خەبات: هاوار مورتکەیی:- دواجار چیرۆكی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ خانمە پیرەكە كۆتایی هات و گەڕایەوە بۆ ماڵی پێشووی كە یانەی شەیتانە سورەكانە.

دوای مشتومڕێكی زۆر لە رۆیشتن و نەڕۆیشتنی لە یۆڤانتۆس، دواجار كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرگری تێكنا و گەڕایەوە بۆ ئەو ماڵەی كە ئەوی وەك یەكێك لە باشترین یاریزانانی مێژوو پێشكەش بە جیهانی تۆپی پێ كرد.

یانەی مانچستەر یونایتد لە سەر پێگەی فەرمی یانەكە بڵاوی كردەوە كە یانەكەیان بۆندێكی نوێی لەگەڵ رۆناڵدۆ ئەنجام داوە و بۆ ئەم وەرزە كریس لە ئۆڵترافۆرد یاری دەكات.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان بۆندەكەی رۆناڵدۆ بە 28 ملیۆن پاوەند لەگەڵ یۆڤانتۆس واژۆ كراوە و هەفتانەش زیاتر لە 500 هەزار پاوەند وەك موچە لە مانچستەر یونایتد وەردەگرێت و بۆندەكەشی بۆ دووساڵە تا كۆتایی 2023 لە ئۆڵترافۆرد بەردەوام دەبێت.

پێش راگەیاندنی بۆندەكە سۆڵشایەری راهێنەری شەیتانە سورەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: “ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەفسانەیە لە مانچستەر و گەورەترین یاریزانی مێژووە، ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە هەمیشە پێشوازی لێدەكەین”.

ڕۆناڵدۆ لە پەیامێكدا بۆ هاندەرانی یۆڤانتۆس لە ئینستاگرام نووسیویەتی:ئەمڕۆ یانەیەكی سەرنجڕاكێش جێدەھێڵم، كە گەورەترین یانە بوو لە ئیتاڵیا و بێ گومان یەكێكیشە لە مەزنترین یانەكانی ئەورووپا، من دڵ و رۆحم بەخشییە ئەو یانەیە، هەربۆیە بۆ ھەمیشە شاری تۆرینۆم خۆشدەوێت تاكو دوایین ساتەكانم.

تیفۆی بیانكۆنێری ھەمیشە رێزی منیان گرتووە، منیش بە هەمو توانامەوو هەوڵمداوە وەڵامی ئەو رێزگرتنەتان بدەمەوە بە جەنگان لە ھەموو یارییەكان و لە ھەموو وەرزێكدا.

ئەگەر سەیری ڕابردوو بكەین دەبینین شتێكی مەزنمان بەدەستھێناوە، بەڵام ئەوە ھەمو شتێك نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دواجار چیرۆكێكی جوانمان نوسییەوە.

من ھەمیشە یەكێكم لە ئێوەو بەشێكن لە مێژووی من، ئێستا ھەستدەكەم من پارچەیەكم لە ئێوە، ئیتاڵیا، تۆرینۆ، یوڤانتۆس، تیفۆی بیانكۆنێری ، ئێوە بۆ ھەمیشە لە دڵی مندا دەمێننەوە.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی پرتوگالی لە تەمەنی 36 ساڵیدا ئاڵەنگاریەكی نوێ تاقیدەكاتەوە، چاوی دنیا لەسەر رۆناڵدۆ دەبێت كە ئایا دەتوانێت بەهەمان ئاستی پێشووی كە لە ساڵانی 2003-2009 لەگەڵ مانچستەر یونایتد ئەنجامیدا بتوانێت بۆ دوو وەرزی ئایندە ئەنجامی بدات.

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…