ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/11/25  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکی لە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و سنووردانان، نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان، دیاردە کۆمەڵایەتییە نەخوازراوەکان، دابینکردنی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و جێندەری دەکات.

دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دووبارە پرسە و هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، خوالێخۆشبوو فرسەت سۆفی راگەیاند، هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهاتەکانی رێڕەوی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ. ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هیچ شێوەیەك حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات. گوتیشی: دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستانە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج، شەش، حەفت و دەی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە.

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت دەکات، کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە، فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین، بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێك لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای رێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن، لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی (دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان )ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بە کێشەی دیاریکردنی موڵکیەتی زەوی و زاری کریستیانەکان کرد لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەکی بەداوداچوون پێکبهێرنرێت، بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بەو کێشانە، بە ئاراستەی لە بەرچاوگرتن و دابینکردنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سنووردانان بۆ هەر زێدەڕۆییەك کە لە ئارادا بێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە

بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەو…