ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند: چەند ڕێکخراو و میدیایەکی نێودەوڵەتی، لەوانەش تیمی ئاشتیپارێزی کریستیان (CPT)، دامەزراوەی ئەمریکی (AEI)، میدیای زە کرادڵ، شەفەق نیوس، ئێم ئێس ئێن، و وێبسایتی کرێکارانی دژ بە مەزهەبگەرایی، لە ڕاپۆرتەکانیان باسی ئەو قوتابیانەیان کردووە کە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاووڵاتییان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (11)ـی ساڵى (2010)، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی لە ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

ڕاشیگەیاند: بەپێی بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، ڕۆژی 21/11/2021 لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابیی زانکۆ و پەیمانگەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرج کردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ناڕەزایەتییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبوو.

هەروەها گوتی: بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچوون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە..

سەبارەت بە ئیجرائاتی لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران گوتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانی کردن لە داوا ڕەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە (150) هەزار قوتابی سوودمەند بوون لە دەرماڵەی خوێندن کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پێشکەشیان دەکرا بەپێی شوێنی جوگرافییان، بە هۆی قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە و موچەی هەرێم لەلایەن بەغدا و شەڕی داعشەوە ئەو دەرماڵەیە ڕاگیرا بوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی 24/11/2021، بڕیاردرا بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاری کردنی قوتابییان و خوێندکارانی کەم دەرامەت.

بابه‌تی تر

سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ڕاگیرا

بە بڕیاری وەزیری دارایی و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوه‌، سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری…