بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان: بەپێی پلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لۆگۆ و پۆستەرەكانی پارتی و كاندیدەكانمان دڕێندراون

 

 

بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) دەڵێت: پۆستەرەكانی پارتی و كاندیدی ئەو حیزبە لە بازنەی سێ كە دكتۆرە ئەشواق جافە دڕێندراون و ئەوەش پلان بۆ داڕێژراو بووە. بەسام عەلی ئاماژە بەوەشدەدات، پارتی لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان حوكومڕان بووبێت ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا كێشاوە.

 

 

خەبات: عەلی بانیشاری

 

 

كردنە ئامانجی پۆستەرەكانی پارتی و كاندیدەكانی پلان بۆ داڕێژراوە

بەرپرسی لقی 12ی پارتی باس لەوەدەكات، بەپێی ئەو پلانەی لە لق دانراوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە 16ی ئاب یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و رۆژبوونی سەرۆك بارزانی دەستپێكردووە. بەسام عەلی دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدەكان كاتی زیاتریان هەبوو بۆ ئەوەی دەست بە هەڵمەتی بانگەشە بكەن، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا 30 رۆژیان بۆ دیاریكرابوو بۆ بانگەشە، بەڵام ئەمجارە زیاتر بوو لەو ماوەیەوە. گوتیشی: كاندیدی بازنەی سێ كە ئەشواق جافە و بە ژمارە 22 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات لەو كاتەوەی كۆمیسیۆن ناوەكەی پەسەند كردووە دەستی بە هەڵمەتی بانگەشە كردووە.

ئەو زیاتر گوتی: لە زۆرینەی لیژنە ناوچەكان بانگەشەی جەماوەریمان كردووە و لە ئێستاشدا هەڵمەتی بانگەشەی ماڵ بە ماڵ ئەنجام دەدەین و كارتی كاندیدەكەمان دەگەیەنییە دەستی هەڤاڵان و دەنگدەرانی پارتی. باسی لەوەشكرد، هەڵمەتی بانگەشە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بەردەوام دەبێت. بەسام عەلی نیگەرانی خۆشی نیشاندا لە دڕاندنی پۆستەرەكانی پارتی و دكتۆرە ئەشواق جاف لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

 

لایەنە سیاسییەكان بێ گرفت بانگەشەی خۆیان لە هەولێر و دهۆك دەكەن

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی تر لە كۆڵان و شەقامەكان بەڕێز و تەقدیرەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام لە هەڵەبجە پۆستەرەكانی پارتی و كاندیدەكەیان دەكرێنە ئامانج. دەشڵێت: لەسەرەتاوە هەڵمەتی بانگەشە بە ئارامی تێدەپەڕی، بەڵام دواتر بەپێی پلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لۆگۆ و پۆستەرەكانی پارتی و كاندیدی پارتی لە بازنەی سێ دڕێندراون.

ئەو پێی وابوو، كردنە ئامانجی پۆستەرەكانی ئەشواق جاف بۆ بەهێزی ئەو كاندیدە لە بازنەی سێ دەگەڕێتەوە و ترسە لە دەرچوونی، هەر ئەوەش وایكردووە پەرچەكردارێك لای بەرامبەرەكانی دروست بكات و دەست بكەن بە دڕاندنی پۆستەرەكانی پارتی و ئەو كاندیدە. گوتیشی: بەداخەوە دانانی پۆستەری كاندیدێك لە شوێنێك كە رێگەپێدراوە بۆ ئێمەی بە رەوا نابینن بانگەشەی بۆ بكەین، بەڵام بۆ لایەنەكانی تر ئاساییە.

 

پارتی خزمەتی هەڵەبجەی كردووە

 

بەسام عەلی دەڵێت: زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێم ئەوەی بۆ هەڵەبجە كراوە پارتی كردوویەتی، هەر لە خزمەتگوزارییەكانی گەڕەكی شارەوانی هەڵەبجە تا كۆنكرێتكردنی بازاڕ و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی شارەكە و كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەی گرنگ كە لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدراون. بەرپرسی لقی 12ی پارتی دەشڵێت: پارتی بەردەوام پەیامی ئەوە بووە لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان حوكومڕان بووبێت ئەو ناوچەیە ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی باڵی بەسەردا كێشاوە. گوتیشی: هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خۆیان شاهیدی ئەوەن و كۆمەڵێك ناوچە كە پارتی لێی باڵادەستە چەند ئارام و ئاوەدانە و پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیووە. ئەو بەرپرسەی پارتی هیوای ئەوەی خواست، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان متمانە بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ببەخشت تا سەرجەم ناوچەكانی تری باشووری كوردستان وەكو ئەو ناوچانەی كە پارتی تێیدا حوكومڕانە ئارام و ئاوەدان بێت.

 

لە كاندیدەكەمان زۆر رازین

 

بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە سەبارەت بە كاندیدكردنەوەی ئەشواق جاف بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: خاتوو ئەشواق جاف نەك لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی تەواوی عێراقیش ئافرەتێكی زۆر دەگمەن و بە جورئەت و پڕ زانیاری و مەعریفەیە و پەیوەندییەكی بەربڵاوی لەگەڵ سەرجەم لایەنە عێراقییەكان بە سوننە و شیعەوە هەیە و ئێمە زۆر لێی رازین. دەشڵێت: لە دوو خولی رابردووی كاری پەرلەمانی خۆیدا سەلماندی لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و زیندانیانی سیاسی و كەم ئەندامانی سەنگەر، هەروەها لە بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانیش رۆڵی زۆر گەورەی بینیووە. زیاتر گوتی: كاندیدی ژمارە 22ی پارتی لە بازنەی سێی پارێزگای سلێمانی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لە تێپەڕاندنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەو رۆڵێكی زۆری هەبوو لە تێپەڕاندنی یاسای قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەوانەی زیانلێكەوتووی دەستی رژێمی بەعسن، بۆیە پێمان وایە بۆ ئەوەی بەرنامەكەی تەواو بكات پێویستە لە خولێكی تری پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو كارە گرنگانە بكات كە رابردوودا بەتەواو نەكراوی ماونەتەوە، بەتایبەت ئەو یاسایانەی كە پەیوەستن بە سنوورێكی پڕ لە كارەسات و قوربانی وەكو هەڵەبجە و دەوروبەری.

 

 

 

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…