شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

پێشتر لە ڕێگەی چەندان كەناڵی میدیایی و بۆچوونی كەسایەتییەكانەوە، بە وردی باس لە پەیوەندییە لەمێژینە و نوێكانی نێوان هەولێر و پاریس كراوە، دیارترینیان كە دەتوانین بەوپەڕی شانازییەوە باسی بكەین و وەك سیاسەتی نوێی فەرەنساش بەرانبەر بە كورد هەژماری بكەین، هەڵوێستی ئەو وڵاتەیە كە لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بوێرانە و بە گڕوتینەوە لەكاتێكدا كە وڵاتانی جیهان لە ئاست هێرش و گوشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەولێر بێدەنگبوون، كەچی وڵاتی فەرەنسا باوەشی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسای زلهێز لە پاریس و لە كۆشكی ئێلێزێ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، بە زمانی دیپلۆماسیەت و نیمچە ئامۆژگاری بە بەغدای گوت ئەگەر ئەمەریكاش چاوپۆشی لە لەشكركێشی میلیشاكان بۆ سەر كەركووك و هەولێر كردبێت، ئەوا ئێمە ڕێگە نادەین چیتر گوشار لەسەر هەولیر بەردەوام بێت.
بەڵێ، ئەو ئیمانوێل ماكرۆنەی هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی كوردستان كۆبووەوە و پاشانیش بۆ میدیاكان پاڵپشتی فەرەنسای بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و وەك لە وێنە و ڤیدیۆكانیشدا دەبینرێت ڕژدی و دۆستایەتییەكی زۆری بۆ كورد بە ڕووخسارییەوە دیارە، لەكاتێكدا سەرۆكێكی وەك ماكرۆن كە خولەك و كاتژمێرەكانی كاركردنی حیساب بۆ كراوە، ماوەی نزیكەی پازدە خولەك بەیەكەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی گفتوگۆی لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی شەهید هوجام كرد و پاشانیش لەگەڵ ژمارەیەك پێشمەرگەدا وێنەی یادگاری گرت، هەموو ئەوانە كۆدن و خوێندنەوەی زۆریان بۆ دەكرێت.
لە سیاسەتدا بەردەوامیدان و نوێكردنەوەی پەیامی دۆستایەتی نێوان دوو وڵات گرنگە، بە هاتن و پشوودانیشی لە هەولێر، ئیمانوێل ماكرۆن، ئەو دۆستایەتییەی زیاتر زەقكردەوە و پەیامێكی ڕوونتریشی دایە هەموو لایەك ئەگەر فەرەنسا پێشتر لە ڕێككەوتنی سایكس بیكۆدا غەدری لە كورد كردبێت، سیاسەتی نوێی فەرەنسا دەیەوێت قەرەبووی ئەو زوڵمەی لە كورد كراوە، بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هاتنەی بۆ هەولێر ئاماژەیەكی دیكەشی هەیە كە جارێكی دیكە، بەڵام ئەمجارەیان لە هەولێری پایتەختی كوردستانەوە پەیامی دۆستایەتیی فەرەنسای بۆ كورد نوێكردەوە، دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا زیاتر پەرە بەو دۆستایەتییە بدرێت. بیرمان نەچێت، كوردستان بە سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە و فەرەنساش هێزێكی گەورەی ئابووریی یەكێتیی ئەورووپا و جیهانییە، وەك نێچیرڤان بارزانیش بۆ میدیاكان جەختی كردەوە كە كوردستان هەموو پاڵپشتییەك بۆ كۆمپانیا فەرەنسییەكان دەكات بۆ كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان.
بەهاگەلێك هەن كە كاریگەریان لەسەر دۆستایەتیی نێوان فەرەنسا و كوردستان هەبووە، بابەتی پێكەوەژیان، دیموكراسی، ئاماژەكانی سێكۆلاریزمبوونی كوردستان و پاڵەوانێتی پێشمەرگە لە شەڕی دژە تیرۆردا كە فەرەنسا مەسەلەی توندڕۆیی و تیرۆر بەهەند وەردەگرێت و بە بەراوردیش بە كۆی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا، زۆرترین و قورسترین هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵاتەكەی ماكرۆن هەیە، لەو نێوەندەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كردەوە شەڕی تیرۆری كردووە و هەوڵی وشككردنی سەرچاوەكانی گەشەی تیرۆر دەدات و مەسەلەی پێكەوەژیان و دیموكراسی و ڕێزگرتن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیش لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێی بایەخن و ئەمەش بەلای فەرەنساوە گرنگە.
وێڕای ئەمانە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی لاواز ببوو، لەگەڵ گۆڕانكارییەكان لە سووریا و عێراق و ناوچەكە، دەیەوێت بە ڤێرژنێكی نوێ ئەبدەیتی سیاسەتی خۆی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و كولتووری بكاتەوە، هەر هاتنی ماكرۆن بۆ هەولێر، خۆی ئەوە دەگەیەنێت ئیدی فەرەنسا بە بەردەوامی چاوێكی لەسەر هەولێر دەبێت و هەوڵی ئەوەیش دەدات گرفتەكانی هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی ئاشتەوایی و دەستوورییەوە چارەسەر بكرێن، ئەو فۆكەسەش زۆر گرنگە، ئەو گەرموگوڕییەی فەرەنسا لە عێراق، هاوكات لەگەڵ ئەوەی باس لە كشانەوەی ئەمەریكا دەكرێت .

بابه‌تی تر

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ھیندستان هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە پراشانت پ…