سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە بێ کورد بڵاوکردەوە و بە “پێشینەیەکی مەترسیدار” وەسفی دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەرچه‌نده‌ یاسای پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانی دارایی کارێکی پێویست بوو بۆ دابینکردنی مووچه‌‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ سێ مانگی داهاتوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نابردن بۆ قه‌رز چاره‌سه‌رێکی بەردەوام نییه‌، بۆیە جه‌خت له ‌رێگه‌چاره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ رێگه‌ له‌دووباربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بگرێت، چونکه‌ قەرزکردن به‌ته‌نیا به‌س نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌ڵکو پێویسته‌ پشت به‌ چاکسازییه‌کی گشتگیر ببه‌سترێت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانه‌که ‌و پارێزگاری له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌کو ئه‌وله‌ویه‌تێکی بێچه‌ندوچوون”.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راشیدەگەیەنێ: “به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد په‌سه‌ندکرا و تێپه‌ڕێندرا، ئه‌مه‌ش پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌‌ لە کاری سیاسی عێراقدا، دابینکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عێراق به‌بێ چاره‌سه‌ری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم کارێکی ناته‌واوه‌ چونکه‌ ئه‌وانیش هاووڵاتی عێراقن و مافه‌کانیان له‌ده‌ستووردا جێگیرکراوه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ پێویستە فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی هاووڵاتیان به‌دووربن له‌و ململانێی سیاسیه‌ی که‌ وڵاتی به‌م رۆژه‌ گه‌یاندووە”‌.

لە راگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان حکومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستان ده‌‌کاتەوە‌، به‌دیاریکراویش دۆسیه‌ی نه‌وت و رێکخستنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور که‌ “دادپه‌روه‌ری و مافی هاووڵاتیبوون بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئه‌و هه‌لومه‌‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی ئێستا وڵاته‌که‌مان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، له‌هه‌موو لایه‌کمان ده‌خوازێت که‌ یه‌کریز و هه‌ماهه‌نگ بین و دووربین له‌ ووروژاندنی تایفی ‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌، میلله‌ته‌که‌مان ده‌یه‌ها ساڵ نه‌هامه‌تی چه‌شت به‌ده‌ست ئه‌م جۆرە گوتار و سیاسه‌ته‌وه‌‌ و نه‌بوونی حوکمڕانیه‌کی دروست و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌بنه‌مای هاووڵاتی بوون”.

بابه‌تی تر

سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ڕاگیرا

بە بڕیاری وەزیری دارایی و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوه‌، سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری…