانەوە هیچ نەكراوە، حكوومەتی عێراقی داهاتوو پێویستە بەجورئەت بێت و پێویستی بە خەڵكی بەجورئەت هەیە، بەڵام خۆی راست بكات و راست بڕوات و كارەكانی خۆی بكات، ئەگەر لە عێراق بترسێت ناتوانیت كارەكان بكەیت، ئیدی ئەو كات وەزارەتی كشتوكاڵ دەتوانێـت كاری باش بكات، وەزارەتی شارەوانی دەتوانێت، وەزارەتی كارەبا بە نموونە لە عێراق16 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت و بەشی دەوڵەتێك و نیوی وەكو عێراق دەكات، ئەگەر هاتوو ئەم كەرتە بدرێت بەكەرتی تایبەت كە پێشتر دەستیپێكرد و كاری لەسەر كرا كە كەرتی تایبەت لەرێگەی پێوەر و كارتەوە كاری بۆ كرد و دوای دانانی ئەمانە نیوە زیاتری چەندین شوێن لە كارەباكەی كەم بوویەوە و بەفێڕۆدان بۆ نیوە دابەزی.
خەمڵاندنی56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی فرۆشراو كەمە
سەبارەت بەوەی كە لە رەشنووسی بوودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوتی فرۆشراو بە56 دۆلار خەمڵێندراوە، فازڵ نەبی پێیوایە: ئەو خەمڵاندنە بۆ نرخی بەرمیلی نەوت زۆر كەمە، عێراق بەردەوام خۆ پارێزی دەكات لە دیاریكردنی نرخی بەرمیلی نەوت، ئەمەش تەنها خۆی نییە، بەڵكو سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بۆیان دیاریدەكات، ئەو كاتەی ئێمە لەبەغدا بووین سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ئەمەی دەكرد، بەڵام پاش گفتوگۆكردن ئێمە نرخی بەرمیلی نەوتمان لە بوودجە بەرز دەكردەوە، چونكە ئێستا نرخی بەرمیلی نەوتی برێنت لەسەروو80 دۆلارەوەیە، عێراق ئەگەر نەوتی خۆی لەگەڵ برێنت بەراورد بكات ئەوا لە هەر بەرمیلێك نزیك بە7 بۆ8 دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوتی لە نرخی برێنت كەمترە، واتا ئێستا عێراق بەرمیلی نەوت بە71 تا72 دۆلار دەفرۆشێت، باشە بۆ بە56 دۆلار هەژمارییان كردووە، هیچ نەبێت با60 دۆلار،63 دۆلار بێت، لەراستییدا دەبێت واقیعییەت لەنێو بوودجەدا هەبێت و هەم ئەو كورتهێنانەی كە لەنێو بوودجەدا هەیە واقیعی بێت، بەڵام ئێستا ئەو كورتهێنانەی بودجەیان بە22 تریلیۆن دینار دیاریكردووە و نرخی نەوتیشیان بە56 دۆلار دیاریكردووە، ئەوەش هەیە كە ئەو كورتهێنانەی لە بوودجەدا هەیە دایانناوە بەچەند شتێك پڕی بكەنەوە یەكێكیان لەوانە زیادبوونی نرخی نەوتە، زیادبوونی نرخی نەوت قازانجی بۆ عێراق هەیە، لەجیاتی ئەوەی كورتهێنانەكە كەم بكاتەوە ئەوا بە زیادبوونی نرخی نەوت كورتهێنانەكەی پێ پڕ دەكاتەوە، بۆیە ئەوە زۆر كێشە نییە.
زیاتر لە2 تریلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانكراوە
لەبارەی ئەوەی لە رەشنووسەكەدا زیاتر لە2 تریلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانكراوە، لەكاتێكدا بوودجەی پێشمەرگە بە ناڕوونی ماوەتەوە، فازڵ نەبی دەڵێت: لەراستییدا لە رەشنووسی پڕۆژە دەتوانیت چاوپۆشی لە هەندێك بڕگە بكەیت كە ئەوان لە بەرژەوەندیی خۆیان دایانناوە و كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت، بەڵام هەندێك بڕگە هەیە قابیلی قبوڵ نییە، واتا پڕۆژە بوودجەكە بەو شێوەیەی ئێستا قابیلی قبوڵ نییە لەكوردستان و كورد و سەركردایەتی كورد بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكات، دڵنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كورد ئەمە قبوڵ ناكات، ئەگەر هەرێمی كوردستان قبوڵی بكات ماڵی خۆی خراپ دەكات، چونكە مەعقول نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشتێكی ناماقوڵ رازی ببێت. هەرچی بەدیلی ئەمەیە ئەوەیە كە هەمواری رەشنووسەكە بكرێتەوە و بەدیاریكراوی ئەو چوار بڕگەیەی ئاماژەمان بۆ كرد، ئەگەر نا بەدیلەكەی بۆ هەرێمی كوردستان زەحمەتە، چونكە هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەی پێشتر لەبەردەستی بوو ئێستا ئەو نەوتە نەماوە، بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی375 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات، كە ئەوە بەشی بوودجەی هەرێمی كوردستان و ئەو قەرزانە ناكات كە هەرێمی كوردستان كردوونی، جگە لەوەی دەبێت ئیستیحقاقی كۆمپانیاكانی نەوتیشی لێ بدات، بۆیە بەدیلی بەردەستی هەرێمی كوردستان ئەوەیە نەوتەكەی بفرۆشێت و ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ دكتۆر عەبادی هەیەتی كە مانگانە317 ملیار دینارە مانگانە بەردەوام بێت تا رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ بەغدا دەكرێت، بەڵام بەدیلی سەرەكی ئەوەیە كە رەشنووسی بوودجەكە هەمواربكرێـتەوە.
كێشەی قەرزەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
سەبارەت بەوەش كە لە رەشنووسی بوودجە چەندین ساڵە باسی یەكلاییكردنەوەی قەرزەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، هەریەك بەوی دیكە دەڵێت پارەی زیاتری لەلایە، ئەمە بۆ چارەسەر ناكرێت؟ كێ قەرزاری كێیە؟ فازڵ نەبی دەڵێت: هەریەكەیان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقیش باسی بڕە پارەیەك دەكەن كە قەرزییان لەسەر بەرامبەرەكەیانە، بە بۆچوونی من ئەو ماددەیە خۆمانی پێ ماندوونەكەین، چونكە سەری حكوومەتی عێراق و سەری هەرێمی كوردستانیشی پێ دێشێنین، هەموو پسپۆڕانی دونیاش بهێنین ئەو كێشەیە چارەسەر ناكەن، چونكە ئەو مەسەلەیە بوو بە رابردوو، دەبێت باسی داهاتوو بكەین چۆن كێشەكان چارەسەر بكەین.
زۆریی ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق
لەبارەی زۆری ژمارەی فەرمانبەرانیش لە عێراق فازڵ نەبی دەڵێت: ئەو كێشەیە لەگەڵ سندوقی نەختی نێودەوڵەتیش بەبەردەوام باسكراوە، بەڵام لە وڵاتێك پێویستی بە ئاسایش هەبێت ژمارەیەكی زۆر كە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە دەزگا ئەمنییەكان كاردەكەن، بێ پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆی هەرێم، بەڵام حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە كەرتی تایبەت بەگەڕبخات، بۆیە ناچار خۆی دایمەزراندوون، ساڵانی پێشوو لەسنوورێكی دیاریكراو و بەپێی پێویستی دامەزراندن بەردەوام بوو، بۆیە ئەمساڵیش باسی دامەزراندن بەشێوەیەكی سنووردار بۆ چەند وەزارەت و دەزگایەك لەو رەشنووسەدا كراوە.