له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی پرسی كۆچبه‌رانی كورد، كه‌ ئێستا له‌ سنووری نێوان وڵاتانی بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا گیریان خواردووه‌ و رێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێ نادرێت، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمدا هاتووه‌: بەشێك لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێك قاچاغچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانه‌ی جۆراوجۆر بگرن و تۆمه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان ببه‌خشنه‌وه‌، تاوه‌كو وه‌رگرتنیان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هێزتر بكه‌ن.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، له‌كاتێكدا هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادیی تاکەکان، هه‌ربۆیه‌ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی دیكه‌ی عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆ هێناوە.

جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، هیچ کەسێك لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات. ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی ئازادانە گەشتیان بۆ وڵاتانی دیكه‌ کردووە، ئەگەر ئازادیی تاکەکەسی نەبوایا نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانەوە گەشت بکەن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان:

ماوەیەکە دیاردەی کۆچکردن بۆ وڵاتانی رۆژئاوا سەری هەڵداوە، کە کۆمەڵێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی روویان کردووەتە بێلاڕووس، بەو ئومێدەی بتوانن مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرن.

بەشێك لەو هاووڵاتییانە لە لایەن پەکەکە و کۆمەڵێك قاچاغچی و هەندێ کۆمپانیای گەشتوگوزار و هەندێك بازرگانی سیاسی ئیستیغلال کراون کە بەهانەی جۆراوجۆر بخەنە روو و تۆمەت ببەخشنەوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆسیەی وەرگرتنیان لەو وڵاتانە بەهێزتر بکەن.

هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و ئازادیی تاکەکان، هه‌ربۆیه‌ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکانی دیكه‌ی عێراق سوودیان لەو کەشە ئارامەی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوە پەنایان بۆ هێناوە. هەروەها لە رووی دەرفەتەکانی باشترکردنی ژیان، هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە شوێنی سەردانی خەڵکی دەرەوەی هەرێم، ئەوەش دەرفەتی بەدەستهێنانی هەلی کاری زۆرتر رەخساندووە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سوودمەندن لەو بەرەوپێشچوونە.

ئەو هاووڵاتییانەی ئێستا لە بێلاڕووس گیریان خواردووە، پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و بە رێگایەکی یاسایی و گەشتی ئاسایی سەفەریان کردووە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە، ئینجا پەڕینەوە بۆ وڵاتانی دیکە. هەروەها هیچ کەسێك لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی و ئازادیی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات. ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی ئازادانە گەشتیان بۆ وڵاتانی دیكه‌ کردووە، ئەگەر ئازادیی تاکەکەسی نەبوایا نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی ئاسایی لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانەوە گەشت بکەن. ئێمە پشتگیری لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر مرۆڤێک دەکەین بۆ گەشتکردن، بەڵام هەموو ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بە دروست نازانین و داواش دەکەین، لە رووی مرۆییەوە رەچاوی بارودۆخی ئەو خەڵکە بکرێت، کە لەسەر سنوورەکان گیریان خواردووە و هاووڵاتییانی ئێمەش نەبن، با نه‌بن بە قوربانیی کێشە نێودەوڵەتییەکان و کەسیش بازرگانی بەو بابەتەوە نەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

14ی تشرینی دووەمی 2021

بابه‌تی تر

بڕیار درا به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ری نوێی بۆ دادگاكانی …