له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌ كازاخستان له‌ خوار سفری سه‌دییه‌، به‌ڵام شه‌قامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ئاگریان لێ ده‌چێت و هاووڵاتییان دژی بڕیارێكی حكوومه‌ت ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، هه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی كازاخستان بڕیاری دا نرخی سووته‌مه‌نی به‌ تایبه‌ت به‌نزین به‌رز بكاته‌وه‌، له‌ 12 سه‌نته‌وه‌ بۆ 28 سه‌نت، بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا به ‌جۆرێك به‌ هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانی و تا دێت ئالۆزییه‌كان زیاتر ده‌بن.

ئه‌گه‌رچی قاسم تۆکایێف سەرۆک كۆماری کازاخستان له‌ژێر گوشاری خۆپیشانده‌ران و بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عەسکەر مەمینی سه‌رۆك وه‌زیرانی پەسەند کرد، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ڕاسپارد كاروباره‌كانی حكوومه‌ت ڕایی بكات و دواتریش له‌ وتارێكدا سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ كاتێكی نادیار، رایگه‌یاند كه‌ پێداگیری له‌سه‌ر ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی ده‌كاته‌وه‌، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پێشنیاری نوێ بۆ گۆڕینی چوارچێوەی سیاسیی وڵاتەکەی ڕادەگەیێنێت، داواكاری هاووڵاتییان بنه‌مای كاره‌كانی ده‌بێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باری نائاسایی ڕاگه‌یێندراوه،‌ به‌ڵام تادێت ڕیزی خۆپیشاندانه‌كان فراوانتر ده‌بن، به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای مه‌گنیستاو له‌ شاری ئه‌ڵماتی كه‌ گه‌وره‌ترین ناوچه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كاری نه‌وته‌ له‌ كازاخستان و به‌ پایته‌خی ئابووری كازاخستان ناسراوه‌، خۆپیشانده‌ران له‌ شاری ئه‌ڵماتی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی و تێرمیناڵی نێودەوڵەتی و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی حكوومه‌ت.

میدیای فه‌رمی كازاخستانیش له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌منی وڵاته‌كه‌یان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران چه‌كیان هه‌ڵگرتووه ‌و‌ به‌ هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تا ئێستا 18 ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژراون و 748 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی كازاخستان ڕاگه‌یاندووه ‌تا ئێستا جگە لە کوژرانی دەیان خۆپێشاندەر، زیاتر لە هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کازاخستان برینداربوون كه‌ 400 له‌وان لە نەخۆشخانە چارەسەرکران له‌وانه‌ 62 كه‌سیان دۆخی ته‌ندروستییان ناجێگیربووه‌ و له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.

بابه‌تی تر

سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ڕاگیرا

بە بڕیاری وەزیری دارایی و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوه‌، سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری…