خەبات: هاوار مورتكه‌یی:- رۆزی ماری جیا فۆرتنه‌ر Rosemarie J. Pfortner خانمه‌ وێنه‌كێشێكی دیاری ئه‌ڵمانیایه‌، ئه‌و سه‌ره‌تا به‌ وێنه‌كێشانی خانه‌واده‌ی جۆن كێنێدی و چه‌ند به‌رپرسێكی دیاری ئه‌مه‌ریكا و هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ ناوبانگی ده‌كرد، ئێستاش خاوه‌ن چه‌ندین خه‌ڵات و پیشانگای نێوده‌وڵه‌تییه‌، له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات، خاتو رۆزی ماری باس له‌ ژیانی هونه‌ری و خۆشه‌ویستی بۆ وێنه‌كێشان ده‌كات.

چۆن ده‌ستی پێكرد
رۆزی ماری فۆرتنه‌ر كه‌ له‌ساڵی 1956 له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه‌، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێك و دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌كه‌ی گوتی: كاتێك منداڵ بووم و چوومه‌ قوتابخانه‌، زۆر حه‌زم به‌وێنه‌كێشان ده‌كرد، باوكم و مامۆستاكانم دركیان به‌وه‌كرد كه‌ به‌هره‌یه‌كی وێنه‌كێشانم هه‌یه‌، ئه‌وكاتیش زۆر حه‌زم به‌وه‌ده‌كرد وێنه‌ی جل و به‌رگ و هه‌روه‌ها ناوداره‌كان و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وكات بكێشم، سه‌ره‌تاش به‌وێنه‌كێشانی خانه‌واده‌ی جۆن كێنێدی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا ده‌ستم پێكرد و ده‌نگۆیه‌كی زۆری نایه‌وه‌ و ناوبانگیم پێ ده‌ركرد، به‌رده‌وام له‌ دیواری قوتابخانه‌كه‌مان ئه‌و وێنانه‌بان هه‌ڵده‌واسی كه‌ ده‌مكێشا، ئه‌مه‌ زۆر هانیدام كه‌ به‌رده‌وام و كاتی زیاتری خۆم بۆ ته‌رخان بكه‌م.

20 پیشانگا و چه‌ندین خه‌ڵات
دواتر ئه‌و وێنه‌كێشه‌ ئه‌ڵمانیه‌ گوتی: كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م كه‌ رۆڵیان هه‌بوو له‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگا و داهێنان، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر من هه‌بوو كه‌ وینه‌یان بكێشم، به‌تایبه‌تیش رۆبێرت كێنێدی وه‌زیری دادی ئه‌مریكا و برای كێنێدی بوو، هه‌روه‌ها وێنه‌كێشانی ئه‌رمسترۆنگ كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو چووه‌ سه‌رمانگ و ئێستاش شانازی به‌و وێنه‌یه‌ ده‌كه‌م چونكه‌ له‌هه‌موو ئه‌ورووپا ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌نگۆیه‌كی زۆری نایه‌وه‌، هه‌روه‌ها گوتی: خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانیم كه‌ له‌بۆنه‌ جیاجیاكاندا رێزم لێگیراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تا ئێستا 20 پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیم كردۆته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا بوون، به‌وپێیه‌ی هونه‌ری وێنه‌كێشان لای فه‌ڕه‌نسییه‌كان زۆر جێی بایه‌خ بووه‌.

وێنه‌و مێشك
له‌كۆتاییدا خاتوو رۆزی ماری وینه‌كێشی دیاری ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری وینه‌كێشان و خه‌ونه‌كانی گوتی: تاراده‌یه‌ك خه‌ونه‌كانم هاتوونه‌ته‌دی، به‌ڵام خه‌ونی گه‌وره‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قاوه‌خانه‌یه‌ك بكه‌مه‌وه‌ و خه‌ڵكی رۆشنبیر له‌و قاوه‌خانه‌یه‌دا گه‌نگه‌شه‌ی پرسه‌ هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ن و له‌نێو هؤله‌كه‌شدا ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانم هه‌ڵبواسم، هه‌روه‌ها گوتی: هونه‌ری وێنه‌كێشان لای من زۆر به‌نرخه‌و ژیانم به‌بێ ئه‌و هونه‌ره‌ به‌ژیانێكی پڕ له‌كه‌موكوڕی ده‌زانم، هونه‌ر هه‌موو شتێك نییه‌، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌بێ هونه‌ر هیچ نییه‌ ، وێنه‌كێشان كۆنتڕۆڵی مێشكی مرۆڤ ده‌كات، هه‌روه‌ك هنری ماتیس ده‌ڵێت: وه‌رن با وێنه‌بكێشین تا گه‌شه‌ به‌مێشكمان بده‌ین.

بابه‌تی تر

یانەی هەولێر گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی تۆپی پێی عێراق

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو‌، لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق بۆ تۆپی …