بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی کۆچبەران لە بیلاڕووس ڕایگەیاند، لە ڕێگای باڵوێزخانەی عێراقەوە لە ڕووسیا هەوڵ دراوە ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاسپۆڕتی گەڕانەوەیان بۆ بکرێت، تا ئێستاش ناونووسین بەردەوامە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆچبەرانە دەکات و زیاتر دەڵێت: ”ئێمە نوێنەرایەتیمان لە بیلاڕووس نییە، بەڵام لە ڕێگای باڵوێزخانەی عێراقەوە لە ڕووسیا هەوڵ دراوە ئەو کەسانەی بە خواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناونووس بکرێن و پاسپۆڕتی گەڕانەوەیان بۆ بکرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو 431 کەس بەو شێوەیە گەڕانەوە، تا ئێستاش ناونووسین بەردەوامە، کۆتا جاریش کە زانیاریمان لە باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ وەرگرت، گوتیان تیمێکی تریان ڕەوانەی مینسک کردووە و نزیکەی 500 کەسی تر خۆیان ناونووس کردووە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەشڵێت: ”لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کە بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی مەنامە لە بەحرەین بووین، وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەوێ بوو، لە دانیشتنێکی خۆمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، د. فوئاد حسێن جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان و ئەوەی لەسەر خواستی خۆی دەیەوێت، بگەڕێتەوە، ئاسانکاریی بۆ دەکرێت”.

پێشتر ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو: “نە حکوومەتی عێراقی و نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ کامیان هاوکاریی گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان نەکردووە، ئەوەی هەیە تا ئێستا هێڵە ئاسمانییەکانن کە کۆچبەران دەهێنێتەوە و بلیتی فڕۆکەیان بەبێ بەرانبەر بۆ دابین کراوە.”

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەش کردووە: ”ئێمە داوامان کردووە هاوکاریی ماددیی ئەو هاووڵاتییە کۆچبەرانە بکرێت تا بتوانن جارێکی تر ژیانی خۆیان ڕێک بخەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا، چونکە زۆربەیان هەرچییان هەبووە، پێش ڕۆیشتن فرۆشتوویانە و لەو ڕێگایە دایانناوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نەکراوە”.

ئاری جەلال دەشڵێت: “لە سەرەتاوە ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر زیاتر بوو لەوەی ئێستا هەیە، بەڵام کەس نەهات بەدەمیانەوە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەڕێمی کوردستانیش لە لێدوانیدا بۆ دەنگی ئەمریکا دەڵێت: ”لە ڕووی ماددییەوە بۆ هاوکاری ئەو کۆچبەرانە لە پاش گەڕانەوەیان، نە بەغداد ئەو بودجەیەی دیاری کردووە و نە لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە هەیە”.

سەفین دزەیی ڕوونیشی کردووەتە کە ”ئەوانەی کۆچیان کردووە هەرکەسە و بە هۆکارێک کۆچی کردووە، من نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەوە، بەڵام کۆچکردنیان نە لەژێر فشار و نە لەژێر هەڕەشەدا بووە، کە دەشگەڕێنەوە، ئەوە وڵاتی خۆیانە و ئێمە پێشوازییان لێ دەکەین”.

بابه‌تی تر

بڕیار درا به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ری نوێی بۆ دادگاكانی …