ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە کۆشكی بەغدا سەرۆککۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبوونەوە و لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵاتەکە و دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆیان کرد. 

تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بە جۆرێک مافی ھەموو هاووڵاتییانی عێراق بپارێزێت بەبێ جیاوازی، ھەروەھا رێگری بکات لە لێکەوتەکانی دۆخی دارایی لەسەر بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکە کە ھاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی پاراستنی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان کە سەرچاوەی داهاتیان سنووردارە.

بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی سێ سەرۆکایەتییەکە، سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لە پێویستیی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی، بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی هاووڵاتییان لە لێکەوتە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا، وەکو ئەرکێکی دیموکراسی و دەستووری لە وڵات، بەتایبەتی وەکو داواکارییەکی جەماوەری و نیشتمانیی رەوا، “بە ئاراستەی هەنگاونان بەرەوە چاکسازی و گۆڕانکاریی بنەڕەتی، هەروەها وەکو وەڵامدانەوەی راستەقینەی دواکارییەکانی گەل، بۆ ھێنانەکایەی پەیمانێکی سیاسیی نوێ و خزمەتکردنی خەڵک و ھێنانەدیی ئاشتییانەی چاکسازیی ریشەیی، بە بەشداریی بەرفراوانی ھەمووان”.

هاوکات بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بە پێویستیی رەچاوکردنی پاک و بێگەرد و شەفافیی هەڵبژاردنەکان کرد لە تەواوی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی دا، بە ھەماھەنگی و چاودێریکردنی بە شێوەیەکی ورد لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکان و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌ی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2021ی تایبه‌ت به…