راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق بە ڕوونی بە لایەنەکان گەیاندووە و نابێتە تەرەفێک لە ململانێی نێوخۆیی نێوان شیعە و سوننە.

عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئەو شاندانەی لایەنە عێراقییەکان کە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ سازکردنی زەمینەیەکە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق، چونکە ھەمووان چاوەڕێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەکەن بە فەرمی لەلایەن دادگای فیدراڵی پەسەند بکرێت و بڕیارە ٢٦ی ئەم مانگەش پەسەند بکرێت، کە دوای ئەو بڕیارە ئەوکات زیاتر پێداگری دەکرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت و ئەوانەی دەیانەوێت بەشدار بن زیاتر دیار دەبن و ئەوانەش کە ھاتوون، ھەموویانمان تێگەیاندووە، کە ئێمە دەمانەوێت ئەو حکوومەتەی دروست دەکرێت، بە خۆیدا بچێتەوە و ھەڵەکان دووبارە نەبنەوە بەرامبەر ھەرێم و عێراقیش و ئێمە دەمانەوێت ھاوسەنگی و شەراکەت قبوڵ بکرێت و جێبەجێ بکرێت و دەستوور ببێتە حەکم لە نێوانماندا، هەروەها سیستەمی فیدراڵی دەستکاری نەکرێت و ھەر گۆڕانکارییەک لە دەستووریش بکرێت، زیان بەھەرێم نەگات”.

روشدی گوتیشی: “دیارە ھەرێمی کوردستان نەیویستووە ببتە تەرف لە ململانێی نێوان شیعە و سوننە و دەتوانن خۆیان بگەنە رێککەوتن و ئێمەش کار بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بە تایبەت پارتی و یەکێتی و لە دوا کۆبوونەوەشدا ھەنگاوی باش نراوە و بڕیار دراوە پێکەوە بە بەرنامەیەکی ھاوبەش بچینە بەغدا، بۆ ئەوەی سەنگی کورد دیار بێت و ھاوھەڵوێست بین، چونکە کێشەی ئێمە، کێشەی نەتەوە و نیشمانێکە و ئەگەر ململانێیەکیش ھەبێت، با لە نێوخۆی ھەرێم بێت”.

باسی لەوەش کرد: “تا ئێستا وەڵامی لایەنەکان بە تایبەت هی یەکێتی زۆر باشە و ھەنگاوی ئیجابی نراوە و دەمانەوێت دیدارەکان بەردەوام بن و ھەموو دەستپێشخەرییەکیش دەکەین و سەردانی لایەنەکانی دیکەشمان کردووە و بۆچوونی خۆمان پێ گەیاندوون، مەبەستی سەرەکیی ئێمەش ئەوەیە، ناو ماڵی کوردی رێک بخرێت، بۆ ئەوەی سەنگ و رەنگی ھەرێم لە بەغدا ئەو ژمارە قورسە بێت کەس نەتوانێ زیادەڕۆیی بکات”.

دەشڵێ: “ئەم ھەفتەیە دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتووشدا گفتوگۆکان گەرموگوڕ دەبن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەتی نوێ دروست بکرێت”.

بابه‌تی تر

ئەم رێگایانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە

رێگاکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و چەند رێگایەکی دەڤەری راپەڕین کە بەهۆی بەفربارینەوە داخ…