سەردار حوسێن

بەپێی داتاكانی مانگی 6_2020 زیاتر لە سێ ملیار و 800 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهان بەشدار و بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن، واتا 50%ـی دانیشتووانی سەر رووی زەوی، لەو ژمارەیەیش فەیسبوك مانگانە دوو ملیار و 600 ملیۆن بەشداربووی چالاكی هەیەو تیك تۆك ژمارەی بەشداربووانی نزیك دەبێتەوە لە یەك ملیار كەس، وی چات كە زۆرتر چینییەكان بەكاری دەهێنن، نزیكەی ملیارێك و 400 ملیۆن بەشداربووی بەركەوتووە و واتسئاپ نزیكەی دوو ملیار بەشداربووی هەیە، كە زۆرینەی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە كۆمپانیای فەیسبوك خاوەندارێتییان دەكات.

بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە دوو جۆر یان دوو چین پۆلێندەكرێن، ئەگەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە نموونە وەربگرین و بە سەرنجدان و بەراوردێكی خێرا، جیاوازییەكی زەق لەنێوان بەكارهێنەری ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لە میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانیشتووانی ئەورووپا و رۆژئاوا دەبیندرێت، بەكارهێنەرانی ئێمە وەك بەشێك لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرتر حەزی دووبارەكردنەوەی بڵاوكراوەو وێنە و بۆچوون و ڤیدیۆی یەكتریان هەیە، رێك پێچەوانەی بەكارهێنەرانی رۆژئاوا و ئەورووپا، بۆ نموونە: ئێمە هەموومان بە یەكەوە لە ئەكاونتەكانمان باسی پرسێكی دیاریكراو دەكەین، هەموومان پێكەوە دڵخۆش دەبین و هەڵدەچین و تووڕە دەبین، حەزمان لێیە بەیەكەوە باسی خواردن بكەین، ئەگەرنا هەموومان قسە لەسەر داهاتی نەوت و دابەزینی نرخی تەماتە یان برەودان بە كشتوكاڵ بكەین، بەیەكەوەش پیرۆزبایی دەكەین و هەر بەیەكەوەش وێنەی قاوەخواردنەوە پۆست دەكەین.!

لە بەرانبەردا ئەورووپایی و رۆژئاواییەكان پێچەوانەی ئێمەن، ئەكاونتی كەسیان لەوەی دیكە ناچێت، هەریەكەیان لە جیهانی تایبەتی خۆیەوە خۆی دەردەخات، بڵاوكراوەی كەسیان كۆپی ئەوەی دیكە نییە، بوومەلەرزە لە شوێنێك روودەدات، بەڵام دانیشتووانی ئەو شوێنە هەموویان نابنە جیۆلۆجی و كەشناس، لە رووداوێكی هاتوچۆ كەسێك گیان لەدەست دەدات، هەموویان وێنەی پرۆفایلەكانیان رەش ناكەن، هەموویان بەیەكەوە نابنە سیاسی و شرۆڤەكاری ئابووری و توێژەری كۆمەڵایەتی و دادوەریش.!

جیاوازی بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەنێوان ئێمە و ئەواندا یەكجار زۆرە، ئەوان فرێندەكانیشان جیاوازن و هەریەكەیان لە وڵات و نەتەوەو كیشوەرێكەوەن، فەیسبوك بە رێژەیەكی بەرچاو لای ئەوان تۆڕێكی كۆمەڵایەتییە و بەهۆیەوە ئاشنایەتی و تێكەڵاوییەكی باشیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیان دروستكردووە، رێزیش لە بۆچوون و بیروڕا و ئایدیای جیاوازی یەكتر دەگرن، لەوپەڕی جیاوازیشدا بێدەنگیی بەرانبەر یەكتر دەنوێنن، لەسەر لایكنەكردنی یەكتری كۆتایی بەو پەیوەندییە ناهێنن و هەڕەشەی سڕینەوەی یەكتر ناكەن، كەچی ئێمەی رۆژهەڵاتی هەوڵمانداوە هەموو فرێندەكانمان هاوبیر و هاوڕەگەز و هاوئایین و هاونیشتیمانیی و هاوەكانی دیكەیش بن، هەر تۆزێكیش جیاوازیمان لەگەڵ هاوبەشانی دیكە هەبێت، یەكسەر (بلۆك)ـیان دەكەین و هەندێكمان لیستی بلۆككراوەكانمان زۆرترە لە لیستی فرێندەكانمان..!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

كامێلا هریچینكۆ: شانازی بەوەدەكەم لە 2018 ناسناوی ئەورووپا و لە 2019 ناسناوی جیهانم بەدەستهێنا

خەبات: هاوار مورتكەیی:-  (رۆژێك لەگەڵ دایكم لە قوتابخانەی میوزیك دەگەڕاینەوە، لەناكاو چەند…