فەرحان جەوهەر

چەند رۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتە سیاسییەکان و بەشێک لە بەربژێرانی سەربەخۆش لە تەواوی وڵات، بەهەرێمی کوردستانیشەوە لە کێبەڕکێ و ململانێدان، بەپێی رای زۆربەی چاودێران و ئەو راپرسیانەش کە رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانیش ئەنجامیانداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە، ئەم راستییە نەک هەر لە جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە دیارە، بەڵکو رکابەرو نەیارەکانیشی ئەم راستییە چاک دەزانن، بۆیە تیرەکانیان زۆر توندتر دەگرنە پارتی و سەرکردایەتیەکەی، هەندێک جار ئەوەندە تەنگاودەبن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئەدەبیاتە پڕ لە جنێو و تەشهیرەی سەردەمە خوێناویەکانی شەڕی ناوخۆ، کە دڵنیام هیچ کەسێکی نیشتمانپەروەر حەز لە بیستن و بیرهاتنەوەی ناکات.

ئەو هۆکارانەی وایان کردووە کە پارتی دوای حەفتا و پێنج ساڵ حزبی یەکەمی کوردستان و عێراق بێت. گەلێک زۆرن، لەهەمووی بەهێزتر پارتی خاوەنی سەرۆکێکی بەهێزە، هەر بۆیەش زۆر جار دەبینین نەیارەکانی پارتی هیوایان لەسەر دوای نەمانی سەردەمی سەرۆک هەڵچنیوە، ئەمە نیشانەی بێ ئومێدبوونیانە لە ململانێکردنی پارتی، خاڵێکی تری بەهێزی پارتی ئەوەیە، ساڵانێکی گەلێک زۆر پارتی و سەرکردایەتیەکەی بوونەتە ناونیشانی کوردبوون و کوردایەتی، سەیرکەن هەر کەسێک لە هەر شوێنێک باس لە کوردبوون و شوناسەکەی بکات، ئەوە مەحکومە بە پارتی بوون، سەرەڕای ئەو بەرگریەی پارتی لە شوناسی کوردبوون دەیکات، لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزایەکانی تریش راستگۆیە و بەتەواوی مافەکانیانەوە قەبوڵکراون، خاڵێکی تر ئەوەیە ئەم بنەماڵەیەی ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکەن، ئەمە زیاتر لەسەتەیەکە لە مەیدانی بەرگری کردن لە کوردبوون و کوردایەتی وەک کێو چەقیون، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، کە هیچ جار ئەم مەسەلە، لەدەستیان نەشکاوە و دووچاری نسکۆبوون نەبووە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو جارێک لە ژێر هیچ بارودۆخێکی قورس و گراندا چۆکیان دانەداوە و دووبارە بۆ بەرگری لەو مەسەلەیە تێهەڵچوونەتەوە، خاڵێکی تر ئەوەیە هیچ پارت و لایەنێک لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی وەک پارتی نەیتوانیوە تێبگات، یان خوێندنەوەی بۆ بکات، بۆیە دەبینین هەمیشە پارتی و خەڵک لەیەکەوە نزیکن، هەرچەندە ئێستا بەهۆی خرابی هەندێک لە بەرپرسەکانی درز کەوتۆتە ئەو پەیوەندییە.

زۆر جار ئێمەی رۆشنبیر و رۆژنامەنووسانی ناو پارتی، رەخنە دەگرین و پێمانوایە ئەبێ پارتی لیبڕاڵتربێت لەوەی کەهەیە، یان دامەزراوەتر و کراوەتر بێت، هەروەها سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین سینگی فراوانتربێت، بەڵام کە سەیری لایەنەکانی تر دەکەین، کە لەرووی ئیعلامیەوە زۆر باس لە ئازادی رادەربڕین و لیبڕاڵ بوون دەکەن، هیچیان بەقەد پارتی کراوەتر و لیبڕالترنین، بۆ ئەوەی بە بەڵگەوە قسە بکەین، سەیری هەردوو کەناڵی تەلەفزێۆنی رووداو کوردستان 24 بکەن، کە چەند بابەتیانەو نیشتیمانیانە سەرەدەری لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان دەکەن، لەمانەش بگەڕێن سەیری لاپەڕەی بیروڕای رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بکەن، دەبینن چۆن رای جیاواز و بابەتی رەخنە ئامێزی بابەتیانە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە جیاوازی و رەخنە و ئازادی رادەربڕین، پێویستمان بەوە هەیە جیاوازی لە نێوان رەخنە و تەشهیربکەین، ئەوەی ئەمڕۆ باوە لە ناو کۆمەڵگای ئێمە پێمانوایە تەشهیر، ئازادی رادەربڕین و رەخنەیە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنێکی قورسە و پێویستمان بە وشیاری فیکری هەیە بۆ تێگەیشتن لەم ئیشکالیەتە.

زۆر جار من وتار و بابەتی رەخنەیی بڵاو دەکەمەوە، کادری خۆمان هەبووە بەمنی گوتووە، ناتوانێت یان ناوێرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لایکی ئەم وتارە بکات، کەچی رۆژی دواتر رۆژنامەی خەباتی حزبی بابەتەکەمی بڵاو کردۆتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە پارتی رەخنەی قبووڵە، بەڵام ئەوەی کۆمەڵێک خەڵک لێی تێناگات، ئەوەیە پێیانوایە ئەبێ پارتی تەشهیر و لێدان و ناوزڕاندنیش قبوڵ بکات.

ئەم هۆکارارانەی سەرەوە و کۆمەڵێک هۆکاری تریش هەیە، وای کردووە پارتی بە حزبی یەکەم بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی وتارەکەم درێژتر نەبێت باسیان ناکەم.

بابه‌تی تر

ئەو ھۆکارانەی وات لێدەکەن رۆژانە ترێ بخۆیت

خەبات: سولین سلێمان:- ھەموومان دەزانین کە میوەی ترێ جگە لەوەی میوەیەکی خۆشە چەندەھا سوودی …