ئەمڕۆ، سێشەممە 19/10/2021 پاش کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعیی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکیان خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە.

لەو پەیوەندییەدا فازڵ میرانی گوتی: بۆ ئەوەی لە مشتومڕی هەڵبژاردن نەجاتمان بێت و ئەگەر کاندیدێک قسەیەکی کردبێت و دڵی حزبێکی ڕەنجاندبێت، ئەو ڕەنجانە نەمێنێت، ئێمە بڕیارمان دا کە سەردانی هەموو حزبەکان بکەین، بۆ ئەوەی دوێنێ و هەڵەکانی بەجێ بێڵین و بەرەو سبەینێیەکی باشتر بڕۆین.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: دەمانەوێت لە قۆناغی ئایندەدا حزبە کوردستانییەکان وەکوو تیمێکی کوردستانی کار بکەین و بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکان و هەڵسوکەوتی ئێمە و بەغدا لەگەڵ یەکتر، پێمان باش بوو لە پێشدا کەموکورتییەکانی خۆمان هەڵسەنگێنین، کە بۆچی نەمانتوانی هەڵسوکەوتێکی باشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت؟ ئایا تەنیا عەقڵیەتی حوکمڕانیی بەغدا هۆکار بووە، یان کەموکووڕییەکانی نێوخۆشمان بووە. دەبێت ئەو دوو بابەتە لەبەرچاو بگرین و نابێت چاوپۆشی لە هیچیان بکەین.

فازڵ میرانی ئاماژەی کرد بەوەی کە دوێنی سەردانی برادەرانی یەکێتی و گۆڕان و سۆشیالیستمان کرد، ئەمڕۆش سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعیمان کرد و گوتی: ”بۆ ئەوە نەهاتووین کە ئەم حزبە کورسیی هەیە، یان نا، ئەم حزبانە کوردستانین و لە زۆر شتدا هاوبەشین و ئەمەش خۆی ڕاستیی پەیوەندییەکان دەگەیەنێت، پێمان وایە بۆچوونی جیاواز، بڕیاری باشی لێ دەکەوێتەوە و بەبێ لێکتێگەیشتنی هاوبەش، کاری هاوبەش ناکرێت.”

هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ڕایگەیاند: پێمان وایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕەپانێکی باشە بۆ بەرگری لە بەرژەوندییەکانی خەڵکی کوردستان و ئەمەش پێویستی بە بەرنامەیەکی هاوبەشی هەموو لایەنەکانی کوردستان هەیە، چ ئەوانەی نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی عێراق و چ ئەوانەی نوێنەریان نییە، دەبێت ئەو بەرنامە هاوبەشە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پەسند بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکان بانگهێشت بکات و ئەو بەرنامە هاوبەشە ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی عێراق.

بابه‌تی تر

بڕیار درا به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ری نوێی بۆ دادگاكانی …