غازی حەسەن

لەسەردەمی دیموکراسیدا، یان کرانەوەی ئیداری و ئابووریدا، حکوومەتە (بڕوابەخۆکان، یان ئەو حکوومەتانەی تووشی قەیرانی ئیداری و دارایی و ئابووریی بەرهەمهێنان دێن) پەنا وەبەر کەرتی تایبەت لەپێناو بوژانەوە و ڕاکێشانی سەرمایەی ناوەخۆیی و دەرەکی دەبەن و دەرفەتێکی فراوان بۆ کەرتی تایبەت بۆ بەشداری و بەکارخستن و بوژانەوەی بنەمای بەرهەمهێنان دروست دەکەن. ئەمەش هەرتنەیا پرۆسەیەکی ئابووری و سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و هوشیاریی قووڵیشە.

پێویستە جیاوازیی لەنێوان پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئابووری و پیشەسازیی و بارزگانی و بیناکردن و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و ئیستغلالی ئەو کۆمەڵە و گروپ و ڕێکخراو و کەسانە بکرێت، کە دەیانەوێت لەجیاتی بوژانەوەی کۆمەڵگا، تواناکانی کۆمەڵگا هەڵمژن و ببنە ڤایرۆسێکی هێزپڕوکێن.

لە هەرێمی کوردستاندا لەبنەڕەتدا حکوومەت لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە هیچ فەلسەفە و تێڕوانینێکی ئابووری بەرهەمهێنانی نەبووە، لەسەر گومرگ و بوودجەی حکوومەتی بەغدا و باج و داهاتی ناوەخۆیی ژیاوە. سەرەتا گومرگەکان سەرچاوەی داهاتی حکوومەت و بژێوەی هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا پرۆسەکە گۆڕاوە. نەوت بەرهەمهێنان، کرانەوەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکان و هەتا هەندێک وڵاتی بیانی وەکو سەرەتایەکی نوێ لەژیانی ئابووری و بیرکردنەوە لەپێناو چارەسەری کێشەی ئابووری، کە کێشەیەکی چارەنووسسازە، لەم پێناوەشدا دەیان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بیانی لەوانە (تورکی و ئێرانی و هەندێک عەرەبیش) و هەندێک کۆمپانیای گەورەی جیهانی لەبواری نەوت و بازرگانی و کشتوکال و بیناکردن و خانووبەرە هاتوونە هەرێمی کوردستان، ئەمە زەمەن و زەمینە و توانایەکی مرۆیی و دارایی نوێ و بەهێزی لە کوردستاندا دروستکردووە، کە بۆتە هاندەر (چەندین گروپی بەرهەمهێنان و کۆمپانیای ناوەخۆیی دروست بێت، بەشێکی زۆری ئەم کۆمپانیانەش سەر بەحزبی دەسەڵات و حزبە سیاسییەکانن، یان لەلایەن نوێنەرە سێبەرەکانی دەسەڵات هەندێک حزبی دیکەیەوە بەڕێوە دەچن.

قەیرانی ئابووری و دارایی و هەتا ئیداریش، زەمینەیەکی تازەی بۆ (بەناو کەرتی تایبەت) لەکوردستان دروستکردووە، چونکە لەکردەوەدا من گومان دەکەم (کەرتی تایبەتمان) بەپێی چەمکە زانستییە ئابوورییەکە هەبێت، ئەوانەی لەم بوارە کار دەکەن، هەندێکیان لەکردەوە موفلسی وەهمین، یان بەشێکن لەکردەی گەندەڵی، یان کارتۆنین و دەیانەوێت توانا و وزە و داهات و سەرچاوەکانی دارایی و تەنیا خودی قەیرانە (دارایی و سیاسی و ناکۆکیی حزبەکان و سەرچاوە مرۆییەکانی) حکوومەت و بوارەکانی خزمەتگوزاری لەنێو دەسەڵات لەپێناو کۆکردنەوەی سەرمایە بێ پێشکەشکردنی هیچ خزمەتگوزارییەک بقۆزنەوە، بەمەش لەجیاتی هاریکاری حکوومەت بۆ دەربازبوون لە کێشە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، دەرگای ڕەخنە و گلەیی و گومان لای خەڵک فراوانتر دەکەن.

لەم سەردەمەدا هاووڵاتی لەڕێگەی ئەنتەرێنت و بوارەکانی دیکەی پەیوەندیکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری، دەتوانێت بەئاسانی بگاتە سەرچاوەی هەموو ئەو کەرت و مەرتانەی بەناوی (تایبەت) کاردەکەن، کە بەکردەوە هەندێک لە (كەرتی تایبەت) پەیوەندییان بەبواری خزمەتگوزاری و بیناکردن و پێشخستنی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو بەشێکن لەبەرەوەندی (کەسی تایبەت) نەک (کەرتی تایبەت).

ئەوەی من دەیخوێنمەوە کەرتی تایبەت لەجیاتی کەمکردنەوەی ناخۆشی و فشارە دارایی و دەروونییەکانی سەر هاووڵاتی، بەپێچەوانەوە بۆتە سەرچاوەی نیگەرانیی و ڕەخنەگرتن و ناڕازیبوونی پتر لە خودی دەسەڵات، ئەم ناڕازیبوونە ئەگەر (هەق بێت یان ناهەق)، بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگادا.

نابێت حکوومەت ببێتە خزمەتگوازی کەرتی تایبەت، نابێت حکوومەت هەموو بوارە خزمەتگوزارییە گرنگ و هەستیارەکان ڕادەستی کەرتی تایبەت بکات، کە بەکردەوە هەندێکیان هێندە مشەخۆرن، بەخوێنی دارایی هەموو میللەت تێرنابن، هەندێک بواری ئابووری و ژیان هەستیارن، نابێت ڕادەستی کەرتی مشەخۆری تایبەت بکرێت. لەکاتێکدا ئێمە دەزانین کەرتی تایبەت سەرمایەی تایبەتی خۆیان دێخنە بازار، ئیش و کار بۆ هاوڵاتیان پەیدا دەکەن و بواری بەرهەمهێنان و خزمەتگوازییەکان بەهێز و پتەو و سەقامگیر دەکەن، نەک (حکوومەت و دامەزاراوە فەرمییەکان خزمەتی کەرتی تایبەت بکەن و ژیانی میللەتیش ڕۆژ بەڕۆژ قورستر بکرێت).

حکوومەت دەتوانیت لەزۆر بواردا خۆی ئەرکی خزمەتگوازری ڕاپەڕێنێت، چونکە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر مووچەخۆری بندیوار و بێکار و زێدەی هەیە، واتا توانای مرۆیی و دەستی کاری هێندە زۆرە، پێویستی بەوە نییە، کەرتی تایبەت کار بۆ بێکاران بدۆزێتەوە، بەپێجەوانە لەنێو (دامەزراوەکانی حکوومەتدا موچەخۆر ژمارەیان هێندە زۆرە، کاریان بەش ناکات و دەبێت بەکاربخرێن و کاروباری ئیدارە و خزمەتگوزاری بەگەڕ بخەن). نابێت حکوومەت (کار بۆ کەرتی تایبەت بدۆزێتەوە و داهاتیان بخاتە بەردەست و بەخۆڕایی زەویی و کەرەستەی بەرهەمهێنان و لەهەندێک بواریشدا دەستی کار و موچەخۆری خۆی بەخۆڕایی پێشکەشیان بکات).

ئەگەر وەکو مەسەلەیەکی ماتیماتیکی دیقەت لە ئەرک و بوارەکانی کاری کەرتی تایبەت بدەین، ئەم کەرتی تایبەتەی لە کوردستاندا هەیە گۆڕاوە بۆ (تایبەتێتی کەرت)، بەواتایەکی دیکە حکوومەت داهات و سەروەتی خۆی کەرتکردووە لەگەڵ کەرتی تایبەت، نەک بەپێچەوانە (داهات و سەروەتی کەرتی تایبەت بخاتە خزمەتی خۆی). حکوومەت پێویستە پێداچووەنەوە بەم سیستەمەدا بکات، کە کەرتی تایبەت دەکاتە سەرچاوەی نیگەرانیی و ناڕازیبوونی خەڵک و قورسکردنی باری ژیانی هاووڵاتی و پەرەپێدانی باج و سەرانە و پاشەکشەی خزمەتگوازییەکان لەهەمان کاتدا.

بابه‌تی تر

یارییەكی دۆستانە هونەرمەندانی شاری هەولێر كۆدەكاتەوە

خەبات: هاوكار كەلهوری:- لە یاریگای بچووكراوی شەهید فرەنسۆ هەریری، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پ…