دڵشاد مستەفا وەسانی
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، میدیای زۆنەكەی ئەولا بە رەسمی و سێبەرەوە، بۆ شاردنەوەی ئەو خیانەتە، هەڵمەتێكی یەك بەرنامەییان هەیە، بە جۆرێك ئەگەر بە وردی سەیری ئەو راپۆرت و وتارانە بكەی كە لەم یەك دوو رۆژەدا بڵاوبوونەتەوە، وادەزانی هەمووی لەلایەن كەسێكەوە نووسراون و بەسەر دامودەزگا میدیاییەكاندا دابەشكراون، بە كورتی ئاماژە بە بیانووەكانی پەنابردن بۆ خیانەتەكە دەكەین.
1- دەڵێن كاتی ریفڕاندۆم نەبوو، باشە، بەڵام چارەسەر هەر ئەوە بوو رێككەوتنی ژێربەژێر بكرێ و حەشدی شەعبی بهێنرێتە كەركووك؟
2- گوتیان پارتی نەوتی كەركووك دەدزێ، بەو هۆیەشەوە زیاتر دوژمنانیان هاندا بۆ پەلاماردانی كەركووك، ئەو نەوتە بە شێوەیەك دەڕۆیشت كە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ كەركووك بوو، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە بەغدا چەند ساڵ پێش ریفڕاندۆمیش دۆلارێكی پترۆدۆلاری كەركووكی نەدابوو، دوای 16ی ئۆكتۆبەر نەوتەكە بە تانكەر بۆ ئێران دەڕوات، بێ ئەوەی دۆلارێك بۆ كەركووك بێت، دەچێتە گیرفانی چەند كەسێك.
3- دەڵێن بۆچی هەر كەركووك ئەی شنگال؟ جارێ شنگال خاڵێكی زۆر لاوازی سەربازی بوو، بۆیە كەوتنی شنگال شكانی سەربازی بوو، بەڵام ئەوەی لە كەركووك روویدا خیانەت بوو نەك شكستی سەربازی، ئەگەر نابەرامبەری هێزەكانیش بیانوو بێ، ئەی بۆچی دوای چوار رۆژ لە داگیركردنی كەركووك، پێشمەرگە داگیركەرانی لە پردێ راگرت و لێنەگەڕان بێنە پێشەوە؟ باشە ئەگەر لە شنگال خیانەت كرابێ دەبێ لە كەركووكیش بكرێ؟
4- دەڵێن 16ی ئۆكتۆبەر بۆ پاراستنی كەركووك بوو و كورد كرایەوە خاوەنی كەركووك، ئاسایشی كەركووك بە دەست كوردەوە بوو، ئێستا كەوتە دەستی حەشدی شەعبی، بەو هۆیەوە جارێكی دی تەعریب دەستی پێكردەوە، كورد بووەوە میوان.
5- دەڵێن ریفڕاندۆم هەڕەشە بوو لەسەر یەكێتی، ئەو سناریۆیەی باسی دەكەن، بۆ شەرعییەتدانە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، نەدەبوو ئەوە باس بكەن، چونكە ناشیرینە هێزێك كۆدەنگی خەڵكی كوردستان لەسەر دیاریكردنی چارەنووس، بە هەڕەشە لەسەر خۆی حیساب بكات.
6- دەڵێن پارتی لە 16ی ئۆكتۆبەر تێكشكا، چونكە دەوڵەتانی دەوروبەر و عێراق بە هاوكاری و رێگەخۆشكردنی گرووپی خیانەت رێگەیان لە پرۆژەی پارتی گرت، ئەو نەشئەیە لە گەرمەی خیانەتەكەدا بوو، چاویان لەوە بوو كۆتایی بە پارتی بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پارتی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هەر بە هێزی یەكەم و بەهێزتر لە جاران مایەوە.
7- دەڵێن پارتی بە هاوكاری توركیا ریفڕاندۆمی كرد، ئەمە زیاتر بۆ هاندانی ئاغاكان و شاردنەوەی دەوری باڵای ئێرانە، دەنا ئێستا خەریكە مامە حەمەیی بۆ توركیا دەكەن، هەستیان بەوە كردووە، تا دێت كات لە بەرژەوەندیدا نییە، چونكە چارەنووسی خۆیان بەو برا موسڵمانانە گرێداوە كە چاوەڕێی تەنگژەیەكی گەورە لە ناوچەكە دەكەن.
ئاواتی كەوتنی پارتی، بە فرۆشتنی خاكیش نەهاتەدی، دەبوو خیانەتەكە بكرابووایە پەند و عیبرەت، بۆیە پێویست بە بیانووهێنانەوە بۆ 16ی ئۆكتۆبەر ناكات، چونكە عوزر لە قەباحەت گەورەترە.