شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

چەند خولێكی هەڵبژاردنە، پێش پێكهێنانی هەر كابینەیەكی حكوومەت، حزبەكان زۆرترین گفتوگۆ لەسەر وەرگرتنی بەركەوتەی هەڵبژاردن و تەنانەت پۆستی زیاتریش لە قەبارەی خۆیان دەكەن، خۆ ئەگەر بە پێوەری بەركەوتەی هەڵبژاردنیش بێت، پارتی هەردەم بەشە پۆستی خۆی داوە بە حزبەكانی دیكە لەپێناو پێكەوە كاركردن و دروستكردنی حكوومەتێك كە ڕەنگدانەوەی تەواوی خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بێت و هەمووان بە هی خۆیانی بزانن و چاوشاركێ لەگەڵدا بەرپرسیارێتییەكاندا نەكەن.
لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمیشدا، ئەم دیاردەیە زەقتر دەركەوتەوە و زۆرترین گوشار لەسەر پارتی وەك حزب كە زۆرترین كورسی هەیە و خودی كاك مەسرور بارزانی وەك پێكهێنەری كابینەكە دروست كرا، هیچ یەكێك لە گوشارەكانیش بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و كارنامەی حكوومەت نەبوون، بەڵكوو بۆ پێدانی پۆستی زیاتر لە قەبارەی خۆیان بە لایەنە سیاسییەكان و كەسوكاری بەرپرسە باڵاكانی ناو حزبە ركابەرەكانی پارتی بوون، تەنانەت لایەنی سیاسی هەبوو، هەڕەشەی شەڕی چەكداریشی دەكرد، بەڵام چونكە پارتی هەستی بە بەرپرسیارێتی دەكرد، نەچووە ناو قووڵایی هەڕەشەكانەوە و كۆی پرۆسەكەی بە ئاراستەی پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشدا برد و سەرئەنجام كاك مەسرور بارزانی بە پشوودرێژیی خۆیەوە توانی كابینەكە دروست بكات و دەمودەست پرۆسەی چاكسازیی لە جومگە گرنگەكان دەستپێكرد.
كابینەی نۆیەم، پرۆسەی چاكسازی كردە یەكێك لە ئەولەویەتی كاركردنی خۆی و بە كردەوە هەنگاوی بۆی هاویشت، وێڕای قەیرانی دارایی و دروستكردنی گرفت لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی، پرۆژەكان نەوەستان و هی نوێش جێبەجێ كران، ئەمە بووە هۆی تووڕەبوون و ترساندنی هەندێ لایەنی سیاسی كە تەنانەت لە حكوومەتیشدا بەشدارن، چونكە بەهۆی چاكسازییەوە بەرژەوەندیی حزبی و كەسیییان دەكەوتە مەترسییەوە، ئیدی كەوتنە دژایەتیكردنی حكوومەت و لەبری ئەوەیشی شانبدەنە بەر بەرپرسیارێتی و بە تیم كار بكەن بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆسەی چاكسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، بە پێچەوانەوە سەنگەریان لە حكوومەت گرت تا ئەو ئاستەی لە هەندێ ناوچەی كوردستاندا بە تایبەتی سلێمانی بە خەڵك دەگوترا پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت نەبن و و كۆرۆنا ڕاست نییە و بڕژێنە سەر شەقام و چالاكی و قەرەباڵغی دروست بكەن و پرۆژەكانیش كەمبایەخ دەكران.
حكوومەت بە تەنیا حكوومەتی پارتی نییە و لە زۆربەی حزبەكان پێكهاتووە، كەچی ئەوەی جێی سەرنج و رەخنەیە و گرنگە خەڵكی كوردستانیش لەو راستییە هۆشیار بكرێنەوە، كاتێك حكوومەت تووشی قەیران و دۆخێكی لە ناكاو دەبێت، لەپێناو گەرمكردنی بازاڕی موزایەدەی سیاسی، ركابەرەكانی پارتی خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەشارنەوە و كاتێكیش حكوومەت كارێك یان پرۆژەیەكی گەورە دەكات و هەنگاوێكی گرنگی ئابووری و كارگێڕی دەنێت، هەر ئەو لایەنانە لە رێی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە دەستكەوتەكە دەدزن و دەیكەن بە هی خۆیان، ئەوەش جۆرێكە لە سیاسەتی چەواشەكاری و پۆپۆلیستی بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی و كەسی.
ئەو مۆدیلی خۆشاردنەوە لە بەرپرسیارێتی، كاریگەری نەرێیی زۆری لەسەر جومگەكانی حومكڕانێتی هەبووە و ئیدی پێویستە پارتی یان حكوومەت رای گشتی لێ ئاگادار بكەنەوە، بە تایبەتی ئێستا كە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، پروپاگەندە و سیاسەتی موزایەدە و خۆبەخاوەنكردنی دەستكەوتەكان زۆر دەبێت، لەكاتێكدا لە سەروبەندی قەیران و گرفتەكاندا ئەو هێزانە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەشارنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئومێد خۆشناو: پارێزگاری له‌ هاووڵاتیانی خۆمان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر شوێنێك بن

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەو خێزانە کوردە کرد، چه‌…