خەبات: پەریهان عومەر:- هەنگاوەکانی لە بواری شیعر بەرەو ئهوهیه، کە دەبێ بورهان بەرزنجی مۆرکێکی تایبەتی هەبێت، بناسرێت و خشتێک لە دیواری بەرزی ئهدەبی کوردی هەڵچنێت، دانانی یەکەم هەنگاوی بڵاوکردنەوەی هەڵبژاردەیەکە، لە ژمارە 29 ی گۆڤاری (بهیان) ساڵی 1975 وەک کۆپلە شیعرێك بڵاو کرایەوە، ئهوكات تهمهنی 15 ساڵ بووه.
* لەم دیدارەی (خەبات)دا (بورهان بهرزنجی)ی شاعیر لهبارهی ژیانی خۆی گوتی: ساڵی 1960 لە شاری دوزخورماتوو لە گەڕەکی مستەفا ئاغا لە دایکبووم، منداڵی و هەرزەکاریم لەو گەڕەکە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا فێری زمانی تورکمانی بووم، ئەوەش شارەزاییەکی باشی لە ناسین و ئاگابوونم لە کەلتوور و شێوازی ڕۆشنفکری ئەو خەڵکانەی لە نەتەوەیەکی تری ئەو شارەن پێ بەخشیم، بۆ من مایەی دەوڵەمەندی ئەدەب و کەلتوور بووە.
* شاعیر بورهان بەرزنجی لەم دیمانهیهی خەبات باس لە هەڵبژاردنی بواری شیعر نووسین دەکات و گوتی:
ئەوەی سەلمێندراوە و باسی زۆری گوێی خەڵکی پڕ کردووە، بەر چاوانی خوێنەران هاتووە ئەوەیە، کە ئیلهامێکی خواییە و بۆ خەڵكانێک دیاری دەکرێت، خوێندن و ژیان جوانکاری بە بەرهەمەکان دەبەخشێ، ئەو بەرهەمانە ناوی لێ دەنرێت شیعر، لەوەتی مرۆڤ فێری زمان بووە شیعریش لە دایکبووە، ئێمەی کوردیش خاوەنی زمانین واتە خاوەنی شیعری خۆمانین، تایبەتمەندی خۆمانی تێدا هەیە.
گریانی کوردی، گۆرانی کوردی، هەست کردن بە سەرما و گەرمای ژیانی کورد، داستان و داڕوخانە. بەڵام لە مێژووی ئێمەدا، زۆرێک لە دەستی ڕەش و کارەسات، زۆرێک لەو بەرهەمانەی بۆ کوشتووین و ئێمەی بواری ئەدەب و ڕۆشنبیریی پێی کۆڵهوار بین. بۆ نموونە، دێرینی شیعری کوردییان بۆ بابا تاهیری عوریان دەبەنەوە، بۆ ساڵانێک ئەم قسە و باسە ژیا، بەڵام هەوڵەکان لە دڵسۆزانی ئەدەب و شیعری کوریدا زۆرن، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ڕاست و بەردەست، بۆ دابینکردنی بەرواری مێژووی ڕاست بۆ شیعری کوردی، کتێبە پیرۆزەکەی یارسان و کتێبی پیرۆزی ئێزیدیانه، کە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بە شیعر و زمانی کوردی نووسراوە. ئەمەش بەڵگەیەکی بەرچاوی مێژووی ئێمەیە، بەڵام شیعری کوردی جارێ لەوە کۆنترە، هیوادارم مێژوونووسان لەوه زیاتر لێكۆڵینهوهی لهبترهوه بكهن. واتە شیعر و بوونی شیعر لەگەڵ بوونی میللەت و نەتەوەدایە.
* لە پرسیاری ئەوەی ئایا ئێوه شیعر زیاتر بۆ چی دهنووسن؟
شاعیر بورهان بهرزنجی گوتی: هیچ کات شاعیر بێ جوانی ناژی، لەوانەیە برسێتی جەستەی شاعیر لاوازبکات، بەڵام هیچ کات ناتوانێ هەستی بەرەو جوانییەکانی ژیان لاواز بکات. بۆ شاعیر خۆشەویستی بەهایە، کەرەستەی بیناسازی شیعرە، گەر وزەی خۆشەویستیی لە شاعیر بەتاڵ بکرێتەوە، شیعر بە ئیفلیجی دێتە کایەوە، لەوانیە نەتوانێ لە سەر کاغەزی ژیاندا بژی یا تەمەنداربێت. تۆ تەماشا بکە لە کاتی جەنگدا سیاسییەکان یان حوکمڕانهکان، هانا بۆ دوو شتی سەرەکی دەبەن، سوپا و شاعیر. سوپا بۆ بەرگری و شاعیر بۆ هاندان ، سروودی نەتەوایەتی خوێن گەرمتر دەکات، چەک و تەقەمەنی و شمشێر بۆ بازووی جەنگاوەر بێ سروودی نیشمانی و خۆشەویستی میللەت و خاک سوودی نیە، تۆ تەماشاکە شەهید کە ڕوودەکاتە مەیدانی جەنگ، زمانی لە وتنەوە و چڕینی سروود و گۆرانی پڕ سۆزی خاک ڕاناوەستێت، ئەوە بەهای شیعرە. منیش هەمیشە بۆ خۆشەویستی دەبارێم، هەڵگری ئاڵای شۆڕشی خۆشەویستیم، مرۆڤ و خاک گرنگترین سەرمایەی منن، ئافرەت سیمبوڵی جوانی سەر زەمینە بۆی دەنووسم ، ئەوان نەبن تەمەنی شیعر کورت دەبێت.
* دەڵێن کەسی عاشق دەبێت بە شاعیر ، ئەمە تا چەند راستە؟ له وهڵامدا شاعیر گوتی: وتمان ئەوەی ئیلهامی شیعری هەبێت شاعیرە، بەڵام ئەوەی ئیلهامی شیعری هەبێت و عاشقیش بێ دەبێتە سەرمایەی نەتەوایەتی، وەلی دێوانە سەرمایەی کوردە، نالی سەرمایەیە، شێرکۆ بێکەس سەرمایەیە، شەرت نیە عاشق ببێتە شاعیر، بەڵام دەبێتە دۆستی شیعر.
* لە وەڵامی پرسیارێک كه جگە لە بواری شیعر نووسین چ پیشەیەکی تر تان هەیە و به چی خهریكن؟ له وهڵامدا گوتی: پیشە کارێکە قووتی ژیانت بۆ دابین دەکات، کە تەمەن تەواو بوو تەواو دەبێ، ئەوەش هەموو تاکەکانی سەر زەوی کاری پێ دەکەن، بۆ ئەوەی شەو و ڕۆژی ژیانیان بەسەر بەرن. شاعیر شیعر دەبێتە پیشەکانی تری، تا جوانتر خەیاڵ و مۆسیقا و وێنە و جۆری وێنە و جوانترین زمانی شیعر و جوانکارییەکانی خەیاڵ و ئاخاوتن بکات بە بەرهەمێکی نوێی شیعر، شاعیر بوون سەختە، گەر عاشق نەبووی ڕووتی لە داهێنانی جوان وتن، خەیاڵی جوانتر، گەر عاشق بوون هەڵیپێچای هەور دەبێتە هاوڕێت و دڵۆپەکانیشی تەڕت ناکەن، سەخاوەت دەبێتە پیشەت و هیچ کات بەدوای فیت و فاتی ژیان ناکەوی تەنها بۆ خۆشەویست دەژیت .
* شیعر چۆن ڕوخساری ماوەتەوە و دەمێنێ ئایا ڕوخسار گۆڕین لە شیعردا هەیە، چی بکرێت بۆ دۆزینەوەی شیعری جوان و زیندوو؟
له وهڵامدا گوتی: بە بەڵگەی نووسرا و هەنێ ئاماژە هەن، کە شیعر ڕوخساری گۆڕانکاریی بەسەرا هاتبێ، لە مێژووی نوێی شیعریشدا نموونە زۆرن. تەماشا بکە، کە ئاینی ئیسلام دەرکەوت و قورئانی پیرۆز خوێندرا، ئەوکات نەیارانی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای گەورەی لەسەربێ وتیان تۆ شاعیری و ئەمەی تۆ دەیڵێی شیعرە، ئێمە ئیستا لەبەر چاوماندایە قورئان لە ڕوخساری ئەو شیعرانەی ئێمە شارەزای هەین ناچێ، واتە دیارە عەرەبی ئەو سەردەمە شێوازی شیعریان لەو شێوە داڕشتنە هەبووبێ، بۆیە وتیان شیعرە، بەڵام قورئان شیعر نیە، ڕوخساری شیعر دەگۆڕدرێ، شیعر دەبێ هەڵگری پەیامی قۆناغی سەردەمی خۆی بێت، قۆناغ بە قۆناغ زمانی نوێ، ڕوخساری نوێ، ناخی نوێ فراوانی پەیوەندییەکان کاريگەری ڕاستەوخۆی بەسەر گۆڕانی ڕوخسار و شێوازی شیعر هەیە، نموونە لە قۆناغێکدا قاڵبی کلاسیکی و بەحری عروزەکان بوو، سەردەمانێک مولەمەع بەرپا دەکرا بە تێکەڵکردنی زاراوەی چەن زمانێک لە تێکستێکدا، ئیستا بە فراوانی ئازادی و پەیوەندییەکان شێوازی نوێ هاتووەتە کایەوە، نموونە شیعری هایکۆ یان هایکوو. من تایبەتمەندییەکی خۆم گرتۆتە ئەستۆ، لە زمانی قسەکردنەوە دەچمە ناو دڵی شیعر و زمانی شیعرییەت، ئاسان بێ گرێکوێرە، خوێنەر شیعرم لێ ببیستێ نەک مەتەڵ، ڕەخنە زیندوو ڕاگرتنی شیعرە، جوانی و پایەی شیعر لە ڕەخنەگرانی پسپۆرەوە وەردەگیرێت.
* لە کۆتاییدا لێمان پرسی ئایا شیعر بهرهو کوێ دەڕوات؟ له وهڵامدا گوتی: تا زمان و ئاخاوتن مابێ شیعر دەمێنێ، لەگەڵ گۆڕانکارێکانی ژیانا گۆڕانکاریی تێدا دەبێ، شاعیر خوڵقێنەری بابەتی دڵەکانە، تەنیا شاعیرە لە تەنیاییتدا هاوڕێتە و لە باخەڵی شەواندا گریانت دەبیستێ و فرمێسکت دەسڕێتەوە، ئەو شیعرەی چێژ نەبەخشێ و وێنای نوێ لە شێوازی داڕشتندا نەهێنێتە کایەوە، ناچێتە ڕیزی نەمرانەوە، تەمەنی شاعیر لە تەمەنی سیاسەتوان درێژترە، شیعرێک ناخی جوان بێت کۆڵەکەی شیعری لەسەر شان بێت نامرێت، مانەوەی شیعر مانەوەی شاعیرە، میللەتان بە شاعیرانەوە دەڕازێنرێنەوە، فارس بە شیرازی و تورکیش بە نازم حیکمەت و عەرەب جەواهری و هند بە تاغور.
چاپكراوهكانی شاعیر بورهان بهرزنجی:
1- دیوانی نزای زایەڵە / بەغدا 1999، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی / وەزارەتی ڕۆشنبیری.
2-دیوانی ( سیذهبون مع الریح ) / بەغدا 1999لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێرانی (أنور حسن موسی )، دار الشؤون الثقافیة العامة / بغداد.
3-دیوانی ماسولکەکانی جەستەم / بەغدا 2000، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری.
4-دیوانی گۆرانییەکانی پەپولەکان، لە تورکمانییەوە وەریگێڕاوەتە کوردی، شیعری فەوزی ئەکرەم / بەغدا 2001
5-دیوانی ( أغاني ألشجر ) / بەغدا 2002، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی ( أنور حسن موسی)
دار الشؤون الثقافیة العامة / بغداد.
6- دیوانی غەمەکانی نیشتمانی من / بەغدا 2002 .
7- دیوانی پانورامای شەش سوارەی گەرمیان، لە شەهید بوونەوە بۆ شەهیدبوونێکی تر، سلێمانی 2004.
8- دیوانی بانێژەی غەمەکانی شارەکەم، چاپخانەی هەولێر2005، دەزگای شەفەق، كەرکووک.
9- دیوانی زایەڵەی عیشق / سلێمانی 2016.
10- دیوانی لە تۆ وشک نابمەوە، سلێمانی، 2019.
11-پەرتوک / إقرأ / عەرەبی / ڕا و بۆ چوون / بەغدا، 2000.
12- پەرتوکی مێژوویی (طوزخورماتو ألتاریخ والشراکة ألحقیقیة لبني البشر)، کرکوک ، 2011. دەزگای ڕووناکبیری کەرکووک.
13-پەرتووکی مێژوویی /کرکوک ألأرض والتأریخ ، کرکوک ، 2016. دەزگای ڕووناکبیری کەرکووک.
14-پەرتووکی مێژوویی (ثقافة القتل والقتل ألجماعي في العراق) سلیمانی،2017.