خەبات: رۆشنا عەلی:- ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی ئامادەكاری سیستەمێكە بەناوی سیستەمی پەروەردەی ئەلیكترۆنی و چەندین خول و راهێنانی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە كردۆتەوە بە مەبەستی دروست بەكار هێنانی وچەندین كۆمپانیای گەیاندن هاوكاری وەزارەتی ناوبراویان كردووە بۆ كارپێكردنی، لێرەوە دەپرسین ئایا ئەم سیستەمە چی بۆ وەزراەتی پەروەردە دەكات ؟ ئایا وەزارەتی پەروەردە لەم سیستەمە دەیەوێت بگات بەچی ؟ ئایا دەكرێت ئەم سیستەمە رۆتینی ژووراو ژوور پێكردنی نوسراوە دەستییەكان كۆتا پێبهێنێت یان كەمی بكاتەوە ؟ ئایا وەزارەت تا ئێستا چ سوودێكی لەم سیستەمە بینیوە؟ ئەمەو چەندین پرسیاری ترمان ئاراستەی زوهێر محەمەد عەبدوڵا یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پلاندانانی پەروەردەیی سەرپەرشتیاری قوتابخانەی ئەلیكترۆنی كرد.

* سەرەتا پرسیمان ئایا سیستەمی E پەروەردە تەنها كۆكردنەوەی داتاو زانیارییە یان ئەگاتە قۆناغێك كە مامۆستایەك بۆنموونە لە ماڵی خۆیەوە گواستنەوەی بۆ بكرێت بێ‌ ئەوەی سەردانی بەرێوەبەرایەتیەك بكات؟

– ئەو سیستەمە لە ئێستادا تەنها كۆكردنەوەی زانیارییە ، لەبەر ئەوەی وەزارەتی پەروەردە خاوەنی زیاتر لە ملیۆنێك وهەشت سەد هەزار قوتابییە 186 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و وانە بێژ و گرێبەست زیاتر لە 6500 قوتابخانە ، كۆكردنەوەی ئەو هەموو زنیاریانەش پێویستی بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییە بۆ ئەوەی بتوانین بە باشی ئەو زانیاریانە شیبكەینەوەو بتوانین بریاری راست و دروست بدەین بۆ نموونە بتەوێ‌ بزانی چەند قوتابی نەخوشت هەیە ئەگەر داتایەكی وات لەبەر دەست نەبێت زۆر زەحمەتە بتوانیت دەستبكەوێ‌ بۆیە ئەم داتایەنە كۆدەكەینەوە دواتر كار لەسەر ئەوە دەكرێت نوسراوی دەستی بە تەواوی كەمبكرێتەوە لە قۆناغێكی دواتردا.

* ئەكرێت بڵێن رۆتین ناهێڵێت لەبەرێوەبەرایەتییەكان یان كەمی دەكاتەوە چەند كاتی دەوێت بۆ ئەوەی بگات بەو قۆناغە؟
– ئامانجێكی دوورە نزیك نییە ، بۆ ئەوەی چەند كاتی دەوێت ئەوە پرسیارێكی قورسە ، چونكە تۆ بەتەنها نیت لەم پرۆسەیە تۆ قوتابخانەو دام و دەزگاكانی پەروەردەت لەگەڵە جگە لەوانەش بەكار هێنەر لەگەڵە ، ئەو بەكارهێنەرانە دەبێت بگەنە ئاستێكی وا بتوانن ئەوكارە بكەن ، بەڵام هەنگاوی بۆ نراوە كە بتوانین ئەم ئامانجە بەدەست بێنین و یەكێكیش لە ئامانجەكان ئەوەیە هەر سیستەمێكیش لە دنیا سەرەتا بناغەی زانیارییە كە بناغەی زانیاری دانرا ئیتر ئەو لایەنە دەتوانێت پەرە بەو بناغەیە بدات.

* داغڵكردنی ئەو هەموو زانیارییە تەنها یەك كەسە كەرەنگە دوو ساڵ لەو قوتابخانەیە بێت و دواتر بگوازرێتەوە رەنگە گرێبەست بێت و سەرجەم زانیاری ئەو قوتابخانەیەو مامۆستایانی لەلایە ، ئەمانە كێشە دروستناكات بۆ ئەو قوتابخانەیە؟
– نەخێر لەبەر ئەوەی كەسیستەمی پەروەردە دەستی پێكردووە هەموو ئەو كەسانەی كار لەسەر ئەو سیستەمە دەكەن رۆژی دوو سەعات بۆ ماوەی هەشت رۆژ خولیان بینیوە بە نوسراوی فەرمی كراوە هەركەس ئیش لەسەر سیستەمی ئی پەروەردە دەكات ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی تر دەبێت كەسێكی تر لە شوێنی خۆی دانێت جگە لەوە سیستەمی ئی پەروەردە لە رووی بەكار هێنانەوە زۆر ئاسانە هەر كەس ئەگەر هەندێك زانیاری لە كۆمبیوتەر هەبێت دەتوانێت هەموو زانیارییەكان داغڵ بكات.

* یەكێك لە كێشەكانی تر ئەوەیە یەك كەس هەموو داتاكان داغڵ دەكات كاتێك ئەچێتە سیستەمەكە وەك ئەوەیە ئەم كەسە فەرمانبەری هەموو بەشەكانی پەروەردەكە بێت وە زۆر جار زانیارییەكانی لەبەردەست نییە؟
– ئێستا لەم قۆناغەدا ئەو زانیاریانە داوانەكراوە داغڵبكرێت كە لەبەر دەستی بەكار هێنەرنییە ئەوەی كە داواكراوە داتا سەرە كییەكانە ئەوانەی تر داوانەكراوە ، چونكە ئەگەر بمانەوێت بۆ نموونە رێزو سوپاسی فەرمانبەرێك داغل بكەین كە پەیوەندیدارە بە دۆسیەی كەسی ئەویش زانیاری وردە و ئەو هەموو قوتابخانەیەش زۆر زەحمەتە بچنە بەشی دۆسییەكان و دۆسییە وەربگرن و ئەو فەرمانبەرانەی ئەوێش ناتوانن وەڵامی ئەو هەموو كەسە بدەنەوە.

* ئێوە باس لەوە دەكەن كە رۆتین كەمدەكاتەوە ، بەڵام دەڵێن رۆتینی زیاد كردووە بۆ نموونە دوای وەستانی گواستنەوەی قوتابی لە سیستەم خەڵك ئەبێت سەردانی پەروەردە بكات لە كاتێكدا پێش ئەم سیستەمە لە نێوان دوو قوتابخانە ئەنجامدەدرا بێ‌ پەروەردە؟
– ئەوە پەیوەندی بە قوتابخانەكانەوە هەیە وەك ساڵان گواستنەوەی قوتابیان دیاریكراوە هەموو ساڵێك ڕێكەوتێكی دیاریكراو هەیە بۆ گواستنەوەی قوتابی ئەمە تایبەتە بەبەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان و داواكاری ئەوانە هەتا بۆ مامۆستایان ئایا مامۆستا مانگی چوار ئەگوازرێتەوە كە كۆتایی ساڵی خوێندنە ناكرێت بگەیتە قۆناغی تاقیكردنەوەو قوتابی بگوازرێتەوە.

* راستە بەڵام بۆ لەپەروەردەكانەوە ئەگوازرێتەوە كە ئەڵێن گواستنەوە نەماوە لە سیستەم بۆ دواتر دەكرێت؟

– ئەوە رەنگە چەند حاڵەتێك بێت خۆئەگەر رێژەیەكی ئەوەندە زۆریش بێت مانای وانییە رۆتینی زیاد كردووە ئێستا كە ئەم دۆخەیە كۆرۆنایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان هەندێك ئاسانكاری كردووە ئێمە ئەزانین قوتابخانەكان داخراون، بەڵام كە دایك یان باوكێك داوا دەكەن دەیگوازنەوەو بۆیان چارەسەر ئەكەن لەبەر ئەوەشی سیستەم داخراوە ناچارە بچێتە پەروەردەكان ئەگەر دانەخرابێت پێویست بە پەروەردە ناكات بە پێچەوانەوە بۆ گواستنەوەی قوتابی رۆتینی زۆر كەم كردۆتەوە زانیاری ئەو قوتابیە ئەگوازێتەوە بۆ قوتابخانەیەكی تر بە ئەلیكترۆنی.

* پێتان وایە داتاكان بە بێ‌ هەڵە داغڵكرابێت خۆ ئەگەر هەڵەیەكی زۆر هەبێت رۆڵی ئەم سیستەمە كەم ئەبێتەوە ؟
– هیچ پرۆسەیەكی داغڵكردنی زانیاری نییە %100 راست بێت لە هەموو جیهان مرۆڤ قابیلی هەڵەیە.

* ئەگەر هەڵە بێت كێشەكانی چین بۆنموونە هەڵە لە دەستبەكار بوونی مامۆستایەك هەبێت؟
– خۆی هەڵە لەو زانیاریانە ناكرێت ،چونكە مامۆستا دوو دۆسییەی هەیە دۆسییەی سەرەكی و قوتابخانە كە تەنها زانیارییە سەرەتاییەكانی تێدایە ئەگەر هەڵەش بێت بۆ نموونە بنوسرێت مامۆستایەك رۆژی دەست بەكار بوونی 1-10-2020 سیستەم قبوڵی ناكات.

* وەزارەتی پەروەردە لەم سیستەمە ئەیەوێت بگات بەچی؟
– سەرەتا وەزارەتی پەروەردە بەم زانیاریانەی لێرەوە داغڵدەكرێن پلانی خۆی دائەڕێژێت دنیای ئەمرۆ ئەوە نەما تۆ لەشوێنی خۆتەوە بریار بدەی و پلان دانێی هیچ زانیارییەك لەبەردەست نەبێت هەموو قوتابخانەو بەڕێوەبەرایەتییەكان دەبێت لە ناو سیستەم بن بۆ ئەوەی یەكەم پلانێكی راست دابنێن و دووەم ئەوەندە قوتابخانەكان سەرقاڵ نەبن بە وەڵامدانەوەی پەروەردەكان بۆنموونە ساڵانە دەیان جۆرە فۆرم بۆ قوتابخانەكان دەنێردران بۆ ئەوەی زانیاری بگاتە دەست پەروەردەكان ئێستا پێویست ناكات قوتابخانەیەك هەیە لە زاخۆ لە هەر شارێك ئەزانی چەند قوتابی و چەند كورو چەند كچی تێدایە و دەیان زانیاری دیكەش بۆیە ئامانجێكی تری خێرایی ئاڵ و گۆڕكردنی زانیارییە.

* داغڵكردنی داتای وانە بێژانیش مەبەستەكەی هەر كۆكردنەوەی زانیارییە یان هۆكارێكی تر؟
– پرسیارەكە تێدەگەم كە ئایا لە ئایندە دائەمەزرێن یان نا ئەوە پەیوەندیدار نییە بەمن ، بەڵام ئێمە وەك سەر پەرشتیاری سیستەمی ئی پەروەردە هەركەسێك لە ناو دام و دەزگاكانی پەروەردە دەوام بكات ئێمە داغڵی دەكەین.

* كێشەی نەبوونی ئەنتەرنێت و كارەبا یەكێكە لەو كێشانەی رووبە رووی بەكار هێنەرانی ئەم سیستەمە ئەبێتەوە ئێوە لە سەرەتای دانانی بیرتان لەم كێشەیە كردۆتەوە پەروەردەكان ئەم كێشەیە ئاراستەی ئێوە ناكەن یان چارەسەر چییە؟
– ئەو ئامێرانەی دراوە بە قوتابخانەكان وەك فاستلینك و نەورۆز بە خۆرایی كاری پێدەكرێت هەركات داوای ئەو سیستەمە بكەی لە هەر ئامێرێكی فاست لینك یان نەورۆز بەبێ‌ بڵانس دەتوانی بچیتە ناو ئەو سیستەمە ، بەڵام هەندێك قوتابخانە هەیە وەریان نەگرتووە ئامێرەكە.

* هیچ قوتابخانەیك هەیە لە كوردستان و لە شوێنە دوورەكان لە ناو ئەم سیستەمە نەبێت؟
– بەڵی هەندێك قوتابخانە هەیە كە سنوریان دوورە لە دەرەوەی قەزاو ناحیەكان سیگناڵی سیستەمەكە نەگەشتۆتە ئەوان ژمارەیان نزیكەی 100 قوتابخانەیە چارەسەرمانكردووە لە رێگای سیدییەكی ئۆفلاینمان بۆ ناردوون لەو رێگایەوە داغڵی سیستەم كراون.

* چ كاریكی بەرچاوی وەزارەت هەیە كە ئەم سیستەمە ئاسانكاری بۆ كردبێت؟

– كاری رۆژانەی ئێستای وەزارەت لەسەر ئەم سیستەمە بەرێوە دەچێت قەناعەتێكی زۆر باش دروستبووە كە ئەم سیستەمە زۆر سەركەوتووە بۆ ئاڵ و گۆر كردنی زانیاریەكان ، پەروەردەی رەواندز ئێستا دەستی پێكردووە هەموو ئەو نوسراوانەی قوتابخانە بۆ پەروەردە بەرزی ئەكاتەوە لە رێی سیستەمی ئی پەروەردە دەینێرێت هەنگاوی دووەم بۆ هەموو پەروەردەكانی تر ئیتر پێویست ناكات بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر رێگایەكی دوور بۆ پەروەردە ببرێت وێنەیەكی نوسراوەكە دەگرێت و سكانی دەكات و دەینێرێتە پەروەردە ئێستاش لە رێی سیستەمەكەوە دیوانی وەزارەت و پەروەردەی گشتی و پەروەردەی قەزاكان هەموو نوسراوێكی هاتوو دەرچوو لە م رێگایەوە ئاڵ و گۆر ئەكەن واتە هەر نوسراوێك بۆ سلێمانی یان دهۆك هەولێر بێت دوای هاتوو رۆشتوو لە رێگای سیستەمەوە دەنێردرێت.

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…