كاروان محەمەد سینو
چوارساڵ لەمەوپێش وەكو ئەمڕۆ لە(16ی ئۆكتۆبەری 2017)، لەودەمەی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئامادەبوون بە گیان و ماڵ خۆیان فیدا بكەن و بەرگری لە خاك و شەرەف و كەرامەتی كوردستان بكەن، بەرگری لە بڕیار و ئیرادە و چارەنووسی خۆیان بكەن ، بەرگری لەو خەون و هیوا و ئاواتەکانیان بكەن، كە هەموو خەڵكی كوردستان لە ریفڕاندۆمدا بڕیاریان لەسەر دابوو. لەهەمان كاتیشدا هەموو مرۆڤایەتی و دۆستان و ئازادیخوازانی جیهان لە چاوەروانی ئەوەدابوون كە هەموو كوردستانییان (سڤیل و چەكدار) بەیەك دەنگ و یەك هەڵوێست بەرگری لەو هەلومەرجەی خۆیان بكەن و ئەو هەلە مێژووییە لەدەست نەدەن كە بە فرمێسك و خوێن دابین كرابوو و بەرگری لە بڕیار و ئیرادەی خۆیان و مللەتەكەیان بكەن، بۆ ئەوەی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پاش ریفراندۆم لە چوارچێوەی دەستوور و رێكەوتنێكی یاسایی سیاسی بخرێتە بەر گفتوگۆ و چارەسەر بكرێ، هەروەها ماددەی 140ی دەستووری عێراق كارا بكرێ و بڕگە و هەنگاوەكانی ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێ و چیدی دەستوور پێشێل نەكرێ. ئا لەم كات و هەلومەرجەدا، تاقمێكی خیانەتكاری خاك فرۆش و خۆفرۆش و كاڵفام، بێ لەبەرچاوگرتنی هیوا و ئاوات و ئیرادە و بڕیاری تەواوی خەڵكی كوردستان، لێمان بوون بە یەهودا (یەهودای ئەسخەریوتی*) و تەنها لەبەر بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبی و تاكە كەسی و تایبەتیی خۆیان، لە رێكەوتنێكی خیانەتكاریدا بڕیاری خۆ بەدەستەوەدان و خۆچەماندنیان دا و كەركووكیان ڕادەستی داگیركەران كرد، رێك هاوشێوەی (یەهودای ئەسخەریوتی كە چۆن حەزرەتی مەسیحیان رادەستی دوژمنانی كرد)، تاقمێكی خیانەتكاری خاك فرۆش و خۆفرۆش و كاڵفام لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەوانیش كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی كوردستانیان ڕادەستی داگیركەران كرد، كە لە ئەنجامدا قودسییەتی كەركووك و دەڤەرەكانی دیكەش خرایە ژێرپێی داگیرگەران و كەركووك لە خاچ درا.

ئێستا جارجار لە هەندێ بۆنە و لێدواندا، هەندێك كەس؟! لەم تاقمە خیانەتكارە، هەوڵدەدەن پاساوی عەجیب! غەریب؟! بۆخیانەتەكەیان بێننەوە و وەك ئەوەی تۆز لە چاوی خەڵكی كوردستان بكەن، پێیان وایە كە خەڵكی كوردستان لە گوێی گادا نووستووە و تەلەفزیۆن و میدیا و مێژوو هیچی لە خیانەتكارییەكەیان تۆمار نەكردبێ و ئەوەی لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا ئەوان كردیان، كەس پێی نەزانیوە!! و لاو و گەنجانی ئەمڕۆ پێی نازانن!! ، یاخود خەڵكی لەبیریان چۆتەوە؟!!.

جار جاریش ئەم تاقمە خائین و خاك فرۆشە، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەكو دەستكەوتێك و پاڵەوانێتییەك و (گۆڵ)ێك؟! بە گوێی هەندێ؟! ئەندام و لایەنگرانی خۆیاندا دەچرپێنن… گوایە ئەوان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە؟!.

لێرەدا خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی بپرسێ: ئەوە چ سەركەوتنێك بوو؟!، سەركەوتن بەسەر كێدا بوو؟!. چیتان لەو سەركەوتنە دەستكەوت؟!. كێ سوودمەند بوو بەو سەركەوتنە خیانەتكارەی ئێوە؟!…هتد.

سەركەوتنی ئەم تاقمە خائین و خاكفرۆشە بەو خیانەتەی كە كردیان تەنها لەوەبوو كە ئەوان حزب و كادیرەكانی خۆیان شەرمەزاركرد بەرانبەر تەواوی خەڵكی كوردستان و هەموو جیهان. ئەمڕۆ هەوادار و لایەنگر و ئەندام و كادیرانی حزبەكەی ئەوان نائومێد و بێ هیوان، چۆك شكاو و شەرمەزارن، شەرم لە خەباتی پێشووی خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەو تاقمە!،… شەرم لە خوێنی شەهیدەكانی حزبەكەی خۆیان دەكەن، شەرم لە دایك و خێزان و كچ و كوری شەهیدان دەكەن.

لەكاتێكدا ئەوتاقمە خیانەتكار و خاك فڕوشە، لە ئاهەنگ و یاد و بۆنە و كۆنفڕانس و پلینۆم و بازنە و كۆبوونەوەكاندا موزایەدە بە خوێنی شەهیدەكان دەكەن، لەكاتێكدا كە ئەوان زۆر دوورن لە هەر بنەما و مەبدەئێك كە لاوانی كورد لە پێناویدا شەهید بوونە.

هەڵبەت ئەمڕۆ لەسەروبەندی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەركەوت كە (تاقمی؟!) خائین و خاك فڕۆش چ؟! سەركەوتنێكیان بەدەست هێنا و چۆن خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی بەشەڕەف و دڵسۆز و خاك پەرست و نیشتمانپەروەری شاری كەركووك چۆن تۆڵە و وەڵامی (كەركووك فرۆشان)یان دایەوە، ئەنجامەكانی هەرڵبژاردنەكە لە سەرانسەری كوردستان بەتایبەت لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستان، گەواهی ئەم راستییە دەدەن و هەركەس دەتوانێ بەدواداچوون و تاوتوێ و بەراوردی ئەنجامەكان بكات و بزانێ كە چۆن كوردستانییان و نیشتمانپەروەران وەڵامی (تاقمی) خائین و خاكفڕۆشانیان داوەتەوە.

*(یەهودای ئەسخەریوتی) یەكێك بووە لە دوازدە قوتابییەكەی (حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لەسەر بێت)، ناوی (یەهوزا سەمعان ئەسقەریوتی)یە. هەروەك لە “ئینجیل”دا هاتووە… یەهودا ئەسخەریوتی بەرانبەر 30پارچە زیو خیانەتی لە (حەزرەتی مەسیح)كرد و ڕادەستی دوژمنانی كرد و ئەوانیش (حەزرەتی مەسیح)یان لە خاچ دا، ئەمەش یەكەم گەورەترین خیانەتە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كراوە. خیانەتی (برادەران؟!)یش لە16ی ئۆكتۆبەری 2017 دووەم خیانەتی گەورە و (عوزما)یە كە لە مێژووی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی كورددا ئەنجام دەدرێ.

بابه‌تی تر

ڕۆشنگەری لە مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمیونستی چینی

نی ڕووچی  لە ڕۆژانی ٨ بۆ ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ , شەشەهەمین کۆبوونەوەی گشتی ١٩یەمین لێژنە…