خەبات: هاوار مورتکەیی:- دیێگۆ مارادۆنا ناوی تەواوی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا (30ـی تشرینی یەكەمی 1960–25 ـی تشرینی دووەمی 2020) یاریزانی تۆپی پێی ئەرژەنتینی بوو، زۆرترین كاریگەریی هەبووە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەشێكی زۆر لە وەرزشدۆستان، ئەو یاریزانە بە باشترین یاریزانی جیهان لە مێژووی تۆپی پێی دادەنێن، درێژی باڵای مارادۆنا 165 سم بووە یاری لەهێڵەكانی ناوەڕاست و هێرشبردن كردووە، ناوبراو یەكێكە لەباشتری یاریزانی جیهان بە گشتی، مارادۆنا یاری بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرژەنتین و یانەكانی ئەرژەنتینۆس جۆنیۆر، بۆكا جۆنیوز، بەرشلۆنە، ناپۆلی، ئیشبیلیە و نیو ئۆڵد بۆیس كردووە دواساتی یاریكردنیشی لە یانەی بۆكا جۆنیورز بووە، لەگەڵ یانەكان لەساڵی 1976 تاكو ساڵی 1997 بەردەوام بووە 588 یاری كردووە و 312 گۆڵی تۆمار كردووە و خاوەنی 8 نازناوە، كە دووجار نازناوی خولی ئیتاڵیا و جارێكیش جامی یەكێتی ئەورووپایە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیش لە 1977 تاكو ساڵی 1994 بەردەوام بووە، 106 یاری نێودەوڵەتی كردووە و 42 گۆڵیشی تۆمار كردووە و هەڵگری نازناوی مۆندیالی 1986 لە مەكسیك. مارادۆنا، لەدوای وازهێنانی لەیاریكردن،بووە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە ساڵی 2010 لە مۆندیالی باشووری ئەفریقیا، ئینجا مارادۆنا لە وەرزی 2011-2012 بووە راهێنەری یانەی وەسڵی ئیماراتی لەو یانەیەش ئاستی یانەكەی بردە پێشەوە، بەڵام نەیتوانی لەگەڵ یانەكە زۆرتر لە نازناوێك بەدەست بهێنێت، بەمەش خەونی سەرۆك یانەی وەسڵی ئیماراتیشی نەهێنایە دی و لە پۆستەكەی دوورخرایەوە. مارادۆنا، كە لە «لانۆس» ـی باشووری «بۆینس ئایرس» لە دایك بووە، لە خێزانێكی زۆر هەژاری پارێزگەی «كۆریێنتس» بووە، مارادۆنا یەكەم كوڕی گەورەی خێزانەكەیەتی لە دوای بوونی سێ كچ، هەروەها دوو برایشی لە دوای خۆی لە دایك بوون، كە ناویان (هیۆگۆ و ئیدواردۆ)یە و هەردووكیشیان یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێ بوونە. مارادۆنا، سێ هەفتە پێش ئێستا، بەهۆی خوێنبەر بوونی مێشكەوە رەوانەی نەخۆشخانە كرا، نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا و بۆ ماوەی دووهەفتە لە نەخۆشخانە مایەوە، لەگەڵ ئەوەی دكتۆرەكان بێ هیوا بوون لە چارەسەركردنی، بەڵام رۆژی 11 تشرینی دووەم رەوانەی ماڵەوە كرا و رۆژی چوارشەم 25 تشرینی دووەمی 2020 لە ماڵەكەی خۆی لە شارۆچكەی تیگری نزیك پایتەختی ئەرژەنتین كۆچی دوایی كرد. هەواڵی مردنی مارادۆنا، كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە و كەسایەتییە وەرزشییەكان، یاریزانان، یانەكان، سەركردەكان و خەڵكی جیهان بەگشتی بەو بۆنەیەوە هاوخەمی خۆیان لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەربڕی. ولاتی ئەرژەنتینیش بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.

بابه‌تی تر

یانەی هەولێر گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی تۆپی پێی عێراق

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو‌، لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق بۆ تۆپی …