سەلام عەبدوڵڵا

بەشی دووەم
لە نەوەدەکاندا – دوای داگیرکردنی کوەیت – وەدەرنانی لەلایەن ئەمریکاوە هەموو خەڵکی عێراق چاوەڕوانی ئەوەبوو کە شەڕەکە دوای رزگارکردنی کوەیت بەردەوام بێت تا رژێمی دیکتاتۆری سەدام سەرەونگون دەکرێ، بەڵام وادەرنەچوو، ئەمریکا هێرشەکەی راگرت کە ئەوەش بووە شکستی راپەڕینی خەڵکی عێراق و دامرکاندنەوەی بە زەبری هێز لەلایەن رژێمی بەغداوە. پاساوی ئەوکاتەی ئەمریکا ئەوەبوو کە بەپێی درووشمەکانی راپەڕینەکەدا بەتایبەتی لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەرز دەکرایەوە، بوونی خوازیاریی خەڵکی بۆ رژێمێکی تایفەگەری و ئایینی نموونەی ئێران بە ئاشکرا رادەگەیاند، بۆیە ئەمریکا هێرشەکانی راگرت و رژێمی نەڕووخاند و سەدام بۆ ماوەی (12) ساڵی تر لە دەسەڵاتدا مایەوە.
ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا ئەوکاتە لۆژیکی تێدابوو لەگەڵ ئەنجامی کارەساتباری راپەڕینیشدا، بەڵام بۆ زۆرینەی خەڵکی عێراق کە خوازیاری سیستەمێکی دیموکراتی و مەدەنی بوون هەزم دەکرا.
کەچی کە ئەمریکا لە ساڵی 2003 بڕیاری هێرشکردنەسەر عێراقی دا و تا لەناوبردنی سەدام بەردەوام بوو، هەموو چاوەڕێی ئەوەبووین کە ئەمریکا یارمەتیدەر و کاریگەری لەسەر جۆری حوکمڕانی لە عێراق بە ئاراستەی دیموکراتی و مەدەنی هەبێت و بە دەسەڵاتی مەزهەبگەرایی و تایفەگەری رازی نەبێت، کەچی بە پراکتیک رژێمە نوێکە بەرەو تایفەگەری و دەستبەسەرداگرتنی لایەنێک دەچوو کە بە تەواوی دژی بیروبۆچوونی ئەمریکا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بەرامبەر ئەوە دەستەوەستان بوو و بەکردار رێگری لەو هەوڵە نەدەکرد تا کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ئۆبامادا بڕیاری تەواوی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بدات کە هەڵەیەکی ستراتیژی زۆر گەورە بوو دەرهەق خەڵکی ستەمدیدەی عێراق و نەدەبوو بە درۆ و فیشاڵەکانی سیاسییە مەزهەبییەکانی عێراق فریو بخوات و عێراق بۆ تایفەیەکی دیاریکراو بەجێبهێڵێ کە ئێستا بە چاوی خۆیان ئەنجامەکەی دەبینن.
هەرچەندە ئەمریکا لە 2014دا جارێکی دیکە بە ناوی دژایەتی داعش گەڕایەوە و یارمەتییەکی زۆری حکوومەتی عێراقی بۆ تێکشکاندنی داعش دا، بەڵام سیاسەتی گشتیی حزبە مەزهەبییەکانی عێراق هەر بەرەو ئامانجەکانی خۆیان دەڕۆیشتن، ئەویش بنیاتنانی سیستەمێکی تیۆکراتی مەزهەبگەرا کە تەواو دژی خواستی خەڵک و حکوومەتی ئەمریکاش بوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەیان گرووپی چەکداری جیاجیای مەزهەبگەرا بە ناوی سەیروسەمەرەوە دروست بوو، کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا یەخەی ئەمریکا دەگرن و داوای جێهێشتنی بێ قەید و شەرتی عێراق دەکەن و لەوپێناوەشدا بە کردار و بە درۆن و بە راکێت و بە بۆمب و کاری تیرۆریستی رۆژانە بێ سڵەمینەوە، دژی ئەمریکا و دۆستانی هێرش بەرپا دەکەن.
ئایا ئەمریکا دوای ئەو هەموو یارمەتییەی کە پێشکەشی حکوومەتی عێراقی لە شەڕی داعشدا کرد و عێراقی هێنایەوە سەر پێی خۆی، کە یەک لەسەر سێی، داعش داگیری کردبوو، ئاوا سوک و باریک بەجێی دەهێڵێ و عێراق دەداتە دەست نە خەڵکەکەی، بەڵکوو ئەو میلیشیایانەی بەسەری ئەمریکا و دیموکراتی تینوون؟
لەکۆتاییدا دەڵێین:
گەر ئەمریکا ئەو هەڵە ستراتیژییەی 2011 دووبارە بکاتەوە، ئەوا قوڕ دەکات بەسەر سیاسەتی خۆی و پرۆسەی دیموکراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بابه‌تی تر

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ھیندستان هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە پراشانت پ…