سەربەست قادر
ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن ئێمە تا ئێستا ئەو سوودەمان لەپەروەردە نەدیوە، كە بۆی بنیات نراوە وەنەبێ لەناو ئێمەدا قسە لەسەر پەروەردە نەكرابێ یان لەسەری نەنوسرابێت، بەپێچەوانەوە هێندەی لەسەر وتراوە و نوسراوە خەریكە بابەتەكە تووشی ڕووتبوونەوە و داماڵران دەبێت لەهەموو جوانی و گرنگییەكانی.

ئەوەی ئەم هاوكێشەیەی زیاتر ئاڵۆزكردووە لایەنی جێبەجێكار و بەناو خەمخۆری دەسەڵات و پەروەردەیە وەكو وەزارەت، كە بەداخەوە تا ئێستا نەیان توانیوە سوود لەو هەموو نوسرا و وتراوە ببینن و، هیچ نەبێ لەكۆی گشتی ئەوەی تا ئێستا خراوەتەڕوو بیردۆز و نەخشەڕێیەك دابڕێژن تاوەكو تاك و كۆمەڵگەی كوردی لەو هەموو تەنگژە پەروەردەییە ڕزگاری ببێت.

دیاریشە هەموو ئەو قەیرانە جۆربەجۆرانە لە دارایی، پەروەردە، جیابوونەوە، لێكترازانی خێزانی، گرانی، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێنانەناوەوەی كاڵای خراپ، كەمبوونەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و …..تد بەهۆی قەیرانە چارەسەرنەكراوەكانی پەروەردەوەیە.

ئەوەی زۆر ناڕوون و، لەهە مان كاتدا جێی نیگەرانییە ئەوەیە ئایا بەرپرسانی ئەو بوارە بەدەستی ئەنقەست برەو بە بواری پەروەردە نادەن یاخود نەزانی و تێنەگەیشتن لە گرنگی بابەتەكە ڕێی لێگرتوون؟

هەركام لەم دوو ئەگەرە ڕاست بن، كە وا دەخوێنرێتەوە ئەگەری یەكەم ڕاستتربێت و هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ڕێگری سەرەكی بن لە بەهەند وەرگرتنی بواری پەروەردە و ڕێكخستنەوەی ژیانی تاك و كۆمەڵگە تا نەوەیەك پەیدانەبێت دژبە بەرژەوەندییە نەبڕاوەكانی دەسەڵاتی ناوخۆیی و دەرەكی دەنگ بەرزبكاتەوە.

پێویستە نەك بەدواداچوون و هەوڵی چارەسەری ئەم گرفتە بدرێت، بگرە پێویستیان بە بنەبڕكردن و ڕێكخستنەوەیەكی پەروەردەیی گشتگیر هەیە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی ناخ، دەروون، ڕەفتارو ژینگەی تاكی كورد بە سوود وەرگرتن لە بیردۆز و بنەما پەروەردەییە جیهانییەكان بەتایبەت ئەوانەی لایەنی سروشتی و دەروونییان لە تاك و كۆمەڵگەی كوردییەوە نزیكە.

كاتێك باس لەپەروەردە دەكەین و خراپییەكانی دەخەینەڕوو پێویستە ڕێگەچارە و چارەسەری گونجاویشمان لەبەردەستدا بێت، نەك تەنها خوێ بە برینەكاندا بكەین و زامەكان بكولێنینەوە.

بەخوێندنەوە و بەدواداچوونی من، ئێمە بۆ هەرێمی كوردستان و برەودان بە پەروەردەی تاك و كۆمەڵگە پێویستە پشت بە پەروەردەیەكی گشتگیر و هەمەلایەن ببەستین بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ، دەروونی تاك، ڕەنگ، ئاین، ڕەگەز و هەموو زمان و زارەكان.

كاتێك دەڵێین گشتگیر مەبەستمانە بڵێین بنەما سەرەكییەكانی ئەو بیردۆزە پەروەردەییە بەسەر هەموو چین و توێژەكاندا بەشێوەیەكی سەراپاگیر و دادپەروەرانە جێبەجێ بكرێت.
هیچ كام لە بنەما تاكە كەسییەكان، یاخود جیاوازییە كۆمەڵی و ئاینییەكان نەبنە هۆی جێبەجێكردنی هەندێك و پشتگوێ خستنی هەندێكی تریان.

واتە هێڵە ڕاستەكانی پەروەردە و جێبەجێكردنیان یاسابەند بكرێن و لادان لێیان بكرێتە كارێكی یاساغ و دزێو بۆ جێبەجێ كردنیشی تەنانەت ئەگەر پێویستبوو بەكارهێنانی هێزیش ئاسایی و گونجاوە تا یاسا پەروەردەییەكان جێی خۆیان دەگرن و تاكەكانی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی خۆكرد دەكەونەسەر ڕاستە شەقامی پەروەردەیەكی دروست وەك ئەوەی لەبەشێك لەوڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و كیشوەرەكانی تردا دەیبینین.

پەروەردە و سوودبینین لەبنەما پەروەردەییەكان بە ناسكی و خۆتەسككردنەوە ئامانجی خۆیان ناپێكن، ببینە هەندێ وڵات بەوپەڕی دیكتاتۆرییەتەوە ئەوەی بەباشی دەزانن لەیاساوڕێسا گشتیی و تاكییەكان بەسەر هاوڵاتیانی نیشتمانەكەیاندا جێبەجێی دەكەن و لەسەر كۆمەڵێك بنەمای گشتگیر و هەمەلایەن پەروەردەیان دەكەن، كە لادان لێیان سزا و لێپێچینەوەی تووندی بەدواوەیە.

هەندێك وڵاتی تریش پەروەردە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، یاخود هەندێكی تر لەسەر بنەمای گرنگی و خۆشەویستی بۆ خود و دەوروبەر بنیات دەنێن، بەڵام لەهەموو بارەكاندا یاسابەند دەكرێن و هیچ تاكێك لەهەر پلە و پۆستێكدا ناتوانێت لێیان لابدات.

زۆرێك لەوانەی باس لە پەروەردە دەكەن خێزان و كۆمەڵگە دەبەستنەوە بە ناوەندەكانی پەروەردە و دەیانكەنە تەواوكەری ئەو پەروەردەیەی لەناوەندەكانی خوێندندا پێویستە پەیڕەویان لێبكرێت.

ئەم قسەیە جێگەی گومان نییە، بەڵام بۆ ئەمڕۆی هەرێم، كە پەروەردە لەناوەندەكانی پەروەردە و فێركردندا بۆخۆی بوونی نییە تەپوتۆزێكی لێهەڵناستێت بەداخەوە.

گرنگە ئێمە لێرەدا هەم وەڵامێك بۆ ئەم پرسە و هەم چارەسەر و نەخشەڕێیەك بۆ ئەم گرفتە چارەسەرنەكراوە بخەینەڕوو:
كاتێك باس لە تێهەڵكێشكردنی پەروەردەی گشتی و خێزانی دەكەین، پێویستە بڵێین پەروەردەی خێزان كاتێك سوودبەخشە و ئامانجەكانی دەپێكێت، كە پەروەردەی گشتی لەسەر ڕێبازێكی ڕاست و دروست پەیڕەوی لێبكرێت و جێبەجێ بكرێت.

ئەویش بەپێی ئەم نەخشەیە:
1- قۆناغی گەشە: لە یەك تا سێیەم ساڵی قوتابخانە، لەسەدا حەفتا پەروەردە و لەسەدا سی فێركردن.
2- قۆناغی پێگەیاندن: لە چوارەم تا شەشەم ساڵی قوتابخانە، لەسەدا شەست بۆ پەنجا پەروەردە و لەسەدا چل بۆ پەنجا فێركردن.

3- قۆناغی ئامادەكردن: لە حەوتەم تا نۆیەم ساڵی قوتابخانە لەسەدا پەنجا بۆ شەست خوێن و لەسەدا چل بۆ پەنجا پەروەردە.

4- قۆناغی پێگەیشتن: لە دەیەم تا دوازدەیەم ساڵی قوتابخانە، لەسەدا حەفتا خوێندن و لەسەدا سی پەروەردە.
5- ئەم ڕێژەیە لە خوێندن و پەروەرە لە قۆناغەكانی پەیمانگا و زانكۆشدا بەهەموو بەش و قۆناغەكانەوە پەیڕەوی لێبكرێت و كەم نەكرێتەوە.
واتە ئێمە بۆ چەسپاندنی پەروەردەیەكی گشتگیری یاسابەند پێویستمان بە چواردە تا شازدەساڵ هەیە، دوای ئەم ماوەیە ڕێكارە پەروەردەییەكان ڕەوتی خۆیان وەردەگرن و پەیڕەوی لێنەكردنیان دەبێتە مایەی هەستكردن بە گوناهوتاوان، نەنگی و خۆبەكەمزانێن، بەپێچەوانەی ئێستاوە، كە كاتێك مرۆڤێك دەبینین بۆ پارچە زبڵ و خاشاكێك دەچەمێتەوە بە چاوێكی پڕ لە سەرسوڕمانەوە تێی دەڕوانێن، چونكە پەروەردەكەمان هەر ئەوەندە بڕدەكات.
هەركەی پەروەردە بەم شێوەیە جێگیركراو كرایە بار بەسەر هەموو ناوەندە و قۆناغەكانی فێركردنەوە ئەوكات قۆناغی پەروەردەی خێزانی دەبێتە پاڵپشت و تەواوكەری ئەو كاروانە پەروەردەییەی خستوومانەتەڕێ.
ئەمەش پێش هەموو شتێك بە زاڵبوون بەسەر ڕاگەیاندنەكاندا، چونكە پەروەردەی خێزانەكانی كورد لەئەمڕۆدا بەزۆری زادەی خەیاڵی ڕاگەیاندنەكانە.

لێرەدا دەبێ پێویست بكرێ لەسەر ڕاگەیاندنەكان بەپێی توانا و دەرفەتی بەردەست ببنە یارمەتیدەر بۆ ئەو ڕەوتە پەروەردەییەی خراوەتە بواری جێبەجێكردن.

بە دانانی بەرنامە، بڵاوكردنەوەی توێژینەوە و ڕاپۆرت، دەرهێنانی فیلم و خستنەڕووی ماكوكاریگەرییەكانی پەروەردە و لەهەمان كاتدا سنوربەزاندن و لادانە جۆراوجۆرەكان.

جگەلە كردنەوەی خولی هەمەلایەنەی مانگانە و ساڵانەی ماوە كورت و درێژ لەلایەن وەزارەتەكانی ڕۆشنبیری و پەروەردەوە.
هەركەی توانرا ئەمە جێبەجێ بكرێت، ئەوكات دەكرێ چاوەڕێی دەركەوتنی نەوەیەكی داهێنەر، چاوكراوە، سەركزنەكەر و نەتەوەیی بین، كە خەمی سەرەكییان بەرژەوەندی گشتی و پێشكەوتنی وڵات بێت.

بە پێچەوانەی ئێستاوە، كە خەمی هەرتاكێك بەتایبەت خوێندەوارەكان و ئەوانەی بەحساب دەرچووی ناوەندەكانی خوێندن و پەروەردەن پڕكردنی گیرفان و چەماندنەوەی ئەوانی دییەكە بێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

کوردستان و بەهاکانی نيشتمانسازی

د. ســامان سۆرانی ڕاستە کوردستان وەکو نیشتمان یەکەیەکى جوگرافى سیاسى یەکگرتووی هەیە، کە لە…