كاروان محەمەد سینو
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق2021 و ناڕەزایی و تانە و تەشەنەی ئەو لایەنانەی دەنگەكانیان پاشەكشەیانكردووە، هێشتا لانگرانیان لەمانگرتندا لە بەردەم (ناوچەی سەوز) لەبەغدا و خێوەگای ناڕەزاییان داچەقاندووە و جارجاریش هەڕەشەی هەڵكوتانی سەر (ناوچەی سەوز) دەكەن ئەگەر دەنگەكانیان بۆ نەگەڕێتەوە(هەروەک پێرێ روویدا) كە بە گوتەی خۆیان دەنگەكانیان دزراوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەرێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە (پێشوەختە)كە لە كۆتایی 2019 بڕیاری لێداربوو، لەئەنجامی گوشار و ناڕەزایی خۆپێشاندەران بوو لە بەغدا و پارێزگاكانی زۆرینەی شیعە لە ناوەراست و باشووری عێراق بەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و تەشەنە كردنی گەندەڵی و دەستەوەردانی دەرەكی (ئیران) لە سیاسەتی ناوخۆی عێراق و دامودەزگاكانی لەڕێگەی حزب و لایەن و میلیشیا و كەسانی نزیك و هاوسۆزی ئیران و قۆرغکردنی بازار و ئابووری عێراق لەخزمەتی ئابووری و بازرگانانی ئیران.

میلیشیاكانی نزیكی ئیران لە هەڵبژاردندا شكستیان هێنا
پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەبەراییەكانی هەڵبژردنەكە، حزب و لایەن و میلیشیا و كەسانی نزیك و هاوسۆزی ئیران بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەڵبژاردنەكەدا شكستیان هێنا و لە چاو هەڵبژاردنەكانی پێشووتر ژمارەی دەنگ و كورسییەكانیان پاشەكشە و كەمیان كرد. وێدەچێ شەقام و كۆمەڵگای عێراقی چیدی متمانەیان نەمابێ بە حزب و لایەن و میلیشیای تایفەگەری كە لەدەرەوەی بەرژەوەندییەکانی عێراق ئاواز دەژەنن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، (رەوتی سەدر) دەستكەوتێكی باشیان هەبووە و لە ریزبەندی یەكەم دایە كە لەكۆی گشتی 329كورسی پەرلەمانی عێراق، 73كورسیان بەدەست هێناوە. شایانی باسە (رەوتی سەردر) رەوتێكی سیاسی ئایانیی شیعەیە كە (موقتەدا سەدر) سەروكایەتییان دەكات، بێجگە لە باڵە سیاسییەكەی هەروەها (رەوتی سەرد) باڵێكی عەسكەری میلیشیاوی هەیە بەناوی (سەرایا ئەلسەلام لە ساڵی2014 پێهێنراوە) كە بریتین لە پاشماوەی هەردوو باڵە عەسكەریەكەی پێشوویان بەناوی (لیوا‌و ئەلیوم ئەل مەوعود 2007-20011) و (جەیش ئەلمەهدی 2003-2007). ئێستا (سەرایا ئەلسەلام) بەشێكن لە میلیشیاكانی پێكهاتەی حەشدی شەعبی. ئەگەرچی رەوتی سەرد و (موقتەدا سەرد) پەیوەندییان باشە لەگەڵ ئیران، بەڵام وێدەچێ لەم دووساڵەی ڕابردوودا موقتەدا و رەوتەكەی وێرای شیعایەتی خۆیان هەوەها عێراقچیاتیش دەكەن و لە دوایین ڕاگەیاندراویدا (24ی10ی2024) موقتەدا سەدر دەستوەردان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و سیاسەت و سەروەری عێراق بەهەموو شێوەك ڕەت دەكاتەوە و لە بەیاننامەكەدا هۆشداری داوە كە ئەوان (موقتەدا و رەوتەكەی) لەداهاتوودا چیدی دەستوەردان لە كاروباری عێراق (لەهیچ وڵاتێک؟!) قبوڵ ناكەن و رێكاری یاسایی و دیپلۆماسی دژ بە هەر دەستوەردانێك دەگرنەبەر.

لەلایەكی دیكەوە حزبی (تەقەدم) بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، لە ریزبەندی دووەمدایە و 37 كورسی بەدەست هێناوە، ئەمەش لەبەمبەردا شكستێكی گەرورە بوو بۆ هاوپەیمانی (ئەلفەتح) بەسەرۆكایەتی هادی ئەلعامری پێشووتر لە هەڵبژاردنەكانی 2018 ئەم هاوپەیمانییە 48 كورسیان بەدەست هێنابوو، بەڵام لەم گەڕەی هەڵبژاردندا پاشەكشەیەكی بەرچاویان كرد و تەنها 17كورسیان بەدەست هێنا، ئەمە لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانی (ئەلفەتح) هاوپەیمانیێكە لەچوارچێوەی میلیشاكانی حەشدی شەعبی كە (17)حزب و لایەن و میلیشیای (نزیك لەئیران) لەخۆ گرتووە.
ئینجا هاوپەیمانی (كوتلەت دەولەت ئەلقانون) 34 كورسییان بەدەست هێنا كە لە ریزبەندی سێهەمدان.

لە ریزبەندی چوارەمدا پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان دێت كە تاكو ئێستا بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی سەرکەوت و دەستکەوتێکی زۆرباشی لەم هەڵبژارنەدا هەبووە و 33 كورسی بەدەست هێناوە و وەكو حزب (پارتی) لەسەرانسەری عێراقدا پێشەنگی هەموو حزبەكانی عێراقە.

ئەنجامەكان ماڵی شیعەی ترازادووە
ئاشكرایە كە ماڵی سیاسی شیعەی عێراق بەسەر هەردوو دوو باڵی حەوزەی (نەجەف / عێراق) و حەوزەی (قوم / ئیران) دابەش بوونە. لە ئێستادا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ماڵی شیعەی لێك ترازاندووە و حزب و لایەن و میلیشیاكانی (نزیك لە ئیران) كە هەڵبژاردنەكانیان دۆڕاندووە، تانە و تەشەنەیان لە هەڵبژاردنەکە گرتووە و لایەنگر و شوێنكەوتەكانی خۆیان خزاندۆتە بەردەرگای ناوچەی سەوزی بەغدا و داوای گەڕاندنەوەی دەنگ و كورسیەكانی خۆیان دەكەن و جارجاریش هەڕەشەی چەكداری دەكەن. دورنییە هێڕشەكەی یەكشەممەی پێشوو 1ی11ی2021 بە 3 كاتیۆشا بۆسەر ناوچەی (مەنسور) نامەیەكی هەڕەشەداربێ بۆ پڕۆسەی هەژماركردنی دەنگەكان، جێگای وەبیر هێنانەوەیە كە لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ئەمە یەكەم هێڕشە دەكرێتە سەر بەغدا. هەروەها لەكاتی نوسینی ئەم گوتارەدا (ئێوارەی هەینی 5ی11ی2020) ئەندام و لایەنگر و شوێنكەوتوانی حزبەكانی حەشدی شەعبی (نزیك لە ئیران) كە زیاتر لەدووهەفتەیە لە بەردەرگای ناوچەی سەوز مانیان گرتووە، ناوچەی سەوزیان بەرد باران كرد و لەگەڵ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی رووبەرووی یەكتر بوونەوە، بەپێی زانیارییە بەراییەكان 125كەس لە هەردوو لا بریندار بوونە كە 27كەسیان لە هێزە ئەمنییەكانن ئەوانی دیكەش لەخۆپێشاندەرەكانە، بەم شێوەیە باردۆخی بەغدا شڵەژاوە و نیگەرانی و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر خەڵكی بەغدا وعێرقدا كێشاوە، لەبەرپابوونی شەڕی ناوخۆ و گەڕانەوەی تەقینەوە و کوشتن و ڕاوەدوونانی خەڵکی سڤیل.

بەمشێوەیە پێشهاتەكان وادەخوێنرێنەوە كە پڕۆسەی سیاسی عێراق پاش هەڵبژاردنەكان رووەو تونێلێكی تاریك هەنگاو دەنێت و دوورنییە كار و كردەوەی چەكداری بگەڕتەوە سەر شانۆی سیاسی عێراق، بەتایبەت كە هێزە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن چەك بەدەستن و لەلایەن ئیرانەوە پاڵپشتییان دەكرێ. لەلایەن خۆیانەوە خەڵكی عێراق نائومێد و بێ هیوان و كەوتوونەتە نێوان چەكوشی میلشیا و سندانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، نەبە دەسەڵاتی ملیشاكان ئاسوودەن و نەبە پڕوسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن ئارام و شادمانن.

كورد لە گێژاوی عێراقدا
قەدەر وای خواستووە كە تاكو ئێستا ئێمەی كوردی بەستراوی بارودۆخ و چارەنووسی نالەبار و ناهەمواری عێراق بین و باجی ناسەقامگیری و تایفەگەری و تاكڕەوی و زۆرینە و شۆڤینییەتی عەقلی سیاسی عێراق بدەین و دەبێ بەشداری حكوومەتی داهاتووی عێراق بكەین. بەڵام بەم شێوە و شانۆیەی كە لەسەرەوە باسمان كرد، ئاخۆ دەبێ كورد دەبێ چۆن و بە چ سیناریۆێك؟! و هاوئاوازی کێ و چ کوتلەیەک؟! بەشداری حكوومەتی داهتووی عێراق بكات و گفتوگۆ دانوستان و رێكەوتن و دۆستایەتی لەگەل كێ و چ لایەنێك بكات؟. بەتایبەت كە كورد لە نێو حكوومەتی رابردووی عێراقدا کوشتە و قوربانی و گیرۆدەی گەلەکۆمێ و زۆرینەی شۆفینییەکانی نێو پەرلەمانی عێرق بوون، بۆیە پێویستە دەرس و پەندی سیاسی و نەتەوەیی چاكیان وەرگرتبێ بەرامبەر عەقڵیەتی سیاسی پەرلەمان و حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و هەڵویستی زۆرینەیان لە پەرلەماندا و پشتگوێ خستنی را و بۆچوونی نوێنەرانی كورد و كەنارخستنی وەزیر و بەرپرسەكانی كورد لەنێوحکومەت و دامودەزگاکان و ژێر پێكردنی بنەماكانی تەوافق و تەوازن و شەراكەت لە حكومڕانی عێراق و بڕنی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان و ئیفلیج کردند ماددەی 140ی دەستووری عێراق و…هتد. ئەمانە هەمووی لەلایەك، بەڵام كە بەناچاری پێویستە كورد بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق بكات؟!!. گرەنگ ئەوەیە كە كورد پێویستە یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك هەڵوێست خۆیان رێكبەخەن ئینجا رووبكەنە بەغدا و لەوێ ئەسپی خۆیان تاوبدەن. هەڵبەت بۆ ئەم مەبەستە پارتی وەک براوەی یەکەمی کورد لەم هەڵبژاردنەدا، دەستی كردووە بە هەنگاوەكانی رێكسختنەوە و یەكریزكردنی نێوماڵی كورد، هیوادارین لایەنە كوردستانییەكانی دیکەی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوورە لە بەرژەوەندی بەرتەسكی پۆست و بەرپرسیارەتی بەغدا و دوور لە ململانێی ناوخۆیی لە کوردستان، یەك ریز و یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بن بەرەو بەغدا، بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبە ڕووی مۆدێلی زۆرینە و گەلەگۆمەی نێو پەرلەمانی عێراق ببن.

بابه‌تی تر

ڕۆشنگەری لە مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمیونستی چینی

نی ڕووچی  لە ڕۆژانی ٨ بۆ ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ , شەشەهەمین کۆبوونەوەی گشتی ١٩یەمین لێژنە…