فەرحان جەوهەر

ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، قسەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکایە دوای کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان. پێشتر لە وتارێکی ترمدا نووسیبووم، سیاسەتکردن زۆرتر ئەزموونە، ئەمریکا لە ئەنجامی ئەزموونی بیست ساڵی رابردووی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی چووەتە ناویان، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە بە گۆڕینی رژێمەکان نەتەوە دروست نابێت، یا بە شێوازێکی تر نەتەوە لە دەرەوەڕا دروست ناکرێت.

دروست بوونی نەتەوە پڕۆسەیەکی لەسەرخۆ و دوور و درێژە پێویستی بە چەندین فاکتەرە، چونکە نەتەوە هەر ئەوە نییە تۆ خاوەن کۆمەڵێک جیاوازی بیت، ئەمە راستە لەرووی پێناسەی ئەتنییەوە، بەڵام لە رووی سیاسیەوە بە نەتەوە دانانرێت.

بەو خەڵکانە دەڵێن نەتەوە، کە جگە لە نیشتمانی خۆیان پابەندیی و وابەستەی و ئینتیمایان بۆ هیچ شتێکی تر نەبێت، یان روونتر نیشتمانی خۆیان لە خۆیان خۆشتر بوێت، هەرچی چاکەیە بۆ نیشتمانەکەیان بکەن. ئەو میللەتەی تەنها ناو حەوشەکەی بە خاکی خۆی بزانێت، ناتوانێت خاوەن نیشتمان بێت. ئەمریکا لە ماوەی بیست ساڵی رابردوویدا زیاتر لە دوو تڕلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان سەرف کرد، حوکمێکی مەدەنی بۆ دانان، ئازادی بۆ فەڕاهەم کردن، چەکی پێدان و سوپای بۆ دروست کردن، هەڵبژاردنی بۆ ئەنجامدان، پیاوێکی تەکنۆکرات و ئەکادیمی کردە سەرۆکیان، چەندان جادە و نەخۆشخانە و قوتابخانەی بۆ دروست کردن، بەڵام نەیتوانی نەتەوەیان بۆ دروست بکات، بۆیە هەموو ئەو بارودۆخەی ئەفغانستان، بەرگەی هەفتەیەک شەڕی نەگرت و رووخان.

ئەم ئەزموونەی ئەفغانستان تاڕادەیەک بۆ وڵاتێکی وەک عێراقیش راستە، ئەمە سەت ساڵە عێراق کراوەتە وڵات، تاکو ئێستا نەتەوە دروست نەبووە، جگە لە کۆمەڵێک خێڵ و تائیفەی دینی زیاتر هیچی تر نییە، کە هەریەکەیان تەنیا خەمی خۆی و تایفە و خێڵەکەیەتی، ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە خەمی نیشتمانە، سەرەڕای بوونی چەندین شاعیر و هونەرمەند و نووسەری گەورەی نیشتمانپەروەر لەو وڵاتەدا، بەڵام بۆ کێ بڵێن؟.

ئەمە وەنەبێت حاڵی کوردستایش لەوان باشتر بێت ئەگەر خرابتر نەبێت. پێموایە کوردیش هێشتا هەر لە رووی ئەتنییەوە نەتەوەیە، لە رووی سیاسیەوە نا. هیچ نەتەوەیەک بەمانا نەتەوە راستەقینەکەی ئەگەر هەبێت، ناکرێت خەڵکێکی تر خاکەکەی داگیر بکەن، یا ژێردەستی خۆیانی بکەن بۆ ماوەیەکی زۆر، وەک ئێمە.

بەشێکی زۆری دروستبوونی نەتەوە ئەرکی حکوومەت و دەسەڵاتداریەکەیەتی. بنیاتنانی دەزگا نیشتمانییەکان ئەرکی حکوومەتە بۆ پێگەیاندنی تاکی نیشتمانپەروەر، لەسەر حکوومەتە زەمینەیەکی وا دروست بکات، کە هەر تاکێکی ئەو وڵاتە خۆی بەخاوەنی بزانێت، هەروەها ئامرازەکانی خۆشەویستی نیشتمان بۆ گەنجەکان فەراهەم بکات. بەبێ دروست کردنی ئەم زەمینە و ئامرازەکانی، داواکردن لە گەنجان بۆ خۆشویستنی نیشتمانەکەیان، تەنیا کات بەفیڕۆدان و هەوڵێکی بێهودەیە.

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…