سەلام عەبدوڵڵا

شەست ساڵ لەمەوبەر، لە یانزەی ئەیلوولی 1961دا، جارێكی تر گەلەكەمان بۆ داكۆكی لە خۆی و لە مافەكانی، بە ناچاری، دەستی دایەوە چەك.
ئەگەرچی دوای كودەتا سەربازییەكەی 1958، ڕژێمی نوێی عێراقی لە دەستوورە نوێكەیدا، كوردی وەكو شەریك لە عێراقدا لە قەڵەم دابوو، بەڵام بە پراكتیك هیچی لەوبارەیەوە وەكو پێویست جێبەجێ نەكردو كەوتە نانەوەی پشێوی و ئاژاوە لە كوردستاندا، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەری بارزانیی نەمر، زۆری هەوڵدا كە ناكۆكییەكان لە ڕێ و گفتوگۆوە چارەسەر بكات و كار نەگاتە پێكدادان و شەڕ، بەڵام ملهوڕی حكومەتی عێراقی و زاڵبوونی بیری شۆڤێنیستی عەرەبی بەسەر دامەزراوەی سەربازی و بەشێك لە پارتە نەتەوەیی-یە عەرەبییەكاندا مۆڵەتی بۆ دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە نەدەدا، بۆیە ئیدی گەلەكەمان بە ناچاری پەلاماری چەكی داو كەوتە داكۆكی لە خۆی، ئەوەش بووە سەرەتای مێژووییەكی گرنگ لە ژیانی گەلەكەماندا كە بە بووژانەوەی ئیرادەی گەلێك بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی بە هەق ناوزەدكرا، چونكە شۆڕشی ئەیلوول، بە پێچەوانەی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەكانی پێشوویدا، كە زیاتر، ناوچەیی بوون، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری بوو لە كوردستانی عێراق داو هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەمان بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە بەشدارییەكی كارایان تێدا كرد ئەویش لەژێر سێبەری ئەو دروشمە ڕەسەنەدا كە دەیوت دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان.
شۆڕش و سەركردایەتیەكەی هەر زوو لەو ڕاستییە گەیشتن كە جەوهەری كێشەكان لە عێراقدا مەسەلەی نەبوونی دیموكراسییە، بۆیە دروشمی دیموكراسی بووە سیمبوڵی شۆڕشەكەو كوردستانیش بووە پەناگەی خەڵكی شۆڕشگێڕ و دیموكراسیخوازانی عێراق.
شۆڕشی ئەیلوول سەرەڕای ئەوەی شۆڕشێكی نەتەوایەتی بوو، شۆڕشێكی دیموكراسیخوازیش بوو ئەمەش بە ئاشكرا تا ڕادەیەكی باش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا ڕەنگی دایەوە.
خاڵی پڕشنگداری شۆڕشیش بەكارنەهێنانی تیرۆر بوو ئەگەرچی ڕژێمی سەربازی عێراق كە بە هەموو توانای و بە چەكی قوڕس و قەدەغە كراو لە گەلەكەمانی دەدا، بەڵام شۆڕش هەرگیز پەنای بۆ تیرۆر و تووندوتیژی دژی خەڵكی سیڤیل نەبرد. شۆڕش وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە ئیرادەو تێڕوانینی گەلەكەمان كە ڕژێمی عێراقی لە دروستبوونییەوە هەوڵی تێكشكانی دەدا. شۆڕشی ئەیلوول زیندووكردنەوەی هیواو ئامانج و تواناو بووژاندنه‌وه‌ی شەخسیەتی نەتەوەیەك بوو.

بابه‌تی تر

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ھیندستان هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە پراشانت پ…