چوارشه‌ممه‌ 2021/9/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ياوه‌رى له‌ له‌نده‌ن له‌ ئێواره‌خوانێكدا له‌گه‌ڵ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخ و پێشهاته‌كانى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و عيراق و ناوچه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد و ديد و بۆچوونى خۆى و هه‌رێمى كوردستانى بۆ چۆنيه‌تيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان له‌پێناو پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا خسته‌ ڕوو.

به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه و ئاماده‌يه‌ هه‌موو كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عيراق به‌ ديالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيريى گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانياى بۆ دۆستايه‌تيى كوردستان و حكوومه‌تى به‌ريتانياى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لاى خۆيانه‌وه‌ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى كوردستان، وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵييان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا، به‌رده‌واميى هه‌وڵدان و كاركردن و پشتگيريى خۆيان بۆ هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى دووپات كرده‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ خواست.

دۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى گفتوگۆى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى له‌گه‌ڵ گرووپى په‌رله‌مانتارانى به‌ريتانيا بۆ دۆستايه‌تيى كوردستان بوو.

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…