سبه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه. پرسی داڕشتنی بودجه‌ی (2021)ی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه. “رێباز حه‌ملان”، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، هه‌نگاوی چاكسازی “زۆر گه‌وره” ده‌نرێن و هیچ شتێك حكومه‌ت له چاكسازییه‌كان سارد ناكاته‌وه.
رێباز حه‌ملان بۆ (کوردستان ٢٤) زۆر له ورده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به دارایی و چاكسازی له كه‌رته گشتییه‌كانی حكومه‌تی خسته‌ڕوو.
دوای حه‌وت ساڵ كابینه‌ی نۆیه‌م بودجه داده‌ڕێژێت
له سه‌ره‌تای (2014)ه‌وه، كاتێك حكومه‌تی “نوری كامل مالكی” سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی عێراق، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، ئیدیی هه‌رێمی كوردستان هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی بودجه‌ی نه‌بووه. ئه‌مه یه‌كه‌مجاره له دوای حه‌وت ساڵ كابینه‌ی نۆیه‌م، پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به بودجه ئاماده ده‌كات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ تاوتوێ بكرێت و په‌سند بكرێت.
“رێباز حه‌ملان”، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: “كابینه‌ی نۆیه‌م، خه‌رجی و داهات و كۆی ئه‌و كێشهكهڵهكهبووانهی به‌رۆكی هه‌رێمیان گرتووه و ناوه‌ڕۆكی چاكسازییه‌كانی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا داده‌ڕێژێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كات”.
گوتیشی: “سه‌رجه‌م داهاته‌كانی ناوخۆ به داهاتی نه‌وت و داهاتی نانه‌وتییه‌وه و كۆی قه‌رزه‌كان و كۆی خه‌رجییه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان روون ده‌كرێنه‌وه”.
باسی له‌وه‌شكرد، له بودجه‌كه‌دا خه‌رجییه باڵاكانی وه‌ك كڕینی كاره‌با، خه‌رجی ته‌ندرووستی، خه‌رجی بواره‌كانی كشتوكاڵ و ناوخۆ و سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌ستۆی حكومه‌ت روون ده‌كرێنه‌وه.
گوتیشی: بودجه‌كه شه‌فافانه ده‌خرێته‌ڕوو. بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بزانێت داهات چه‌نده و خه‌رجی چه‌نده و مایه‌ی نه‌وت چه‌نده.
قۆناغێكی نوێ
“رێباز حه‌ملان”، ئاشكرایكرد، كابینه‌ی نۆیه‌م بڕیاری داوه، قۆناغی رابردوو تێپه‌ڕێنێت و پێ بنێته قۆناغێكی نوێوه. كه قۆناغی “واقیعییه”.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: ساڵانی رابردوو به هۆی ئه‌و ره‌وشه‌ی هه‌بوو، بودجه ئاماده نه‌ده‌كرا، چاوه‌ڕێی به‌غدا بووین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت به هه‌مووانی وت، كه پێویسته چیدیكه چاوه‌ڕێی پشكی هه‌رێم له یاسای بودجه‌ی عێراق نه‌كرێت و خۆمان بودجه‌یه‌كی واقیعی ئاماده بكه‌ین، كه بگونجێت له‌گه‌ڵ داهات و خه‌رجی خۆمان و هاووڵاتیانمان بزانن كه‌ی مووچه وه‌رده‌گرن و حكومه‌ته‌كه‌یان چه‌ند داهاتی هه‌یه و خه‌رجییه‌كانی چین.
گوتیشی: شاندی هه‌رێم دوو هه‌فته له به‌غدا بوو، له‌سه‌ر بودجه‌ی (2021)ی عێراق رێككه‌وتووین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، ئێمه چیدیكه چاوه‌ڕێی ئه‌وان ناكه‌ین، ئه‌و بودجه‌یه‌ی داده‌نرێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌بێت، كه هه‌رێمی كوردستان پشت به خۆی ببه‌ستێت. ئه‌و كات ئه‌گه‌ر به‌غدا پشكی هه‌رێمی ره‌وانه كرد، ده‌بێته پشتیوانێكی گه‌وره بۆ هه‌رێم و له ئاوه‌دانكردنه‌وه و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی خۆمان خه‌رجی ده‌كه‌ین.
چه‌ند ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به خاڵێك كرد، كه پێی “گرنگ” بوو خه‌ڵك بیزانێت و گوتی: له (2019) بودجه‌ی عێراق (133) ترلیۆن دینار بوو، به‌ڵام به‌غدا (116) ترلیۆنی له خه‌رجی راسته‌قینه، به‌كارهێنا و به‌وه‌ش پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌و بڕه دانراو كه‌مبوویه‌وه. ئه‌مساڵیش (164) ترلیۆن دینار وه‌ك بودجه دیاركراوه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و بڕه خه‌رج بكرێت، بۆیه له باشترین حاڵه‌تدا ره‌نگه پشكی هه‌رێم بۆ ته‌واوی ئه‌مساڵ بگاته (9) ترلیۆن دینار.
ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم
له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ناكۆكی له باره‌ی ژماره‌ی مووچه‌خۆران هه‌یه. له به‌غدا خانه‌نشینان له لیستی مووچه‌خۆراندا نین و ئه‌وه‌ش ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی مووچه‌خۆران به‌راورد به هه‌رێم كه‌م پیشان ده‌دات.
هه‌رچی له هه‌رێمی كوردستانه، به هۆی نه‌بوونی سندووقی خانه‌نشینییه‌وه فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشین و واریسی شه‌هید و ئه‌نفالكراو و زیندانیانی سیاسی و پله‌تایبه‌ته‌كان سه‌رجه‌میان وه‌ك “مووچه‌خۆر” هه‌ژمار ده‌كرێن.
“رێباز حه‌ملان” رایگه‌یاند، به‌غدا دان به (682) هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نێت و ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ژماره‌یه مامه‌ڵه ده‌كات، له كاتێكدا له هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی مووچه خۆران زۆر له‌و ژماره‌یه زیاتره.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه (1) ملیۆن و (260) هه‌زار مووچه‌خۆرمان هه‌یه. (100) هه‌زاری كه‌سوكاری شه‌هیدانن. (108) هه‌زار خانه‌نشینن و له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا (%60)ی خانه‌نشینی مه‌ده‌نین و (%40)ی سه‌ربازی و ئه‌منین. (159) هه‌زار كه‌س له تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی مووچه‌یان هه‌یه و ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ئاستی خه‌رجییه‌كانیان هه‌ڵكشاندووه.
روونیشیكرده‌وه، بۆ هه‌ر مانگێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به (755) ملیۆن دۆلار هه‌یه بۆ مووچه.
داهاتی هه‌رێم چه‌نده
سه‌باره‌ت به داهاتی هه‌رێمی كوردستان، “رێباز حه‌ملان”، ئاشكرایكرد، ئێستا به هۆی ئاساییبوونه‌وه‌ی هاتوچۆ له ده‌روازه سنوورییه‌كان و ئه‌و جموجۆڵه بازرگانییه‌ی له ئارادایه داهاتی مانگانه‌ی نانه‌وتی له هه‌رێم ده‌گاته (200) ملیۆن دۆلار و داهاتی نه‌وتیش ده‌گاته (220) ملیۆن دۆلار. ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وتیش هه‌ڵكشێت بێگومان ئه‌و داهاته زیاتر ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته بوترێت ئێمه هه‌میشه به (11) دۆلار كه‌متر له نرخی “برێنت” نه‌وتی خۆمان ده‌فرۆشین.
گوتیشی: به كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت، گومرگ، رسوومات، باج و ته‌واوی داهاته‌كانی دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ژماره‌یه، پڕۆژه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان داده‌ڕێژرێت.
هێز ده‌جووڵێنرێت
سه‌باره‌ت به ره‌وشی ده‌روازه سنوورییه‌كان و هه‌وڵه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ بنبڕكردنی دیارده‌ی قاچاغچێتی له‌و سنوورانه، “رێباز حه‌ملان” گوتی: وه‌زیرانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ رایانگه‌یاندووه، هێزی هاوبه‌ش و تایبه‌تیان ئاماده‌كردووه و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت داواكاری گشتیی فه‌رمانی جووڵاندنی ئه‌و هێزه ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ده‌روازه سنوورییه‌كان و كۆتایی به دیارده‌ی قاچاغچێتی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیی و گه‌نده‌ڵی له‌و ده‌روازانه بهێنرێت.
كه‌ی مووچه ده‌درێت
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری دارایی، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، هه‌مووانی راسپارد ژماره‌یه‌كی ورد دیار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بزانێت كه‌ی مووچه‌ی وه‌رده‌گرێت، سی رۆژ جارێكه، چل رۆژ جارێكه یاخود چه‌ند وه‌رده‌گرێت؟ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تی دارایی په‌یوه‌ندیداره و ئه‌و پرسه روون ده‌كاته‌وه.
چاكسازی ناوه‌ستێت
“هه‌نگاوی چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بن. هه‌نگاوی گرنگ به‌ڕێوه‌یه. ئه‌وه‌ی مووچه‌ی زیادی وه‌رگرتووه، لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه. ئه‌وانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ دژایه‌تی ده‌نگیان زوڵاڵه و خۆیان سوودمه‌ندن له مووچه‌ی ناشایسته، لێیان ده‌بڕدرێت”، ئه‌مانه ده‌قی قسه‌كانی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمن بۆ كاروباری دارایی.
ئه‌و زیاتر دواو گوتی: له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران، میلاكاتی فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته‌كان رێكده‌خرێته‌وه. قه‌باره‌ی حكومه‌ت بچووك ده‌كرێته‌وه. گرنگترین چاكسازیش له كه‌رتی نه‌وت ده‌كرێت و سه‌رۆك وه‌زیران خۆی وتی: ده‌بێت گه‌وره‌ترین و گرنگترین چاكسازی له كه‌رتی نه‌وتدا بكرێت و به گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و كێڵگه نه‌وتییه‌كان و شێوازی فرۆشتنی نه‌وتدا ده‌چینه‌وه.
دووپاتیكرده‌وه، هه‌ریه‌ك له پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی و پێكهێنه‌ری حكومه‌ت، زۆرترین كێشه‌كان له ئه‌ندامانی ئه‌م حزبانه‌ن و ده‌بێت ئه‌وان خۆیان پشتیوانی چاكسازییه‌كانی حكومه‌ت بن و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ببن.
گوتیشی: كابینه‌ی نۆیه‌م ناوه‌ستێت و هیچ رێگرییه‌ك ناتوانێت هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت له بواری چاكسازی خاو بكاته‌وه.