وەیسی سەعید وەیسی
١-٣ی هەرساڵێ لای كوردستانییان رۆژێكی خەمناك و ماتەمینییە، چونكە لەرۆژێكی ھاوشێوەیدا(٤٢)ساڵ بەرلەئێستا لە ناسكترین و ئاڵۆزترین قۆناغدا، تەنھا چەند ساڵێك بوو رێکكەوتننامە شومەكەی جەزائیر مۆر كرابوو بارزانیی نەمر كۆچی دوایی كرد، بەمەش كەلێنێكی گەورە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان دروست بوو، چونكە ھیوا و مێژووی نەتەوەیەك ماڵئاوایی كرد، كە لەدەستپێكی رابەرایەتی كردنیدا بنەمای خەباتێكی سەرتاسەری دانا تا هاوشانی گەلانی دونیا گەلی كودستانیش هەست بەبوونی خۆی بكات، بۆیەش گەر گەلانی دونیا شانازی بە سەركردە و رابەرانیان بكەن، ئەوا گەلی كوردستانیش شانازی بە ناو و مێژووی بارزانیی نەمرەوە دەكات، كە بۆگەل ژیا و لەپێناو گەلیش سەری نایەوە كە لەمێژوودا كەمن ئەوجۆرەسەركردانەی بەم شێوەیە ژیاون، ھەمیشەش لەھزری خەلڵكی كوردستان وەك ناسنامەیێك بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ئەمەش وای كردووە ھەموو دەم ناوی پیرۆزی بارزانی بەزیندوویی لە دڵ و ویژدانی كوردستانییاندا بمێنێتەوە، ھەرلەبەرخۆشەویستیش بۆ ناو و رێبازی بارزانی بە ھەزاران رۆڵەی كورد بەم ناوەوە ناونراون. تا ھەتاھەتایەش ناوی بارزانیی نەمر بەدەرەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

بارزانیی نەمر رەمزی داكۆكیكردنە لەمافەرەواكانی خەڵ،كی كوردستان بەجۆرێك كە ھیچكات ئامادە نەبوو ژێردەستەیی قبووڵ بكات و رۆڵەكانی كوردستانی بۆیەك مەبەست و ئامانج رێكخست و ئاراستەی كردن و بنەمای خەباتێكی سەرتاسەری دانا، بۆماوەی نزیكەی سەدەیەكە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان ھاوشانە لەگەڵ ناوی بارزانیی نەمر كە دەسكەوتی گەورە و پر لەشانازی تۆماركرد كە ئەمرۆ لەسایەیدا خەڵكی كوردستان ئازادن، بارزانیی نەمر وەك سیمبولی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان گەورەترین شانازی لەژیانیدا تۆمار كرد كە سەربەرزانە لە پێناو دۆزی رەوای گەلەكەی تێكۆشا و ئامادەش بوو لەم پێناوەدا تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بێت و دوور لە زێدی خۆی ماڵ ئٔاوایش بكات كە هەموو ئەمانەش فاكتەری بەهێزن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە كەڵە پیاوانە ببنە موڵكی هەموو خەڵكی كوردستان بەھەموو پێكھاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، چونكە ھەموو پێكھاتەكان لەژێرچەتری كوردایەتی كۆكردەوە و رۆحی بەرگریكردن و خۆراگری لەناخیاندا زیندوو كردەوە و ماف و ژیان و کەرامەتیانی پاراست، گەر ھەڵوەستەیێكی خێراش بۆ سەردەمی شۆرشی ئەیلوولی مەزن بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە كۆتایی بە بیری ناوچەگەری ھێنا و بنەمای خەباتێكی سەرتاسەری دانا بۆیەك ئامانج و یەك مەبەست، بۆیەش لە پێناو رزگاریی كوردستان خوێنی پێشمەرگەكان بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە تێكەڵاوی یەكتر دەبوون و لەیەك گۆرستانیش بەخاك سپێردران، كە ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت لەسایەی حیكمەتی سەرۆك مەسعود بارزانی ئەم فەلسەفەیە كاریگەری هەرماوە لە هەرێمی كوردستان كە ھەموو پێكھاتەكان ھەست بەبوونی خۆیان دەكەن و لەكایەی یاسایی و سیاسی و ئیداریدا بەشدارن و مافەكانیان پارێزراون. لە ئێستادا لە ھەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە رێباز و فەلسەفە و بەرنامەكانی رێبازی بارزانی ھەیە تا لەسایەیدا كار بكەین كە ھەربەمەش داھاتوویەكی گەش بۆنەوەی ئێستا و داھاتوو مسۆگەر دەكەین.

مایەی شانازیشە پرسی فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی بووەتە سیمایێكی جوان و بەھێزی گەلی كوردستان كە ھەموو ئایین و مەزھەبێك بوونی ھەیە و شوێنكەوتووانیان ئازادن لەبەجێكردنی ئەركە ئایینییەكانیان، ھەرئەمەشە وای كردووە كاتێك پاپا فەرەنسیس پاپای ڤاتیكان سەردانی عێراق بكات، سەردانی شاری هەولێریش دەکات.

كە سەردانەکەی بۆ ھەرێمی كوردستان بە رووداوێکی مێژوویی دادەندرێت و پاڵپشتییە بۆ ھەرێمی كوردستان، هاوکات فرە پێکهاتەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانیش بەهێزتر دەکات”.
لەم یادەدا سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاكی بارزانیی نەمر كە هەمیشە لە دڵی میللەتدا دەژیت و هەموو ساڵێ بە بەرزی یادی دەكرێتەوە.
بەڵێنی درێژەپێدان بەرێبازە پیرۆزەكەی دووپات دەكەینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟

د. سامان سۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە، واتە پاش دوورخستنەوەی ڕژێمی پێشوو لە هەند…