ساسان دەروێش – بەلژیکا
لەنێو قەیرانێکی چەقبەستووی وڵاتانی دنیا بەهۆکاری کۆڕۆنا و دابڕانی وڵاتان وسنوور داخستن بەڕووی یەکتردا باری ئابووری وکۆمەڵایەتی وکایەکانی تری ژیانی لەنێو هەر وڵاتێکیاندا لاوازکردبوو و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیشیان تاڕادەیەک بەهەڵواسراوی هێشتبووەوە بۆ ئێستای لاوازبوونی کۆڕۆناو گەڕانەوەی ئاسایی ژیان ، لەم نێوەندەشدا سەردانی فەرمی وجوڵەی سیاسی و دیبلۆماسی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان بەیاوەری شاندێکی حکوومەتی کوردستان بۆ ئەورووپا وئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیکرا بەشەکانەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر تەلارەکانی کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی بەرزو باڵای وڵاتان، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرکردەیەکە لە ڕووناکی لەنێو تونێلەتاریکەکاندا بۆ گەڕان بەدوای خۆشییەکانی گەلەکەیدا ئەزموونی دەوڵەمەندی سیاسی و دیبلۆماسی خۆی بەکاردەهێنێت، بەهەگبەیەکی گەورە لە پرسی کورد و پەیوەندییەکانی و گەشەسەندنی کوردستان دەگەڕێتەوە ، بەلژیکاش وەک وڵاتێکی ئەورووپی و سەنتەری بڕیاردان دەرگایەکی پڕ لە دڵنیایی دەبەخشێتە کوردستان لە هاوکاری و پشتگیریەکانیان ، ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە لەمەڕ ئەم سەردانەوگرنگی لەم کات وساتەی نێو پڕ لە ڕووداوەکان بۆ خەبات بۆمان دوان :


ئێمەی کورد سەرکردەیەکی لێهاتوومان هەیە بۆ دۆزی کورد
سارا شەوکەت ئیسماعیل ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا لەوبارەیەوە بۆ خەبات گوتی : لەم کات و ساتە پڕلەڕووداوەی ناوچەکەمان و بارودۆخی خراپی عێراق وهەنگاونان بۆ هەڵبژاردن و قەیرانی دارایی وکۆڕۆنا ، شکاندنی سەهۆڵە سەختەکانە لەکاری جوڵەی سیاسی ودیبلۆماسی ڕێزدار مەسرور بازانی و بەکاربردنی ئەزموونی چەندین ساڵەی دەرگایەکی تری لەڕووی هەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێک گۆڕانکاری کردەوە بەم سەردانەی بۆ ئەورووپاو ئەوپیشوازیەگەرمەی کە لێیکرا بەئالای پیرۆزی کوردستان ، ئێمەی کورد سەرکردەیەکی لێهاتوومان هەیە بۆ دۆزی کورد، وەکو ئاشکرایە 21 بەشداریکارانی پەرلەمانی ئەورووپا و ئۆفیسەکانیان لە دەوڵەتی بەلژیکا شوێنگرن ، کاتێک کە ڕاوێژکارانی ئەم پەرلەمانە بەرپرسە لە ڕێکخستنی کاروباری سیاسی وڵاتەکانی ئەورووپاو هەروەها گەشە پێدانی ئاسایشی سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەی ئەورووپا، کارێکی تری گرنگی ئەم پەرلەمانەش باری ئابووری ئەورووپا لەگەڵ دەوڵەتانی تر ڕێکدەخات ، چوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و شاندی یاوەری وەکو کەسێکی لێهاتووی زمانزانی زیرەک و تێگەیشتوو بۆ بەرامبەرەکانی کەسایەتییەکی بەهێزە و زۆر گرنگە بۆ ئێستای باری سیاسی و بەرژەوەندی گەلی کورد ، ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە وەک جولەیەکی سیاسی و فەرمی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی و دنیا بۆ هەستی کوردبوونمان و پێناسینی نەتەوەی کورد بەئەورووپا بگرە گشت جیهان کە کورد نەتەوەیەکی زیرەک و زمانزان و لێهاتوون و بگرە لێهاتوە بۆ ناسینی خۆی لەسەر ئاستێکی گەش و بەرز کە توانای دروستکردنی پردێکی هەیە لە نێوان باشووری کوردستان و دەوڵەتە ئەورووپییەکاندا تەنها بەدانانی ئاڵای کوردستان لە خۆڕانییە بەڵکو ئەوان دەزانن کاری بەرژەوەندی وسیاسی خۆمان بەڕێوەئەبەین ، تا کورد زیاتر بەدەوڵەتان بناسرێن پەیوەندی سیاسی وبەرژەوەندیمان بەهێزتر ئەبێت و ڕێگەیەکە کە باشووری کوردستان بەهۆی ئەو پردەوە لەمەودوا بارە ئابوورییەکانی بەرەو ئەورووپا بڕوات و زیاتر هەتا بەرژەوەندی خۆراک و دەرمان و‌هتد ، ئاڵۆگۆڕبکرێت کە ئەمەش لەسەرێکی ترەوە هۆکارێکی پتەوکردنی پشتگیری کردنی کارە سیاسیەکانی نەتەوەی کورد بەوشێوەیە ئەیسەلمێنێ کە مرۆڤێکی ئاشتی خوازوزیرەک ولێهاتووە ، ئامادەیە بۆ پێشکەوتن وگەشەپێدانی وڵاتەکەی لە هەموو بارەکانی ژیانەوە هەمیشە ئامادەیە کە بازبداتە ناودەوڵەتانی ئەورووپاوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە بەلژیکایە کەم دەرگایە بۆ چوونە ناو ئەوبازنە گرنگەوە ،بۆیە زۆر پێشوازی لەچوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی ئەکەم هەنگاوێکی گەورەیەو هیوادارم ئەو پردەی کە دروستی کردوە پردێک بێت درێژخایان بێت و بمێنێتەوە بتوانرێت بۆ نمونە لەبواری زانیاری وخوێندن و گەشەکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتیش سوودمەند بین ، ئێمەی کورد ئەمڕۆ پێویستییەکی زۆرمان بەگەشەپێدانی هەموو لایەنەکانی تری ژیان هەیە ، لەوانەیە ئەمەش یەکەم هەنگاوی گرنگ بێت بۆ ئەم کاتەی ئێستای جیهان ، بەڵکو بتوانرێت بەشێوەێکی تر سوود لە کاتی دوای ماوەی کۆڕۆنا بکرێت وکاتێکی باش بێت بۆ دروستکردنی بگرە چەندەها پردی تریش لەگەل ئەورووپا .


ئەورووپا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان
مەسعود ناسری ئەندامی کادری رێبەری حزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژی لە هەرێمی ڕالینگن لەم بارەیەوە بۆ خەبات بۆمان دوا : وەک دەزانین بەلژیکا وڵاتێکی گرینگی ئەورووپایە، پایتەختی یەکێتی ئەورووپا و ئەندامی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وهەمیش ئەندامی ناتۆیە ، بارەگای سەرەکی ناتۆ لە بەلژیکایە و پەیوەندی دۆستانەی هەرێم وئەم وڵاتە گرینگە ، هەر بەم بونەوە گرنگییەکی یەکجار تایبەتی لە ئەورووپا هەیە. ئەگەر چاو لە چۆنیەتی پێشوازیكردن و ئاستی ئه‌و دیدارانه‌ی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ، سه‌رۆكی هه‌رێمی فلانده‌رز، كه‌ هه‌رێمێكی زۆر به‌هێزی ئه‌وروپایە، هه‌روه‌ها دیداری له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌ هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری به‌رگری ئه‌ورووپاشه‌ بکەین ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەورووپا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و ئاماژیەکیشە بۆ هەبوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی دیپلۆماسی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ورووپا. بویە من سەردانەکەی کاک مەسرور بارزانی و ئەو پێشوازیە گەرمە لەو ئاستەدا لە لایەن پایتەختی یەکیەتی ئەورووپاوە لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پۆزێتیف و گرینگ دەزانم. لەم دیدارانەدا ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلژیکا، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و بە هەرێمێکی زیندوو و کاریگەر ناوی برد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی. هاوکات گوتیشی دەتوانین لە بواری کشتوکاڵی هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین و ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی کرد و ڕایشیگەیاند کە لەمبارەیەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی. هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلژیکاش خاتوو سوفی ویلمز سوپاسی هەماهەنگیی و کارئاسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ نێردەکانی بەلژیکا بۆ عێراق و سوریا کرد و هاوسۆزی و پشتیوانیی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان و تیرۆر بەگشتی دەربڕی . به‌لژیكا وڵاتێكه‌ خاوه‌ن سیسته‌مێکی سەرکەوتووی فیدراڵ و له‌ سێ هه‌رێم پێكهاتووه‌ و هه‌رێمه‌كان ده‌سه‌ڵاتێكی زۆریان هه‌یه‌. یەکێک لەو هەرێمانە هەرێمی فلاندرزە کە هەرێمی بەهێز و پێشکەوتووە لە ئاستی ئەورووپادا و لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا ئەم هەرێمە لە چەندین پرۆژەی سەرەکیدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری جیادا بەشدارە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز لە پێشوازی کردن لە سەرۆک وەزیرانی کوردستان رایگەیاند ” لە فلاندەرز، هاوسۆزییەکی گەورە بۆ دۆزی کورد و هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە لە هەوڵ و تێکۆشانی کورد بۆ سەربەخۆیی، چیرۆکی هاوشێوە هەن، لێرەش لە فلادندەرز ئێمەش جۆرێک لە سەربەخۆییمان بەدەستهێناوە، بەڵام دەمانەوێت پێشکەوتنی زیاتر لەم بوارەوە بەدەستبهێنین”. من پێم وایە ئەم سەردانە دەتوانێت لەباری هاوکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووریەوە بەتایبەتی کەرتەکانی کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی، کە لەم سەرداندا باسیان لێوە کراوە دەسکەوتی گرینگی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.
لە کوتایشدا پێم باش بوو وەک کوردێک کە ماوەی یازدە ساڵە چالاکانە بەشداری پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی نۆروێژم و ئەندامی کادری رێبەری حزبی سوسیالیستی چەپی ئەم ولاتە لە هەرێمی ڕالینگن و هاوکات ماوەێ ٢ ساڵیشە هاوکاری بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیەکانی ئەم حزبەم ئەم پێشنیارەم ئاراستەی حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەم کە پێوەندیشیان لە گەڵ وڵاتانی ئێسکاندیناوی و بەتایبەتی نۆروێژ بەهێز بکەن و ئێمەش وەکوو حزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ(SV) کە دۆستی کوردە و حزبێکی گرینگی ئەم وڵاتەیە بۆ ئەم پێوەندیە هەنگاوی جیدی و بەکردەوە دەهاویین. هەر لەم بوارەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بکەم لە دوایین کونگرەی حزبەکەماندا کە ٢ مانگ بەرلە ئێستادا بەڕێوە چوو بە هەوڵ تێکۆشانی ئێمە ئەندامانی کوردی ئەم حزبە لە بەرنامە و پێرەوەی ئەم حزبەدا بە فەرمی پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای کورد و مافی چارەی خۆنووسین لە هەر چوار پارچەی کوردستان پەسندکرا و حزبی ئێمە بەفەرمی پشتیوانی دۆزی ڕەوای کورد دەبێت.

بابه‌تی تر

پارتی:بە دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گۆڕدران

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوە…