ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی کۆتایی خۆی وەک خولی چوارەم ئەنجام داو کۆتایی بەم خولە هێنا، لە گوتارێکیشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی ئەو یاسا و چالاکیانەی کرد کە لەم خولەدا پەرلەمانی کوردستان رۆڵی تێدا هەبووە.

بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، سەعات ١٢ى نیوەڕۆی ئەمڕۆ  ٢٠١٨/١٠/٣١، پەرلەمانى كوردستان بەسەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان و  بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، جێگرى دووەمى سەرۆكی پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (١)ى نائاساییی خولی بەهارە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمى هەڵبژاردنى ئەنجامدا.

دوای خوێندنەوەی بەرنامەی كارى دانیشتنەكە كەلە دوو خاڵ پێكهاتبوو،  كە بریتی بوون لە كۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمان بە پێی حوكمی مادەی (٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق و وتارى جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی كۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.

پاشان دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەو بۆنەیەوە وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا بەناوی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانەوە سوپاسی ئەندامانى پەرلەمانی كوردستانى كرد و دەستخۆشیی لێكردن كە لەماوەى پێنج ساڵى رابردوودا لەهەلومەرجێكى  سەخت و قۆناغێكى هەستیاردا، خەمخۆرانە و بەرپرسانە، هەوڵیاندا ئەركەكانى سەرشانیان بۆ خزمەتى خەڵك راپەڕێنن.

هەر لەوتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، ماوەى كارى خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانى لە هەر سێ بوارى یاسادانان و چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت و پەسندكردنی بودجەدا هەڵسەنگاند  و ئەدای پەرلەمانی بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا دابەش كرد كە ئەوانیش قۆناغی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردن و قۆناغی لێكدابڕان و قۆناغی یەكگرتنەوە بوون.

هەر لەوتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، ئاماژەی بەو یاسا و بڕیارە گرنگانەدا كە پەرلەمانی كوردستان لەدوو ساڵى یەكەمى خولى چوارەمدا لەبوارە جیاجیاكاندا دایڕشتوون كە گرنگترینیان یاساى كۆمسیۆنى بالاَى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمى كوردستان و یاسای پێدانى بودجەى حزبەكان و یاساى زمانە فەرمییەكان لە هەرێمى كوردستان و یاساى راكێشانى مایە  لەرێگاى قەرزكردن و یاساى سەندوقی داهاتە نەوتیى و گازییەكان و یاساى پڕۆژەى دەستوورى  هەرێمى كوردستان و یاسای پاراستنى مافی پێكهاتەكان، هەروەها هەمواركردن و بەركاركردنى چەندین یاساى ترى هەرێم و حكومەتى فیدراڵى لەپەرلەماندا.

سەبارەت بەو بڕیارە گرنگانەشی كە لەماوەى دوو ساڵى یەكەمی خولى چوارەمى پەرلەماندا دەركراون، جێگرى سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: “لەو ماوەیەدا پەرلەمان ٣٥ بڕیارى گرنگ و كاریگەرى دەركردووە، لەوانە (بڕیارى ژمارەى ٢٨ تایبەت بەناردنى هێزى پێشمەرگەى كوردستان بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیكردنى خەڵكى خۆڕاگرو بەورەى رۆژئاواى كوردستان، كەبەهۆیەوە گەورەترین سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانى داعش لەشارى كۆبانێ تۆماركرا، هەروەها بریارى ناونانى پارێزگاى هەڵەبجە بەپایەتەختى ئاشتى لەهەرێمى كوردستان، بڕیارى پێكهێنانى لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوەو بەجینۆسایدناساندنى تاوانەكانى دژ بەپێكهاتەكانى هەرێمى كوردستان، بڕیارى رەتكردنەوەى  بڕیارەكانى حكومەتى فیدڕِال و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق  كە لە ٣٠-٩-٢٠١٨ ، لەدژى هەرێمى كوردستان دەركراو بەگشتى لەو خولەدا ٥٩ بڕیار لە بوارە جیاوازەكاندا درەكراوە”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر  قەیرانە سیاسی و دارایی و ئابوورییەكانى هەرێم و  ناكۆكیی لایەنەكان  و لادان لە بنەماى سازان و تەوافوق  لەسەر یاساو پرسە چارەنووسسازەكان  بەتایبەتی  لەسەر هەمواركردنى یاساو دەسەلاَتەكانى سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان و قوڵبوونەوەى كێشەكان لەگەڵ بەغدا و بەردەوامبوونى شەڕی دژ بەتیرۆر، بەداخەوە بوونە مایەى  ئەوەى نزیكەى دوو ساڵ پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە و دانیشتن بكات، كە كاریگەریى نەرێنیى كردە سەر ئەداى پەرلەمان بەتایبەتى لە هەمواركردن و داڕشتنى یاسا و بڕیار و چاودێریكردنى حكومەتدا وئاماژەی بەوە كرد كە  لەو ماوەیەدا هەر ٢٢ لیژنەكەى پەرلەمان لەكارى خۆیان و سەردانى مەیدانى بەردەوامبوون و راپۆرت و بەدواداچوونى خۆیان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەكان داوەتە سەرۆكایەتیى پەرلەمان.

هەروەها تیشكی خستە سەر  دۆخی سیاسی و پێشهاتەكانى هەرێم و ناوچەكەو قوڵبوونەوەى كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەگشتى كە بەهۆیەوە جۆریك لەنزیكبوونەوەو هەماهەنگیى زیاتر لەئاستى حزبە كوردستانییەكان هاتە پێشەوە و رایگەیاند: “لە ١٥ى ئەیلولی ساڵى ٢٠١٧ جارێكى تر پەرلەمانى كوردستان دەستى بەدانیشتنەكانى كردەوەو كۆتایی بەدۆخى چەقبەستوویى سیاسیی هەرێم و پەرلەمان هات و دواى كاراكردنەوەى پەرلەمان، سەرجەم پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان بەگیانێكى تازەترو لێكتێگەیشتنى زیاترەوە شانیان دایەوە پاڵ كاراكردنەوەى پەرلەمان بۆ دەرچوواندنى یاساو بڕیارەكان، ئەوەبوو  لەماوەى ئەو ساڵ و سێ مانگەدا پەرەمان ٨ بڕیار و   ١٥ یاساى نوێى دەرچوواند، كە گرنگترینیان (یاساى درێژكردنەوەى خولى هەڵبژاردنى چوارەمی پەرلەمانى كوردستان بۆ  دوو  خولی گرێدان، یاساى دابەشكردنى دەسەلاَتەكانى سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانى هەرێم، یاساى  لێبووردنى گشتى  لەهەرێمى كوردستان و یاساى  بەخشین و چاندنى ئەندامەكانى لەشی مرۆڤ  لەهەرێمى كوردستان و یاساى رێگریكردن لە زیاردەڕۆیی و لابردنى لەسەر زەوى و زارو موڵكى  دەوڵەت و یاساى هەڵپەساردنى دامەزراوەى سەرۆكایەتیى هەرێم و یاساى  نەهێشتنى بازرگانیكردن بە مرۆڤ  و هەمواركردنى سێیەمى یاساى پیادەكردنى یاساى بەكرێدانى خانوو بەرە لەهەرێمى كوردستان”.

هەر لە وتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەى بە ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و داڕشتنی یاسا و بڕیارانەدا كە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەى تەمەنى خولى چوارەمدا ئەنجامدراون و دەركراون و رایگەیاند: “لەبوارى داڕشتنى یاساو بڕیادرا پەرلەمان لەخولى چوارەمدا  ١٣١ دانیشتنى ئەنجام داوە كەتیایدا ٣٠٩ پڕۆژە یاسا و بڕیار پێشكەشكراون و ٢٠٦ یان خوێندنەوەى یەكەمیان بۆكراوە و ئاراستەى لیژنە پەیوەندیدارەكان كراون، ١٠٣ پرۆژەش ماوەو خوێندنەوەیان بۆ نەكراوە، هەر لەو ماوەیەدا پەرلەمان ٣٣ یاساى داڕشتوە، كە ٣١یان  وەك یاسا دەرچووێندراون، هەروەها دوو پرۆژە یاساش رەتكراونەتەوە، كە یەكەمیان پرۆژە یاساى هەمواركردنى یاساى خۆپیشاندان بوو كە لەلایەن سەرۆكى هەریم رەتكرایەوە، دووەمیشیان پڕۆژە یاساى چاكسازى بوو لە ٢٠١٨ كە لەلایەن سەرۆكایەتیى پەرلەمان رەتكرایەوە”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە كۆتا كارى پەرلەمانی كوردستان كرد لە داڕشتنی یاسادا كە ئەویش هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بوو و رایگەیاند: “پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان بەشێوەكى باش و سەركەوتووانە هەمواركرایەوە، بۆئەوەى لەگەڵ ئەركى ئەم قۆناغەى پەرلەماندا بگونجێ. ئێستا پەیڕەوى نوێى پەرلەمان چاپكراوە و ئامادەیە بۆئەوەى بخرێتە بەردەستى ئەندامانى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان كە لە رۆژانى داهاتوودا بەفەرمى سوێندى یاسایى دەخۆن  و وەك پەرلەمانتار دەستبەكار دەبن، هەمواركردنەوەى پەیڕەو هەنگاوێكى گرنگ بوو بۆئەوەى پەرلەمانى خولى پێنجەم بە ئالیەت و میكانیزمێكى پێشكەوتووترەوە كارى رەقابى و داڕشتنى یاسا و گفتوگۆى بودجە جێبەجێ بكات”.

هەر لەوتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستەسەر ئەركى چاودێریكردنی حكومەت و پرسیاركردن و  سەردانە مەیدانییەكانی لیژنەكانی پەرلەمان بۆ كارى وەزارەتەكان و بەدواداچوونی كێشەو داخوازییەكانی خەڵك و پێكهێنانی چەندین لیژنەی كاتی بۆ چارەسەركردنى كێشەو گرفتەكان و بەدواداچوونی داخوازییەكان و ئامادەكردنی چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر كرد لەماوەی ئەوخولەدا.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، باسی لە بودجەی هەرێم و ناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان  و ئەركى پەرلەمان لە گفتوگۆكردنى بودجەدا كرد و رایگەیاند: “بەداخەوە هەر لەسەرەتاى دەستبەكاربوونى خولى چوارەمى پەرلەمان بەهۆى بڕینی١٧% بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان لەلایەن بەغداو دابەزینی نرخى نەوت لە بازاڕەكانى جیهانى و بەردەوامبوونى شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش، هەرێمى كوردستان دووچارى قەیرانێكى سەختی دارایی و ئابوورى بۆوە، بەهۆیەوە ئەنجوومەنى وەزیران نەیتوانى وەك لەیاسا و پەیڕەوى ناوخۆدا هاتووە، بەر لەساڵى دارایی پڕۆژەى بودجەى ئاراستەى پەرلەمان بكات، یا لەوادەى خۆیدا ژمێرەى كۆتایی لە مانگى نیسانى هەموو ساڵێك پێشكەش بە پەرلەمان بكا، بۆئەوەى نوێنەرانى گەل بەشێوەیەكى شەفاف گفتوگۆ لەسەر خەرجى و داهاتى سالاَنەى هەرێم بكەن و پەسند بكرێت”.

هیوای خواست كە لەخولى پێنجەمى پەرلەماندا پڕۆژەى بودجەى هەرێم لەوادەى یاسایی خۆیدا پێشكەش بكرێت، بەتایبەتى كەئێستا دۆخى دارایی و ئابووریى هەرێم و نرخی نەوتیش لەبازاڕەكانى جیهان لەئاستێكى باشتردایە، هەروەها هیواى خواست كە كێشەى بودجەى هەرێمیش لەگەڵ حكومەتى فیدڕال لەسەر بنەماى دیاریكردنى ١٧%  بۆ هەریم  چارەسەر بكرێت تائەو رۆژەى سەرژمێرییەكى سەرتاسەرى لەعێراق ئەنجام دەدرێ.

سەبارەت بە بوارى دیپلۆماسییەتی پەرلەمانیش جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، ئاماژەی بە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ پەرلەمانی ولآتان كرد و ئاماژەی بە ژمارەی سەردانەكانى سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و بۆ پەرلەمانی ولآتانی دەرەوەی هەرێم و سەردانی لیژنەكانی پەرلەمان  و پەرلەمانتاران  بۆ دەرەوەی ولآت و ١مارەی سەردانەكانی پەرلەمان و دیپلۆماتانی ولآتانی بیانی بۆ پەرلەمانی كوردستان كرد.

هەر لە وتەكەیدا جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، باسی لە بەشە جیاجیاكانی دیوانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەو چالاكی و كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپانە كرد كە لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لەلایەن سەنتەرى توێژینەوەی پەرلەمان ر ێكخرابوون، سوپاس و پێزانینی خۆی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمان و سەنتەرى توێژینەوەی پەرلەمان راگەیاند.

–     لەبوارى هەماهەنگیی میدیایی و رۆلی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگرى یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، رایگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتیى راگەیاندنى پەرلەمان هاوكارى و كارئاسانیی زۆرى بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاكارانى كەناڵەكانى راگەیاندن كردووە و جارێكى تر لەم خولەدا دانیشتنەكانى پەرلەمان راستەوخۆ پەخش كرانەوە و بۆ یەكەمجاریش دانیشتنەكانى پەرلەمان راستەوخۆ لەسەر ماڵپەرى پەرلەمانى كوردستان  پەخش و بلاَوكرایەوە و لە رووى ئەرشیفی دانیشتنەكان و چالاكیى لیژنەكان، راگەیاندنى پەرلەمان پیشەنگ بوو لەجێبەجێكردنى یاساى مافی دەستكەوتنى زانیارى لەرێى كردنەوەى بانكی زانیارى بۆ پێدانى زانیارى و وێنە و دەقی ڤیدیۆیی دانیشتنەكان و چالاكییەكانى پەرلەمان بەسەر پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان و كەناڵەكان و توێژەرانى بوارى كارى پەرلەمانى”.

هەروەها سوپاسی سەرجەم میدیاكاران و كەناڵەكانى راگەیاندنى كرد كە لەماوەى ئەو خولەدا لەگەڵ پەرلەماندا هاوكاربوون لە گواستنەوەی هەواڵ و چالاكییەكانی پەرلەمان و رایگەیاند: “دیارە میدیا بەگشتى و رۆژنامەنووسان بەتایبەتی لەسەردەمی تەكنەلۆژیادا رۆلێكى كاراو گرنگیان هەیە لەگواستنەوەى هەواڵ و زانیارییەكان و دروستكردنى راى گشتیدا، بۆیە لێرەوە جێى خۆیەتى سوپاس و دەستخۆشى لەتەواوى میدیاكاران و كەناڵەكانى راگەیاندن بكەین كە لە ماوەى ئەم پێنج ساڵەى خولى چوارەمدا لەگەڵماندا ماندووبوون، شەوو رۆژ ئەركى زۆریان كێشا تارووماڵى دانیشتنەكان بكەن و دەنگ و رەنگى پەرلەمان و هەڵویستى فراكسیۆنەكان بە كۆمەلاَنى خەڵك بگەیەنن”.

لە كۆتایی وتەكەشیدا جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەى راگەیاندنى ئەنجامى كۆتایی خولى پێنجەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان كە لە ٣٠-٩-٢٠١٨ بەڕێوەچوو، بەناوى سەرۆكایەتیى پەرلەمانى كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە گەلى كوردستان و كەسوكارى سەربەزرى شەهیدان و  هێزو لایەنە سیاسییەكان و  كاندیدە دەرچووەكانى  خولى پێنجەمى پەرلەمان كرد و هیوای خواست دواى چەند رۆژێكى تر دانشیتنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستپێبكات بۆئەوەى هەرێمى كوردستان نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە و رایگەیاند: “پەرلەمانتارانى هەڵبژیردراو و هێزە سیاسییەكان لەچوار ساڵى داهاتووى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستاندا، لەبەردەم ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكى گەورەدان، پێویستە بەگیانى هەماهەنگى و پێكەوە كاركردن و  رەچاوكردنى بەرژەوەندییە بالاَكانى گەلەكەمان ئەرك و بەرپرسیارێتیى خۆیان راپەرێنن  بۆ جێبەجێكردنى ئەو بەڵێنانەى كەبەدەنگدەرانیان داوە،  لەپێناو  تێپەڕاندنى دۆخی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانى سالاَنى رابردوو و دەستپێكردنى قۆناغێكى تازە لەكارى هاوبەش و لێكتێگەیشتن بۆ رێكخستنەوەى نێوماڵى كورد و بەواداچوونی كێشەكانى خەڵك و پێكهێنانى حكومەتێكى نوێ، كە چارەسەركردنى قەیرانەكان و باشكردنى بارو گوزەرانى هاووڵاتییان و فەرمانبەران  بكاتە ئەولەویەتى بەرنامەى كارى كابینەكەى و هیوادارین پەرلەمانى نوێ  بتوانێ سەركەوتووانە ئەركەكانى خۆی لەچاودێرى و بەدواداچوونى حكومەت و داڕشتنى یاسا و بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەكانى گەلى كوردستاندا جێبەجێ بكات”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ته‌ندروستی هه‌رێم: 239 كه‌سی دیكه‌ تووشی كۆرۆنا بوون

تەندروستی هەرێم ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی نه‌خۆشی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: 239 ك…