د. ســامان سـۆرانی
تالیبان کە لە زمانی ئەفغانی بەواتای قوتابیان دێت، بزاڤێکی سوننەگەرای نزیك لە مەزهەبی ئەشعەرییەکانە، لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن قوتابیانی زانستە شەرعیەکان لە پاکستان دامەزرێنرا. زۆربەی ئەو کەسانەی کاتی خۆی سەر بەم بزاڤە بوون قوتابیانی ناوچەکانی پەشتون بوون، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفغانستان.

ئەم بزاڤە ئاینی نەتەوەییە توانی لە ساڵی ١٩٩٦ کابول کۆنترۆڵ بکات و ئیمارەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان جاڕبدات. دواتر پایتەختی ئیماراتەکە گوازرایەوە بۆ شاری قەندەهار و تا ساڵی ٢٠٠١ بەردەوامی هەبوو، ئەمریکا بەهۆی ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١ هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و کۆتایی بە ئیمارەتی ئیسلامی تالیبان هێنا.

ئەمڕۆ تالیبان ٢٠ ساڵ پاش لەناوچوونی جارێکی تر بە شێوەیەکی کوتوپڕو خێرا دێتەوە سەر دەسەڵات. هەندێ لە شرۆڤەکانی سیاسی پێیان وایە گەڕانەوەی تالیبان بەو خێراییە بە هۆکاری ڕێکەوتنی ئاشکرانەکراوی نێوان حکومەتی ئەمریکا و تالیبان بووە، شرۆڤەکارانی تر پێیان وایە تالیبان بە پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ و بە هێزی چەك بە سواری مۆتۆسایکل و بێ پاراستنیان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و تۆپ و تانک گەڕاوەتەوە بۆ کابول.

زۆر کەس ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات، ئەی باشە بۆچی ئەمریکا بە لەدەستدانی هەزاران سەرباز و برینداربوونی هەزارانی تری لە پێناو ڕزگارکردنی ئەفغانسان لە دەست تالیبان و بە سەرفکردنی زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار بۆ بونیادنانەوەی ئەو وڵاتە وا بە ئاسانی دەستبەرداری دەبێت و بێ بەرنامە و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و پاشاگەردانانە دەکشێتەوە؟

ئەوەی ئاشکرایە لە ڕێکەوتنی ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان ئەمریکا و تالیبان، سێ یان چوار خاڵە، گرینگترین خاڵ بریتیە لەوەی تالیبان، کە ئیمارەتێکی ئیسلامیە و ئەمریکا دانی پێ نانێت، بەڵێن دەدات بەرژەوەندیەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسی و تیرۆریستان داڵدە نادات و هاوکاریان نابێت و مەشقیان پێ ناکات، تا هێرش بکەنە سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی (ئەندامانی ناتۆ و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا).

پاش گەڕانەوەی تالیبان دوو حاڵەتمان بینی، یەکەم ترسی خەڵکی و ڕووکردنە فڕۆکەخانە و داڕمانی ئاسایش و هەڵهاتنی سەرۆکی دەوڵەت بۆ تاجیکسان و شەڕنەکردنی سوپای ئەفغانسان، کە ئەمریکا بە ٣٠٠ هەزار سەرباز مەزەندەی دەکات و خۆبەدەست دانی شار و شارۆچەکان بێ ئەوەی تەقەیەك بکرێ. هەرچەند زانیاریە هەواڵگرییە بیانیەکان پێیان وابوو پاش کشانەوەی ئەمریکا حکومەتی ئەفغانستان تا نزیکەی شەش مانگ بەرگری دەکات، بەڵام ئەو حکومەتە نەیتوانی تەنانەت یەك هەفتە بەرگری بکات. حاڵەتێکی تر کەسە توندئاژوو و ئەوانەی لە خەیاڵ دەژین پێیان وایە ئەمە سەرکەوتنی ئیسلامە و ئەگەر ئەمریکا لە کاتی خۆی ئەو وڵاتەی بەجێ نەهێشتبا ئەوا تەفروتونا دەبوو، هەندێ لە گروپە تیرۆریستیەکان بە بۆنەی سەرکەوتن پیرۆزباییان نارد بۆ تالیبان و هەندێ پێیان وابوو ئێستا دەکرێ فەلەستین و قودس ڕزگار بکرێ.

شاراوە نیە کەوا تالیبان لە پەیوەندی باشە لەگەڵ پاکستان و ئێران و بە تایبەتی لەگەڵ سوپای پاسداران و لە ڕووی لۆجیستی و زانیاری هاوکاری سەربازی ئەو دوو وڵاتەی پێ گەیشتووە، پاش گەڕانەوە بۆ کابول تالیبان لە ڕێگەی وتەبێژی، زەبیح الله مجاهد، دڵنیایی بە جیهان دا، ئەفغانستان ئیتر نابێ بە ناوەندێ بۆ ماددەهۆشبەرەکان، بەڵام وەحید الله هاشمی، کە سەرکردەیەکی تری تالیبانە بە ئاشکرا ووتی، هیچ ڕژێمێکی دیموکراسی دانامەزرێنین و ئەوەی پەیڕەو دەکرێت لە ئەفغانستان تەنها شەریعەتە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وایە دۆخەکە لە ئەفغانستان بە ئارامی نامێنێتەوە، زۆری پێ ناچێت ململانێی ناوخۆ دەست پێ دەکات، بە تایبەتی پاش ئەوەی ئەحمەد مسعود، کوڕی ئەحمەد شا مەسعودی تاجیک، کە بە شێرەکەی پێنج شێر ناوبانگی دەرکردووە، لەشکری بۆ لێدانی تالیبان کۆکردۆتەوە و سەرجەم ئەو کەسانەی دژ بە تالیبانن پشتگیری دەکەن.

ئەمڕۆ تالیبان بووە بە مایەی سەر ئێشە بۆ چین و ڕوسیا و تاجیکستان و تورکمانستان و ئۆزبەکستان و ئێران و پاکستان. بۆیە ئەگەری دووبارە ڕوودانی سیناریۆی هاوشێوەی جەنگی ناوخۆ، کە پاش کشانەوە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٨٩ ڕوویدا، هەیە.
بۆیە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی دیبلۆماسی دەدەن بۆ ڕێگریکردن لەو ڕوودانی ئەو سیناریۆیە. زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە مەبەستیانە ترسی ئاسایاشی خۆیان بە لایەنی کەم لە ئەفغانستان، کە بە گۆڕستانی وەهمە سەربازیەکان و ئیمپراتۆریەتەکان ناوی دەرکردووە، کەم بکەنەوە.

هەندێ لەو وڵاتانە پشتگیری سەقامگیری لە ئەفغانستان دەکەن لە پێناو پەرەپێدانی بازرگانی هەرێمی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەقاچاغ بردنی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، بەڵام هەندێ وڵاتی تر ناسەقامگیری بە دەرفەت دەزانێ بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی.

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…