جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بابەتی دابەزینی بەهای دینار لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا نەبووە و ئەو کارە لەلایەن حکوومەت و بانکی ناوەندی عێراقەوە کراوە و بە پێویستیشی زانی قەرەبووى ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە بکرێتەوە کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ١٣ی١ی٢٠٢١، کە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد رایگەیاند، بابەتی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران دا نەبووە و پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی عێراقەوە هەبووە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زیانیان پێکەوت بەتایبەت جووتیاران و بەڵێندەران.

ئەوەش خراوەتە روو، دکتۆر بەشیر حەداد، بە پێویستیزانی حکوومەتی فیدراڵ قەرەبووی ئەوان کەسانە بکاتەوە کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە و داواشی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد کە چارەسەری ئەو بابەتە بکەن وحکومەت ناچار بکەن بۆ ئەوەی بەشێک لە بودجە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە دیاری بکات.

هەروەها سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ”سەرەتا و پێش هەموو شت پێویستە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان”، و داواشی لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد بەزووترین کات کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە.

حەداد، ئاماژەشی بەوەدا کە حکوومەتی فیدراڵی لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی جوتیاران زۆر کەمتەرخەم بووە و پێویستە شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند کە شەهیدانی هەڵەبجە و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان نیە لەگەڵ شەهیدانی ناوچەکانی دیکەی وڵات و بە پێویستی زانی حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە

بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەو…