ساسان دەروێش – ئەڵمانیا

14ی ئاداری 2021 ، 118 هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر باوکی ڕۆحی نەتەوەیمانە ، مستەفا بارزانی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ، کوڕی شێخ محەمەد بارزانییە و لە گوندی بارزان لە 14ی ئاداری 1903 لە دایکبووە، لە تەمەنی 3 ساڵیدا لەگەل دایکی زیندانی کراوە ، لە 11ی ئەیلوولی 1961 تا 1975 بارزانیی نەمر ڕابەرایەتیی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا کردووە و شۆڕشەکەی 14 ساڵی خایاند و تێییدا چەندین دەسکەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست هێنا کە ئەمڕۆی ئازادی کوردستانی لێکەوتەوە ، سەروەری ئەم باوکە میهرەبانە لە یادەوەری چەندەها پێشمەرگەو سەرکردە وکەسایەتیی ناسراوی جیهانی و ڕۆژنامەنووسان بەزیندوویی ماوەتەوە لە مێژوودا و بەردەوام شانازییەکانی باسی لێوەدەکرێ ، شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن سەرپەرشتیاری بێتەلی بارەگای بارزانی و ڕازگری بێتەلە تایبەتەکەی مستەفا بارزانی نەمر لە 1961 تا 1975 وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو نزیکی بارزانی نەمر بووە ، لە دایکبووی 1937ی شاری سلێمانییە ، لە 1957 لە کۆلیژی پۆلیس لە شاری بەغدا وەرگیراوە لە 1960 تەواوی کردووە و بۆتە ئەفسەر لە هێزی گەڕۆک،  دوای سێ مانگ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پەیوەندی بە شۆڕش دەکات و بەردەوام دەبێت تا نسکۆی 1975 ، ئەم ئازادییەی ئەمڕۆ بە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی بارزانی وەسف دەکات و بۆ ساڵیادی لەدایکبوونی  بارزانی نەمر بۆ خەبات دوا :

پ/ مێژوو چۆن تێڕوانینێکی لەمەڕ بارزانی هەیە لە دوای 42 ساڵ کۆچکردنی ؟

٭ مێژووی هاوچەرخ،تێڕوانینێکی ئەرێنیی تۆمارکردووە، ناوی سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی لە دەرگایەکی گوشادەوە،چۆتە مێژووەوە و بووە بە یەکێک لەگەورەپیاوانی دونیا:ڕابەرێکی سەربازیی چاونەترس،پێشڕەوێکی سیاسیی سەرکەوتوو.لەسەرانسەر کوردستاندا،سەرجەم پارتە سیاسییەکان گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکانی خودی بەڕێزیان بوون.

پ/ بۆچی دەبێت ساڵانە یادی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر بکەینەوە ؟

٭ بەڕای من،پێویست ناکات،ساڵانە،ئەو ڕۆژە ناهەموارە بهێنرێتەوە ئاراوە. (یادەوەریی ڕۆژی کۆچکردن: غەمناکی و پەژارەیە و دڵگرانی). دەربارەی مردن،بابە گەورە بارزانی دەیفەرموو: مردن هەقە و ڕووداوێکی سروشتییە.ناخۆشییەکەی، تەنها (١٠)دەقیقەی پێش مردنەکەیە، کە ئەوکەسە هەست دەکات کۆتایی ژیانییەتی. خۆشی وناخۆشی ونهێنیی دوای مردن،لای خودا خۆیەتی.

پ/ بە بۆچوونی بەڕێزتان لە نێوان کۆچکردن و لەدایکبوونی بارزانیی نەمر ، کام ڕۆژەیان بکرێتە ڕۆژی نیشتیمانی و بۆچی ؟

٭بەڕای من، ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەلامستەفا  بارزانی بکرێت بە ڕۆژی نیشتمانی.چونکە شانازییە بۆ میللەتی کورد کە وەچەیەکی گرنگی ئاوهای لێ کەوتۆتەوە . بۆنەیەکی شادی و دڵکەرەوەیە وجێی فەخرو شانازی میللەتی کوردە. بەڕێزیان دەیفەرموو: بەربەستی منداڵبوون مەبن،لەوانەیە یەکێکیان تیادا هەڵبکەوێت،خزمەتی میللەتی کوردبکات،یان هەرهیچ نەبێ خزمەتی دایک وباوکی خۆی بکات. بەڕێزیان بوو بە خزمەتگوزارێکی ماندوونەناسی کورد وکوردستان.

پ/ لە دوای ئەو هەموو ساڵەی لەگەڵ بارزانی بوون کاتێک بارزانیی نەمر کۆچی دواییکرد هەستت بەچی کرد ؟

٭بابە گەورە، سەرۆک بارزانی، بۆ من لەباوک زۆرزۆر زیاتربوو. پەیوەندیی ڕۆحیم سەرمەدە لە تەکیاندا.بەدرێژایی تەمەنم،بۆ مردنی هیچ کەسێکم ئەوەندە دڵگران نەبووم، ئەوەندە فرمێسکم هەڵنەڕشتووە وەک بۆ بابەگەورە سەرۆک بارزانی.لەسنوری پێنجوینەوە هەتا خاکی بارزان بەدوای جەنازەکەیەوە بووم وئامادەی ماڵاواییەکەی بووم، لەتەک جەنازەی هەردەم لەیاد، ئیدریس بارزانیدا.

پ/ بۆ دەڵێن بارزانی کوردی بەجیهان ناساند ؟

٭ لەساڵانی ١٩٦١ هەتا١٩٦٣ ، لە دەرەوەی وڵات ، بۆ ناسنامە:وشەی(بارزانی) لەوشەی کوردستان،بەربڵاوتربوو.

پ/ کەی بۆیەکەمجار بەدیداری بارزانیی نەمر گەیشتی و چۆن بوو ؟

٭ بۆ یەکەمجار کەبەدیداری بابە گەورە سەرۆک بارزانی شادبووم،لە وەرزی زستانی ساڵی١٩٦١ بوو،لەبەرواری باڵا،یەکەمجاربوو،بەدەستی خۆم ژمارەیەک بروسکەی بەرەکانی شەڕ و جموجۆڵی سوپاو جاش بخەمە بەردەست بەڕێزیان.

پ/ بۆ یەکەم جار کاتێک کە بارزانیت بینی هەستت بەچی کرد ؟

٭ بۆیەکەمجار،کاتێک بەدیداری بەڕێزیان شادبووم،هەستم کرد لە حزوور،گەورە پیاوێکی پڕ هەیبەتدام، لە مێشکی خۆمدا، لەوەوپێشتر، زۆر ڕستەوهزری قووڵم ئامادەکردبوو،بەڵام کە کەوتمە قسەکردن،زمانم نەیتوانی وەک پێویست، ئەو ڕستەوهزرانەم دەربڕێ.

پ/ لەکاتی کارکردنت لەگەڵ بارزانیی نەمر چ کارێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو بۆ جەنابتان ؟

٭ لەکاتی کارکردنم لەگەڵ بابەگەورە سەرۆک بارزانی،کاری گرنگ، دانانی بەردی بناغەی شۆڕشی ئەیلوول و سەرپەرشتی کردن وبەڕێوەبردنی یەکەم سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان بوو،کە ئەو کاتە ساڵی(١٩٦١-١٩٦٢)،هێزی پێشمەرگە،پێی دەوترا(لەشکر)،بریتی بوو،لە نزیکەی ٧٥٠ کەس، چەکدار و بێ چەک،تەنها تفەنگی ئینگلیزی و پۆڵۆنی وژمارەیەکی زۆرکەم،تفەنگی بڕنەوی کورت وجامبێزار وماوزەڕ وساچمەزەن و تفەنگی دوولوولەی ڕاو.هیچ جۆرە ڕەشاش و هاوەن وچەکی قورسمان نەبوو.بوجەی بارەگای گەڕۆکی بابە گەورە سەرۆک بارزانی بڕی(٣٠) دینار بوو،لەجانتایەکدا پێشمەرگەیەک بە ناوی(یونس ئاکرەیی) لێی بەرپرسیاربوو. مووچە نەبوو، پێشمەرگە بە جلی خودی خۆیەوە بوو. خواردنی سێ ژەمەی ڕۆژان لە ئەستۆی گوندنشینان بوو،بەڕەزامەندیی خاوەن ماڵ خۆی.

پ / چی لەبارزانی نەمرەوە فێربوویت لەوچەند ساڵەی پێکەوە بوونتان ؟

٭ بەردەوام ڕاستگۆیی، دەروون پاکی،خزمەتی میللەتی کورد بەچەک،بە قەڵەم.بابەگەورە سەرۆک بارزانی دەیفەرموو: کورد موستەحەقی خزمەتە،ئەو کەسانەی دژ بە ئێمە و دژ بە شۆڕشی میللەتی کوردن،ژمارەیان هەرچەندێ بێت تەمسیلی میللەتی کورد ناکەن.

پ/ چۆن پێناسەی بارزانی نەمر دەکەن ؟ 

٭ پێناسەی بارزانیی نەمر: بابە گەورەی ڕۆحی و جەستەیی کورد و کوردستان. دەیفەرموو: بەردەوام دەبم لەسەر ڕێگای خزمەتکردنی میللەتی کورد،ڕۆژێ لەڕۆژان تەسلیم بەدوژمنی میللەتی کورد نابم.

پ/ خەسڵەتەکانی کارێزمایی بارزانیی نەمر و ڕەمزی نەتەوەیی گەلی کوردستان بۆچی دەگەڕیتەوە ؟

٭ کارێزمایی بابەگەورە بارزانی لەوەدابوو، داوای ئازادیی بۆ هەموو گەلی عێراق دەکرد. دەیفەرموو هیچ کاتێک حکوومەتی بەغدا،تەمسیلی گەلی عێراقی نەکردووە. شەڕی کورد،بەردەوام دژی ڕژێمی بەغداد بووە،نەک عەرەب یان نیشتمانی عێراق،لەبەرئەوە لای عەرەبیش خۆشەویست بوو،جێی ڕێزوستایشیان بوو.

پ/ ڕۆڵی بارزانی نەمر لە مێژووی نەتەوەی کورد لە خەباتی سیاسی و چەکداری چۆن هەلدەسەنگێنن ؟

٭ ڕۆڵی بارزانیی نەمر لە مێژووی نەتەوەی کورد لە خەباتی سیاسی و چەکداری،لەچەند دێڕێک و چەند لاپەڕەیەکدا جێێ نابێتەوە. خەباتی سیاسی و چەکداری نموونەیی بوو،بەردەوام دوژمنانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوامانەوە،یەکگرتووبوون،هاوپلان بوون.بابەگەورە دەیفەرموو: دۆژمنەکانی میللەتی کورد،بەردەوام سێ چوار پلانیان لە هەگبەدایە،دژ بە ئێمە،لەکاتی پێویستدا یەک لەدوای یەک ،بەگوێرەی کاتی پێویست زۆر بەعاقڵانە دایدەبەزێنن و کارای دەکەن. بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەکەین بزانین سبەینێ چی رووئەدات!!!

پ/ بارزانی لەو سەردەمەدا چ لەناوخۆوچ لەسەر ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی چۆن بوو کە ئەو هەموو ڕۆژنامەنووسە بیانیانە سەردانیان دەکرد ؟

٭ نووسینەکان چ لەناوخۆ چ لەسەر ئاستی جیهاندا  بێ لایەن،نەیار،لاگیربوون. لەسەرەتادا،بزاڤی کورد، ئاوها ناودەبرا: جەردە،ڕێگر،سەرپێچیکەر،دژبەیاسا،یاخی و…دواتر: ئازادیخواز،شۆڕشگێڕ.

پ/ پێم وایە تەنها پێشمەرگەو بەرپرسی جفرە نەبوویت بەتەنها بەڵکو هەندێک جاریش وەرگێڕ بوویت دەکڕێ بزانین لەگەڵ کێ بوون ؟

٭ لەتەک ئیشوکاری بێتەل و جفرەسازیدا،لە ساڵانی ١٩٦١ هەتا ساڵی ١٩٧٦ تەنها وەرگێڕبووم

لەنێوان بابەگەورە سەرۆک بارزانی و ڕۆژنامە نووسانی بیانیدا.وەک دانا ئادەم شمیت و دێڤدئادەمسن وستیڤنسنی ڕۆژنامەی مڵوۆکی ئەمەریکی وجانشوڤێڵی فەرەنسی ،ڕیچارد ئەندریجی سویسری وپیتەرفێڕا ئەڵمانی…..هتد.هەندێکیان پەڕتوکی پڕبەهایان لەسەر کورد نووسیوە و هەندێکیان فیلمی سینەمایی دۆکیومێنتیان گرتووەو هەندێکیان دەیان وتاریان لەڕۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە.جارجار ڕۆژنامەنووسی عەرەب وفارسیش دەهاتنە خزمەت بارزانی وخۆی وەڵامی پرسیارەکانیانی ئەدایەوە.

پ/ بۆ بیری لە لێدانی بیرەنەوتەکانی کەرکووک دەکردەوە وبووە پلان وچەند جارێک لێدرا ؟

٭ هیچ جارێک پڕبەدڵ ئامادەنەبوو،بۆلێدانی بیرەنەوتییەکان.باڵیۆزانی وڵاتە سوودمەندەکان خۆشحال نەبوون (کاتێ پرسیان پێکرا).

پ/ ئەم لێکدانەوەیە تا چەند دەنگ وسەدای هەبوو ؟

تەنها لێدانی پاڵاوگەی عەینزالە،لەسەردەمی ڕژێمی عبدالکەریم قاسم دا، دەنگی دایەوە.ئەوانەی ئەم دواییە،دەنگوسەدایەکی ئەوتۆی نەبوو.

پ/ بارزانیی نەمر لەسەر شاری کەرکووک هەڵوێستی چۆن بوو ؟

٭ لە پێناو شاری کەرکووک وخانەقین و مەندەلی بوو،ساڵی ١٩٧٤شەڕ هەڵگیرسایەوە.

پ/ لە هەلومەرجی ئێستاماندا چۆن دەتوانین سوود لە ڕێباز و کەلەپوری بارزانی وەرگرین ؟

٭ لە هەلومەرجی ئێستاماندا، سەرۆکی کورد وکوردستان کاک مسعود بارزانی هەڵگری تەواوی ڕێباز وکەلەپوری بابەگەورە سەرۆک بارزانی یە،بەشێوەیەکی گونجاوی هاوچەرخ.

پ/ پێشنیازی چی دەکەیت بۆ بارزانی بکرێت ؟

٭ دروستکردنی جۆرێ پارە لە زێڕو زیو وکانزای دیکە،لەسەر ناوی بارزانیی نەمر.

لە دیوێکی وێنەی بارزانیی نەمرو لەدیوەکەی تری نەخشەی کوردستان. کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ، بەنرخی ڕۆژانەی ئاڵتون. هەتا کەی شکۆمەندی بدرێ بە دەوڵەتی عوسمانی و لیرەی عوسمانی ؟ دەتوانرێ لەسەرسیستەمی لیرەی زێڕی عوسمانی: نیولیرەیی،یەک لیرەیی، پێنج لیرەیی دروست بکرێ. کاتی خۆی بەدرخانی گەورە،سکەی کوردیی لێداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئومێد خۆشناو: پارێزگاری له‌ هاووڵاتیانی خۆمان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر شوێنێك بن

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەو خێزانە کوردە کرد، چه‌…