خه‌بات: عه‌لى بانیشارى

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خـورماڵ ده‌ڵێ: به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ دروستكردنى دوكانه‌كانى ناوچـه‌ى پیشه‌سازى له‌ شارۆچكه‌ى خورماڵ دواكـه‌وتووه‌. سمكۆ سالار له‌ گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ(خه‌بات) ده‌ڵێت: خورماڵ له‌ زۆربه‌ى شارو شارۆچكـه‌كان كاره‌باى باشـتره‌ و له‌ شه‌و و رۆژێكـدا 18 كاتژمێر كاره‌باى نیشتیمانى به‌ هـاوڵاتیان ده‌درێت.

سـه‌باره‌ت مه‌رزى مڵه‌خورد كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سنورى شـارۆچكه‌ى خورماڵه‌وه‌ و چـه‌ند جارێك داواكراوه‌ بكرێته‌ فـه‌رمى، نـاوبراو گوتى: هه‌وڵێكى زۆرمانداوه‌ مه‌رزه‌كه‌ بكرێته‌ فه‌رمى، به‌ڵام هـه‌وڵه‌كان تـائێستا ئه‌نجامیان نه‌بـووه‌. مه‌رزى “مڵه‌خورد” یه‌كێكه‌ له‌و مه‌رزه‌ گرنگه‌كانى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى خورماڵ، به‌وته‌ى سمكۆ سالار بژێوى نزیكه‌ى سێ هه‌زار خێزان له‌ مه‌رزه‌كه‌یه‌. تائێستا چه‌ند جارێك مڵه‌خورد داخراوه‌ و پاشان به‌هه‌وڵى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى و چه‌ند لایه‌نێكى دیكه‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵ ده‌ڵێ” هه‌وڵێكى زۆرمانداوه‌ مه‌رزى مڵه‌خورد بكرێته‌ فه‌رمى، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانمان تائێستا بێ سوودبوون، له‌به‌رئه‌وه‌ى مه‌رزه‌كه‌ لاوه‌كییه‌ ناكرێته‌ فه‌رمى”.

سمكۆ سالار نایشارێته‌وه‌ كۆمارى ئیسلامى ئێران رێگرى ده‌كات له‌وه‌ى مڵه‌خورد بكرێته‌ فه‌رمى. خورماڵ له‌ ساڵى 1925 بووه‌ته‌ ناحییه‌، به‌ڵام تائێستا شارۆچكه‌ بێ تاپۆیه‌. سمكۆ سالار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تاپۆكردنى خانووه‌كانى خورماڵ قۆناغى باشى بڕیووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ دوا قۆناغ. ئه‌و ده‌شڵێت” چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا هاوڵاتیانى ناحیه‌كه‌ وێنه‌ى تۆمارى خانووه‌ و زه‌وییه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌”. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ بڕیارى دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى پیشه‌سازى له‌ شارۆچكه‌ى خورماڵ دراوه‌، به‌ڵام تائێستا بڕیاره‌كه‌ نه‌چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵ گوتى” هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ دروستكردنى ناوچه‌ى پیشه‌سازى كراوه‌ و زه‌ویش به‌ پیشه‌وه‌ران دراوه‌”. هه‌روه‌ها گوتیشى” رێگاوبان و راكێشانى ئاو بۆ ناوچه‌ى پیشه‌سازى ته‌واو بووه‌، به‌ڵام پیشه‌وه‌ران له‌ئێستادا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ناتوانن دوكانه‌كانیان دروست بكه‌ن”.

سمكۆ سالار باس له‌وه‌شده‌كات به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ هیچ پڕۆژه‌ك له‌ سنورى شارۆچكه‌ى خورماڵدا ئه‌نجامنه‌دراوه‌. ئاشكراشیكرد نه‌بوونى پاره‌ وایكردووه‌ نزیكه‌ى 20 پڕۆژه‌ى جۆراو جۆریان له‌ كاركردن بوه‌ستێت. ناوبراو ده‌شڵێت” ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كار و ته‌واو بكرێن سوودێكى زۆر به‌ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن، چونكه‌ سه‌رجه‌مى پڕۆژه‌كان گرنگ و ستراتیژین”.

هاوڵاتیانى خورماڵ گله‌ییان له‌ ئاست كه‌مى كاره‌بایى نیشتیمانى هه‌یه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند جارێك له‌ رێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵ ده‌ڵێت” له‌ئێستادا خورماڵ له‌ زۆربه‌ى شاروشارۆچكه‌كان كاره‌باى باشتره‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شه‌و و رۆژێكدا به‌ په‌یڕه‌وى جۆزه‌ نزیكه‌ى 18 كاتژمێر كاره‌باى نیشتیمانى به‌ هاوڵاتیان ده‌درێت”.

* شارۆچكه‌ى خورماڵ له‌رووى كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

* 1925 بووه‌ته‌ ناحیه‌

* له‌ 7 گه‌ڕه‌كى سه‌ره‌كى پێكدێت

* 19 هه‌زار كه‌س له‌ سنورى ناحیه‌كه‌دا نیشته‌جێن

* سنورى شارۆچكه‌كه‌ 47 گوند له‌خۆ ده‌گرێت

* مه‌رزێكى لاوه‌كى و 3 هاوینه‌هه‌وار له‌ سنورى ناحیه‌كه‌دا هه‌ن

* ساڵانه‌ى نزیكه‌ى 25 هه‌زار گه‌شتیار روو له‌ هاینه‌ هه‌واره‌كانى خورماڵ ده‌كه‌ن

بابه‌تی تر

دواجار ماگنۆس بڕیارەكەی خۆیدا وازبهینێت

خەبات: هاوكار كەڵهوری:- ماگنۆس كارلسن پاڵەوانەكەی شەترەجی جیهانی هەمووانی تووشی سۆك كرد كا…