ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیاری دا فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بخاتە لیستی سزاكانیەوە.
نووسینگەی چاودێریی هەژمارە بیانییەكان سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە كە سزایان بەسەر فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی عێراقیدا سەپاندووە، ئەمەش بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە چەندین پێشێلكاریی مەترسیداری مافەكانی مرۆڤ لە میانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ی عێراق.
جێی باسە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەوەشی راگەیاندووە كە چەند كەسێكی نوێیان خستووەتە لیستی سزاكانیانەوە كە هاوپەیمانی ئێرانن و هێرشیان كردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی سیڤیل لە شارەكانی عێراقدا، تەنها لەبەر ئەوەی داوای نەمانی گەندەڵی و بێكارییان كردبوو.