ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووردا، كرده‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ڕاسپێردرا كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى داراییى عێراق و لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێك كه‌ تیایدا مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14/1/2019، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى  نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى  قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌ ساڵى تازه‌دا به‌ست.

سه‌ره‌تا  نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزباییى ساڵى تازه‌، ئاماژه‌ى به‌ سه‌ختییه‌كانى ساڵى ڕابردووى 2018 كرد و سوپاسى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و مووچه‌خۆرانى به‌تایبه‌تى كرد كه‌ به‌رگه‌ى قه‌یران و سه‌ختییه‌كانیان گرت و تێگه‌یشتینیان بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان هه‌بوو، هه‌روه‌ها هیواى خواست 2019 ساڵى كۆتاییهاتنى سه‌ختى و كێشه‌كان، تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان و باشتربوونى گوزه‌رانى هاووڵاتیان بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێكردنى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتیى فیدراڵدا بۆ ساڵى 2019، به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد سه‌باره‌ت به‌ پوخته‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق و ئه‌و هه‌وڵانه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌ر‌له‌مانى عێراق و وه‌زاره‌تى داراییى حكوومه‌تى فیدراڵه‌وه‌، دراون.

دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌، وێڕاى ستایشكردنى ئه‌م هه‌وڵانه‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووردا، كرده‌وه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ڕاسپێردرا كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى داراییى عێراق و لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێك كه‌ تیایدا مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پابه‌ندیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دووپات كرده‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سەد و بیست و سێیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژ…