كاروان كەریمخان گوندەژۆری
دەبینین كە لە دەوروبەری ئێمە بۆ دیار نەمانی ڕۆژنامەنوسێكی وەك خاشقچی و كەشیشێكی وەك ئەندرسن چی دەكرێت و ئەم ڕووداوانە چۆن بوونەتە نوچەی سەرەكی میدیاكان. بەڵام ڕۆژانە كورد قڕانە و ویژدانی لافلێدەرانی دیموكراسیش چۆن خەوتووە. لێرەدا تەنها ئێمە خۆمان دەبێ دەست هەڵماڵین و بیرێك لە حاڵی زاری خۆمان بكەین. لە دوای ڕووداوەكانی2014 بەولاوە كورد پێویستە زیاتر لە جاران پەنا بۆ نەدای ویژدانی بیرمەند و هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی جیهان بەرێت.
گومان لەوەدا نییە كە بەشێكی كاری سیاسی دەبێ بە ئامرازەكانی فەرهەنگی دەوڵەمەند بكرێن و ئامانجەكان بە چەكی كاری هونەری بپێكرێن. ئەو دەسەڵات و ئیمكاناتەی ئێستاش هەلێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانین ببینە ناوەندێكی هونەری بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی كوردستان. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری شووم كوردستان دەبێ لە ڕووی هونەری چیبكات و چۆن ئاخاوتن لەگەڵ جیهاندا بكات؟ لەژێر چاودێری بەیاننامەیەكی جەنابی سەرۆك بارزانی لەكاتی ڕووداوی تاڵیی 16ی ئۆكتۆبەر بە پێشنیارێك وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە.
ئەگەر لە بیرمان بێت جەنابی سەرۆك بارزانی لە كاتی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر داوای لە خەڵكی جیهان و ڕۆشنبیران و شەقام و رایگشتی كرد تاكو ئەم ستەمە لە دەوڵەتەكانیان قبووڵ نەكەن، دیارە كە ڕۆشنبیر و هونەرمەندان كاریگەریان هەیە لەسەر شەقام و رایگشتی بۆیە جەنابی سەرۆك ڕووی فەرمایشی دایە شەقامی جیهان و رای گشتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و چینی ناوەڕاست بە گشتی. دوای هێوربوونەوەیەكی كەمی دۆخەكە پێموایە دەبێ ئەو بەیاننامە بە میكانیزمی كاری هونەری بۆ چینی ناوەڕاستی جیهان بەرچاو بكرێت، لێرەدا پێویستە كورد ناوكی ئەم بەیاننامە لە مێشك و هزری ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی جیهان بنەخشێنێت و لەمەودوا بە بەرهەمی هونەری دەرگای ویژدانی جیهان بكاتەوە، لەژێر ڕووناكی ئەم راستییە و بەوپێیەی كە كاری هونەری كارێكی ئەفسوناوی زۆر كاریگەرە و پێویستە كورد بە بەرهەمی هونەری بەگشتی و بەتایبەتی فیلم لەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پێشێلكردنی مافی گەورەترین نەتەوەی رەسەنی بێدەوڵەت ڕووی قسەی بداتە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی جیهان. پێیان بڵێ كە چەمكی دیموكراسی و مافی مرۆڤی هزرمەندانی سیاسی ڕۆژئاوا لە كوێی ئامانجی سیاسی وڵاتانی زلهێزە؟ پێیان بڵێ زێڕی ڕەش بووە بەڵای ڕەش بۆ ئەم نەتەوە هەژار و ستەملێكراوە و خاكەكەی لەسەر دوو پیاڵە نەفت پارچە پارچە كرا و خوێنی ڕژا و كافر و ئاسمیلە كرا.
پێیان بڵێ هونەرمەندانی ئێوە لەسەر تینویەتی ماسییەك دەیان ڕۆمان دەنووسن، لەسەر شكانی گۆزەیەكی بەتاڵ دەیان وێنەی سەرنجڕاكێش دەكێشن، لەسەر بەلەمێكی نقوومبوو دەیان فیلم ساز دەكەن، لەسەر ئەسپێكی برینداری جەنگی جیهانی دیكۆمێنت دروستدەكەن، بەڵام لەسەر ڕژانی خوێنی ملیۆنان كورد دیموكراسی و مافی مرۆڤی جیهان ڕیسوا ناكەن! بە هونەرمەندانی وڵاتان بڵێن دوای جەنگی جیهانی ئێوە گوتتان خەلەلێك لە ئێمە هەیە، بۆیە مرۆڤكوژی ڕوویداوە و ئێمە مرۆڤمان وا لێنەكردووە یەكتر نەكوژن، بۆیە دەبێ بە خۆماندا بچینەوە، ئەی ئێستا خەلەل لە كوێیە كە لە بەرانبەر نەتەوەیەكی خاوەن ژیاری رەسەنی وەك پێویست نین.
پێموایە ئەمجارە ڕووی بەرهەمی هونەری كوردستان دەبێ ئاراستەی هونەرمەندانی جیهان بكرێت، دەبێ ئێمە هانا بۆ زلدەزگای كولتووری زەبەلاحی وەك هۆلیڤۆد بەرین. لە ئێستادا پێویستە فیلمێك لەسەر رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركاری كوردستان و جینۆسایدی خورماتوو دروستبكرێت بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێین سەدام حوسێن و عێراقی دیموكراسی هەردووكیان زاوی فەرهەنگێكی شۆڤێنین كە بە هەڵبژاردن و كۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەڕێ نابن. هەروەها پێویستە ڕووی قسەمان بۆ هونەرمەندانی جیهان بێت و پێیان بڵێین لە سەردەمی جیهانی بوون و خۆشگوزەرانی ئەمە حاڵی ئێمەی لە ئێوە بێ ئاگایە. ئەگەرچی لەباری هونەر هیچ نازانم و لە بەرانبەر هونەری حەوتەم و سینەمادا تەنها بەكارهێنەریكی ئاساییم وەك هەموو خەڵكی سادەی سەر شەقام، بەڵام وەك پێشنیار پێویستە پێش دروستكردنی فیلمێكی ئاوا سمیناری زانستی پەیوەنداری لە بارەوە ساز بكرێت، هەروەها بۆ ئەوەی فەرهەنگی خیانەت و جاشایەتی و ئاژانی كردن بۆ دوژمنان كۆتایی بێت پێویستە ئەم ڕووداوانە بە بەرهەمی هونەری وەك دیكۆمێنت بمێننەوە و بكرێنە بەرهەمی سینەمایی بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەك بۆ ئەو كەسانەی بیانەوێت لە داهاتوودا دیسان ئەجێندای دوژمن بگەیێننە جێ و خیانەت بكەن.