دیمانە: هێمن ئاری
جەلال محەمەد عەبدوڵڵا، ناسراوە بەجەلال پەرێشان، لەساڵی 1967 لەشارەدێی سەرگەڕان لەدایكبووە.قۆناغی دواناوەندی لەشاری هەولێر تەواوكردووە، بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لەبەشی ژمێریاری لەشاری موسڵ تەواوكردووە ، لەساڵی 2007 یش كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی لەشاری هەولێر تەواوكردووە.لە قۆناغەكانی تەمەنیدا كاری لە بواری راگەیاندن و هونەر و بواری وەرزشیداكردووە، لەساڵی 2014 بەئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەڵبژێردرا، لەخولی پێنجەمی پەرلەمانیش یەكێك بوو لەو بەربژێرانەی بەرێژەیەكی زۆری دەنگدەران بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردراوە .
❊ پێشتر نێچیرڤان بارزانی ناوی لێنابووی جەلال حەوت پیشە، ئێستا پیشەیەكی دیكەت زیاد كرد ئەویش ئەندام بوون بەپەرلەمانە لەخولی پێنجەمدا، پێتوایە جیاوازی ئەم پیشەیەت لەگەڵ پیشەكانی دیكە چییە و دەتەوێت چیبكەیت؟
ئەم پیشەیەش لەگەڵ پیشەكانی دیكە هیچ جیاوازییەكی نییە، گرنگ لای من خزمەتكردنە، قەت بیرم لەوە نەكردۆتەوە ببم بەشتێك، لەژیانمداتموحم نەبووە، بەڵام بیرم لەوە كردۆتەوە ئەگەر بووم بەشتێك لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك هەموو كارێك بكەم، لای من خزمەتكردن پیرۆزترین شتە مرۆڤ بتوانێت بیكات لەهەر پلە و پۆستێك بێت، گرنگە مرۆڤ لەهەر پایەیەك بێت بتوانێت خزمەتكار بێت، لەیەك دوو پۆستەریش نووسیبووم كوڕە هەژارم بۆیە خزمەتكارم، بەكردەوەش ئەوە دەیسەلمێنم هیچ پلە و پۆستێك لای من قیمەتی نییە بەقەد پێڵاوی كوڕە هەژارێك، ئەنفالێك، پێشمەرگەیەك، مامۆستایەك …هتد
گرنگ ئەوەیە بتوانم خزمەتكارێكی ئاسایی بم لەو شوێنە و ببم بەداكۆكیكار لە مافی هەموو هاووڵاتییەك.
❊ بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزێگا رێژەی دەنگت زیاتر بووە یان كەمتر؟
زۆر زیاتر بووە، خۆم دەمزانی لەماوەی چوار ساڵی رابردوو چیمكردووە بۆ خەڵك، بۆیە دەمزانی رێژەیەكی زۆر دەنگ دێنم، بەبەرنامە كار بۆ داهاتووی خۆم دەكەم، دامنابوو خۆم هەڵبژێرم، پێشتریش خۆم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دانابوو، بەڵام دواتر ناوەكەمیان دەرهێنابوو، بۆیە ئەو بەرنامەیەم هەبوو، سروشتی خۆشم وایە هەمیشە لەناو خەڵكم و لەداهاتووش ببم بەهەر شتێك هەروا دەمێنمەوە.هەیە بەترسەوە دەچێتە ناو پرۆسەكەوە، بەڵام من قەبارەی خۆم بەبێ منەتی دەزانی .
ئەمجارەیان خۆت داواتكرد ناوت بخرێتە ناو ناوی بەربژێرەكان یان لەلایەن حزبەوە داوات لێكرا؟
نا خۆم داوامكرد ، خۆشتان دەزانن لەناو پارتی نزیكی 250 سێڤی پێشكەشكرابوو 100 ناویان هەڵبژارد، بۆیە شانازی بەخۆمەوە دەكەم وەك كوڕە هەژارێك بێ ئەوەی هیچ پاڵپشتیەكم هەبێت بە تێپەڕینی چەند فلتەرێك ناوی من هەڵبژێردرابێت، ئەوەش بۆ من جێگەی شانازییە.
هەموو بەربژێێك كاتێك دەچێتە پرۆسەیەكی وا پارەیەكی خەیاڵی بۆ رێكلام سەرف دەكات ، بەڵام رێكلامێكی تۆمان لە شوێنە گشتییەكان بەو شێوەیە نەبینی، تۆ چەند سەرفكردووە؟
بەخوا لەچاو بەربژێرەكانی دیكە هیچم سەرف نەكردووە، ئەوەی سەرفیشم كردووە زۆر زۆر كەم بووە ، وەك كورد دەڵێت مشتێكە لەخەراورێك.
رێكلامێكت بڵاوكردەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگێكی زۆری دایەوە (دانیشە كەریم )، بەهۆی سەرەنج راكێشییەوە خەڵكێكی زۆر بۆ یەكتریان دەنارد، بیرۆكەی ئەم رێكلامە هی كێ بوو چۆن دروست بوو؟
وەك دەزانن من بەكەریم ناسراوم، ئێستاكە دەڵێن كەریم بنزیما گەیشتە پەرلەمان ، بیرۆكەی دانیشە كەریم لەوەوە هات كەخۆم رۆژانە لەگەڵ ئەو وشەیە تێكەڵبووم، جگە لەو رێكلامەش رێكلامێكی دیكەم كرد لەكەناڵەكەی خۆم كە پێشمەرگە و ئاسایش و مامۆستا و فیتەر و .. قسەیان لە رێكلامەكەكرد.
رێكلامی كەریم هەرچەند كورت بوو، بەڵام كاریگەر بوو كاری خۆیكرد، زۆر سوپاسی نێت تیڤیش دەكەم كەهاوكارم بوون ، خۆم كارەكتەرەكانم نیشانكرد هەریەك لە كاك دڵزار و كاك مەحمود هاوكارم بوون لەوانەش دایە زرێخی مەنتكاوەبوو بەشداربوو لەگەڵ چەند كارەكتەرێكی دیكە.
ئەو رێكلامە تاچەند كاریگەری هەبوو لەسەر زیادكردنی رێژەی دەنگی تۆ؟
- زۆر كاریگەری هەبوو، بەشانازییەوە دەیڵێم یەكێك لەوانەی دەنگی پێدام كچی سەرۆككۆماری پێشووی عێراق بوو (شیرین فواد مەعسوم ) بوو، كە دەڵێت: دەنگم پێدای كەریم، لەبیرم نەكەی كەریم.ئەوەش گرنگە، چونكە هەموومان دەزانین ئەو كەسە لەسەر لایەنێكی سیاسی دیاریكراو حیسابە دەنگی بەمنداوە، لەپەیامەكەش قسەیەكی جوان دەكات و دەڵێت: وەرزشوانان و ناودارەكان دەینە سەرۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان، دەڵێت: تۆش لەبیرمان نەكەیت كە چونكە دەنگمان پێدایت.ئەو شتانە ئەركی من قورستر دەكەن.پێشتریش كە دەچووم بۆ شوێنێك خەڵك بەكەریم بانگی دەكردم، ئێستاكەش بەكەریم ناسراوتربووم و كەریم بۆمن بوو بە بڕاندێك.كەریم زۆر بەباشی چووە ناو دڵی خەڵك بە فەعلی ئیشی خۆی كرد و كاریگەربوو.گرتەیەكی ڤیدیۆیم بینی گەنجێك لەكاتی دەنگدان وێنەی گرتووە لەناوی كاندیدەكان دەگەڕێت دەڵێت كەریم كەریم كەریم . دێتە سەر ژمارە 25 دەڵێ ئەوتا شەرمەزارمان نەكەی كەریم، دەنگم پێدای كەریم، بۆیە دەتوانم بڵێم رێژەی دەنگی منی بردە قۆناغێكی تر ئەم رێكلامە.
یەكەم كاری ئێوە دوای ئەوەی چوون بۆ پەرلەمان وەك فراكسۆنی پارتی دەتانەوێت كار لەسەر چی بكەن؟
راستە من زۆرجار لە(نەس) دەچمە دەرێ، بەڵام لەفراكسیۆن لانادەم، لەئەنجوومەنی پارێزگاش شتمكردووە وەك ئەندامێك دەبووا نەیكەم، بۆنموونە ئێستاكە بەنزین گرانبووە چ خوا قبوڵ دەكات من بێدەنگ بم.بەڵام یەكەم كاری من ئەوە دەبێت داوابكەم پاشەكەوتی مووچە نەبمێنێ،
، ئەوە كاریگەری لەسەر ژیانی هەموو تاكێك دروستكردووە، تاوانێكی گەورەیە پلە باڵاكان بە شەشە ملیۆن دیار خانەنشین بكرێن و ئەو پارە خەیاڵییەیان پێبدرێت، ئەگەر بەوە ڕازی دیار لە ئەخلاق داشۆراوم و هیچ ئەخلاقێكم نییە، راستە لەبەرژەوەندی منە، بەڵام ناحەقییە من چ جیاوازییەكم لەگەڵ خەڵكی دیكە؟ ناكرێت ئەندام پەرلەمان شەش ملیۆن و وەنەوشە و دوو پاسەوان و شوققەی پێبدرێت.
پێتوایە دەنگت بگاتە شوێنی خۆی؟ ئەندامانی تریش بەوە ڕازی بن ؟
دەبێ بگات، لەژیانمدا و لەهەڵبژاردنیش هیچ بەڵێنێكم نەداوە، لای من بەڵێن شتێكی گەورەیە، نامەوێ بەڵێنێك بدەم و دواتر پێم جێبەجێنەكرێت.من گوتومە مووچەش رەتدەكەمەوە ، بۆ موزایەدەشم نییە و ئێستا بۆ ئەوەم نییە دەنگ كۆبكەمەوە .گوناحە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس، پاسەوانانی سنوور هەیە خاوەنی چوار پێنج منداڵە و كرێچیە، شەو تا بەیانی ناخەوێت لەسەنگەرەكان، بە سێ سەد هەزار خانەنیشین بێت، ئێمەش بەچاكەت و بێجامە بە ئیسراحەت لەشوێنێكی ڕاقی بخەوین و مووچەیەكی خەیاڵیمان هەبێت.
پێتوایە تۆ بەتاكە دەنگێك بتوانی ئەوە بكەیت؟
حەزرەتی ئیبراهیم بەتەنها هەموو بتەكانی لەناوبرد .ئەو 111 ئەندامەی دەرچوون ئەگەر راستەكەن دەیانگوت بۆ موزایەدەمان نییە با هەمووان بێن بەیەكەوە سوێند بخۆین بڵێین ئەم چوار ساڵە بە مووچەی خۆمان ئیش دەكەین بزانە چەند گەروە دەبین لەپێش خەڵك و قەناعەت بۆ خەڵك بگێڕینەوە.من فەرمانبەرم كە كاری پەرلەمانیم تەواوبوو بابگەڕێمەوە دائیرەكەی خۆم بۆ خانەنشین بم؟
پەرلەمانتار هەیە بەحەقی خۆی دەزانێت و دەڵێت خەرجی و مەسروفاتی رۆژانە بۆم دەرناهێنێت، ڕەنگە هەبێت بڵێت جەلال پەرێشان بۆیە وادەڵێت ماڵ و منداڵ و خەرجی نییە ؟
دیارە من مرۆڤ نیم و نەفسم نییە وەك ئەوان؟ ئەی پێشتر چۆن دەژیان ؟من دەرچوونم نییە ؟ تەحەدا دەكەم لە چوار ساڵی ئەندام بوونم لە ئەنجوومەن زۆرترین كات لەدەرەوە و لەناو خەڵك بووم ، سوێند بەخوا تاكە هەزار دیناریشم لەنەسریە وەرنەگرتووە، بۆ مەسروفاتی خۆشم بە ئوتۆمۆبێلی خۆم هاتووچۆم كردووە، لەپەرلەمانیش هەمان ئەو جەلال پەرێشانە دەبم، ئەگەر بچووم بۆ پەرلەمان دەبێ ئەو هەموو ئیمتیازاتانە وەرگرم ؟ لە پێناو چی؟
ئەگەر بڕیارێك لە بەرژەوەندی فراكسۆنەكەت نەبێت لەپەرلەمان ئامادەی بیدەیت ؟
ئەگەر لەبەرژەوەندی خەڵك بێت بەڵێ.حزبەكەی بارزانی نەمر ئەم حزبەی دامەزراندووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك بووە.بەو هەموو گەورەیی و هۆشمەندییەی خۆی دەیگوت شانازییە بۆ من ئەگەر خزمەتی میللەتەكەی خۆم بكەم، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە دەبێ چاومان لەوەبێت خەڵك خزمەتی ئێمە بكات.دەبێ وابكەین خزمەتكاری خەڵك بین تا خەڵك زیاتر لەگەڵت بێت.من فەلسەفەی بارزانی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستانم هەزمكردووە، ئەو رێبازە تێكەڵ بەرۆحم بووە بۆ ئیمتیازاتم نەویستووە، من خۆم ناوێت خەڵكم دەوێت.من كە ئەو دەنگەم هێناوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە خزمەتی خەڵكم كردووە، پێغەمبەری خودا دەڵێت: ئەگەر كەسێك نۆ كەسی لێ رازی بێت دەیەهەمین خودایە، ئێستا زۆر ئاسوودەم هەست دەكەم پاسۆردی بەهەشتم پێدراوە، ئەو خەڵكەش كە دەنگی پێداوم دیارە خۆشیان ویستووم و دیارە خەڵك لێم ڕازییە و خودا منی تاقیكردۆتەوە بەوەی چاوم لە دزی و حەرام و داوێن پیسی و درۆ نەبووە.ئەوەش لەفەزلی خودا دەزانم.ئەگەر كەسێك لەفەلسەفەی بارزانی و پارتی نەگەیشتبێت و لەو ڕێیە بەدوای ئیمتیازات بێت زوڵم لە رێبازی بارزانی نەمر دەكات.
ئامادەی لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرێك بكەی ئەگەر لە حزبەكەی خۆشت بێت ؟
ئەگەر گەندەڵ بەڵێ ، رێبازی بارزانی فێری نەكردووم لەسەر ناعەدالەتی لەسەر باوكی خۆم بازدەم، وەزیرێك لەلایەنی سەرۆك بارزانییەوە پاڵپشتی بكرێت و متمانەی پێبدرێت گەندەڵ بێت دژی دەوەستمەوە ئەگەر باوك و برای خۆشم بێت.هەر كەسێك كە دەزانێ لەپۆست بە ئافرەت و پارە تەسمیل دەبێت نەیكات باشترە.من دەروێشی بنەماڵەی بارزانیم هەرگیز لە ڕێبازی ئەو لانادەم و خۆم شەرمەزارناكەم.
هەر كەسێك خۆی كاندید دەكات یان بنەماڵەیەك، یان عەشیرەتێك، یان حزبێك، یان بەدەفتەر دۆلاری لەپشتە، تۆ كێت لەپشت بوو؟
من خودای گەورەم لەپشتە.لە هەڵبژاردنی داهاتووش پێیان گوتم بێ عەقڵ تۆ كەست لە پشت نییە، گوتم خودا لەپشتم بێت بەسمە.دووەمیش خەڵكی دڵسۆز.بەكەسیشم نەگووتووە دەنگم پێبدە، وەك چۆن بەساددەیی لەناو خەڵك دەركەوتووم لەپەرلەمانیش وادەبم، جا هەركەسێك دەڵێت كەسایەتی نییە یان ئاوایە كەیفی خۆیەتی.
ئەی بۆ سەرۆك وەزیرانی وڵاتان و وەزیرەكانیان بەپایسكیل و میترۆ هاتوچۆدەكەن ئێمە بۆ وانەبین؟كەسایەتی و تێگەیشتنی مرۆڤ بە چاكەت و پانتۆڵ و بۆینباخ نییە.بۆیە پاڵپشت و پارێزەر و دەنگی ئەو كەسانە دەبم كەدەنگیان پێداوم.
لە لایەنە سیاسییەكانی هەبووە دەنگت پێبدات ؟
بەڵێ، زۆر ترین دەنگم لەناو یەكێتی هێناوە بەداتا هەمە، پێشمەرگە و خێزانی شەهید هەبووە دەنگی داومەتێ ، بەخوا هەبووە دەنگی پێداوم لە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و حزبەكانی تربووە ، بەڵام دەنگی یەكێتیم لەهەمووان زیاتر بردووە، كارم بۆیانكردووە، كە یەكێ ئیشی بەمن بێت یەكەمجار دەڵێم خوایە دڵ ڕەنجاو نەبێت و كارەكەم پێنەكرێت، دووەمیش دوعا دەكەم پارتی نەبێت، حەزدەكەم حزبێكی دیكە بێت تا كارەكەی بۆ بكەم، بۆ ئەوەی لەفەلسەفەی بارزانی و پارتی بۆ خزمەتی خەڵكە.
زۆرترین دەنگت لە كوێ بووە؟
لە هەولێر لەزۆربەی ناوچەكان زۆرینەبووم .حەڤدە هەزار دەنگ شتێك كەمم لەسەنتەری شاری هەولێر هێناوە.لە زۆربەی چین و توێژەكانیش دەنگیان پێداوم، دڵنیاشیان دەكەمەوە سیقەیان نادۆڕێنم.خوازیارم هەر 111 ئەندام پەرلەمان وەك جوامێر كار بۆ خزمەتكردنی خەڵك بكەین نەك خۆمان.
❊ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر كاندیدەكان چەند نوكتەیەك دروستكران، یەكێ لەو نوكتانە ئەوەبوو كە گوایە ئەمجارەیان هەموو جۆرە بەربژێێكی تێدایە، هەر لە كچی جوان، مەلا، هونەرمەند ….كە دەتوانریت لەپەرلەمان ژن مارەبكرێت و ئاهەنگ بگێڕدرێت، بۆ ئەوە چی دەڵێیت؟
ههههە من دەتوانم ژنیش مارەبكەم و دەبم بەشاهێدیش، ئاهەنگیش بگێڕم ئەگەر وابێت.
خەڵكی ئێمە بە غەڵەت لەپەرلەمان گەیشتووە وادەزانێت ئەو شوێنە تەنها بۆ خەڵكی سیاسییە، بەڵام وانییە.پێویستە لە هەموو چین و توێژێكی تیدابێت و لە موعاناتیان بگات.پەرلەمان شوێنی هەموو خەڵكە تایبەت نییە بە لایەنێكی دیاریكراو.با هەریەكەیان بێن بەشێكی كەم لەو كارنامانە جێبەجێبكەن كە پێش هەڵبژاردن بانگەشەیان بۆ دەكرد بزانە گوزەرانی خەڵك باشتر دەبێت.لە ژیانم بیرم لە ئیمتیازات نەكردۆتەوە، ئەوەی كردوومە بۆ خزمەتكردنە و پێویستم بە ئیمتیازاتی دنیا نییە.خواردنی پاروە نانێكی حەڵاڵ پێ باشترە لەهەموو خواردنێك، نامەوێ خاوەنی باڵەخانە و مەزرعە و ئوتۆمۆبێلی بەرزبم لەسەر حیسابی خەڵكی هەژار.من نامەوێ لەشەقام بەسەیارەیەكی بەرز بڕۆم خەڵك ئاه هەڵكێشێ، هەمیشە دەمەوێت لەخوار خەڵك بژیم، هەمیشە سەیری كەسێك دەكەم لەمن نەساغتر و هەژار ترو پەرێشانترە، شەو نییە سوژدە بۆ خودای خۆم نەكەم و شوكرانەی نەكەم. نامەوێ خۆم شەرمەزاری خودای خۆم بكەم كە ئەو ناز و نبعمەتەی وەك مرۆڤ پێداوم.
-
رۆژنامهی خهبات 21-04-2021 ژماره 6120
بۆ بینینی رۆژنامهی خهبات كرته لهم بهشهی خوارهوه بكه … -
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ژاپۆن دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە نیکیهیر… -
له ههرێمی كوردستان ههزار و 151 كهسی دیكه تووشی كۆرۆنا بوون
وهزارهتی تهندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕای گهیاند، كه ههزار و 151 كهسی دیك…
لێدوانێك بنووسه
بابهتی تر
شاخەوان عەبدوڵڵا: پارتی بە پەرۆشە بۆ چارەسەری دۆخی كەركووك
ئا- خەبات: ئەندامی لێژنەی ئاساییكردنەوەی كەركووك، شاخەوان عەبدوڵڵا باس لەو م…