ئاریان فەرەج
پێشتر لە پاریس و لە بەغدا، ئەمانۆئێل ماكرۆنی سەرۆكی زلهێزێكی جیهانی بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەمڕۆ هەمان سەرۆك لە هەولێرە و بەڵام لە ساتە وەختێكدا كە چەمكی ( بە فەرەنسایی بوونی جیهان) وەك گوزارشتێك لە بەهێزتروگەورەتربوونی رۆڵ و پێگەی فەرەنسا لە بەڕێوەبردنی جیهاندا، هاتۆتە ئاراوە، ئەم راستییە مانای قوڵتر بە بایەخی سەردانەكە دەبەخشێ.

زۆر لە چاودێرانی سیاسی، دیدارە گەرم وگوڕەكانی سەرۆك ماكرۆن و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، بە دیداری دوو دۆستی خاوەن متمانەبەیەكدی و پشتبەیەكبەستوو، وێنا دەكەن، لەو باوەڕەشدان كە ئەو پەیوەندییە، لەسەر بنەمای دونیابینی و روانگەیەكی هاوبەش سەبارەت كیشەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە هەڵچنراوە، روانگایەك دوو سەركردەی گەنج لە دوو پێگەی جیاوازدا بەڵام بۆ یەك خەمی هاوبەش كۆدەكاتەوە.

ئەوانەی بە دیققەت و بە ئینسافەوە لە سیاسەت و ئەدائی دوو ساڵ و نیوی رابردووی سەرۆك نێچیرڤان بارزانییان روانیبێ، چەمەكەكانی (پەیوەندیی هاوسەنگ، هێوركردنەوەی گرژییەكان، دژایەتیی توندئاژۆیی، بەدیهێنانی ئاساییش بۆ هەموان و بە هەوڵی یەكدی تەواكارانەی هەموان، چارەسەریی كێشەكان بە گفتوگۆ، رووكردنە خاڵی هاوبەش و دۆزینەی سەوابت و نەگۆڕە نیشتمانییەكان وەك بنەمایەك بۆ یەكڕیزی لە ناوخۆ و لێكگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش بۆ درواسێتی باش، قوڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پاشەكشەنەكردن لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی، لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ چەمكی بەرژەوەندیی هاوبەش،) و چەمككەگلێكی دیكەی هاوشێوە، وەك بنەما سەرەكییەكانی روانگەی نێچیرڤان بارزانی دەبینن و شاهیدیش بۆ ئەوە دەدەن كە هەوڵەكانی بۆ بەرچەستەبوون و بەدیهاتنی ئەو بنەمایانە، حاشاهەڵناگرن.

بە سەرنجدانێكی سەرپێی لە هەڵوێستەكانی ئەم چەند ساڵەی فەرەنسا، پێدەچێ هەمان ئەو بنەمایانە، سەردێڕەكانی ستراتیژی فەرەنسا و سەرۆك ماكرۆنیش بن بۆ مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە. هەرئەم هاوڕایی و لێكچوونەشە بونەتە هەوێنی پەیوەندیی توندوتۆڵ و متمانەداری نێوان هەردوو سەرۆك. ئەوەشمان لەبیر نەچێ كە فەرەنسییەكان بۆ پیادەبوونی ئەو روانگەیە ئاتاجیان بە شەریك و هاوبەشی ئەوتۆیە كە لە یەك كاتدا هەم باوەڕی پتەوی بەم تێڕوانینە هەبێت و هەم لە مەیدان و گۆڕەپانی ناوچەكەشدا، بوون و پێگە و كاریگەریی هەبێت و گرەوی لەسەر بكرێت، دیارە ئەوان ئەو كارەكتەرە لە نێچیرڤان بارزانیدا دەبیننەوە وەك سەرۆكی هەرێمی گەلێك كە جگە لە توندرۆیی و تیرۆر و نكۆڵیكاری، دوژمنێكی دیكەی نییە و دەتوانێ میانەرەوانە لەگەل هەموو بەرژەوەندی و ئیرادە بەریەككەوتووەكانی ناوچەكە، دەریچەیەكی لێكگەیشتن ببینێتەوە.

پەرۆشیی سەرۆك ماكرۆن بۆسەردانی هەولێر، جارێكی دیكە جەختكردنەوەی فەرەنسایە لەسەر پابەندییان بە دۆستایەتیی كوردستان وداكۆكییان لە قەوارە سیاسییەكەی لە چوارچێوەی عێراقێكی ئۆقرەگرتووی خاوەن سەروەری و ناوچەیەكی روو لە ئارامی و هاوسەنگیدا، كە بە بێ كوردستان و حسابكردن بۆ وویست و رۆڵ و بەرژەوەندییەكانی، بەدینایەت.

ئەو پابەندییەی پاریس كە دەربڕی پشتیوانیی تەواوی ئەوروپا و ( رەنگە كۆی جیهانیش بێت) بۆ كوردستان، لە سەروەختێكدا كە پیشهاتنی نوێی نەخوازراو لە عێراق و ناوچەكەدا وا دێنەئاراوە، بۆ كوردستان و بەرژەوەندیی گەلەكەی، مەسەلەیەكی گرنگ و تا ئەندازەیەكی زۆر چارەنوسسازیشە.

بێ شك بەردوامی و گەشەكردنی ئەو پشتیوانییەش، بەندە بە قەبارەی ئەو پشتگیری و هاودەنگیەی لە ناوخۆدا بۆ ئەو روانگە میانەڕەو و مەقبول و كۆكەرەوە و ئایندەبینە لە ئارادایە كە لە تێڕوانینی سەرۆك نێچیرڤان بارزانیدا پیادەیەو جێی سەرنج و پشتیوانیی فەرەنسییەكان و ناوچەكە و جیهانیشە.

هەربۆیەش چەندی لەناوخۆدا كۆك و هاوڕا بین و لە دەوری ئەو روانگەیە خڕبینەوە و دۆخی ناوخۆمان بەسەروبەر بكەین، كێشە لاوەكییەكان بەلاوە بخەین، تەحەدییاتی قۆناغەكە بەجددیتر وەربگرین، پەیامی دۆستانەی دۆستانمان بەهەندتر وەربگرین، دەست بەو بەها هاوبەشانەوە بگرین كە لەگەڵیان كۆماندەكاتەوە، ئەوا سەرباری ئاڵنگارییەكان، دەكرێ بە متمانەوە بڵیین روومان لە داهاتوویەكی بێ مەترسییە، بەڵام بێگومان پێچەوانەكەشی راستە.

بابه‌تی تر

ئەو ھۆکارانەی وات لێدەکەن رۆژانە ترێ بخۆیت

خەبات: سولین سلێمان:- ھەموومان دەزانین کە میوەی ترێ جگە لەوەی میوەیەکی خۆشە چەندەھا سوودی …