ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زیانەکانی لافاوەکە دوو رۆژ لەمەوبەری چەند گەڕەک و ناوچەیەکی هەولێری خستەڕوو، راشیگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 کەس، زیانە مادییەکانیش بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت.

پارێزگاری هەولێر، گوتی: “لافاوەکەی شەوی 17/12/2021، 15 شوێنی هەولێری گرتووەتەوە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، 10 کەسیان تەرمەکانیان گەیشتووەتە پزیشکی دادوەری و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، کە سێ هاووڵاتی هەولێر، کوردێکی ئیزدی، سێ هاووڵاتی بە رەگەز عەرەب، هاووڵاتییەکی تورک، دوو هاووڵاتی نیپاڵی بوون. تائێستاش دوو هاووڵاتی بێسەروشوێنن بەناوەکانی ئومێد شامل و منداڵێک بەناوی دانەر نەبەز”.

گوتیشی: “لافاوەکە کاریگەری زۆر بووە و زیانە مادییەکانیش زۆرە، 2 هەزار و 509 خێزان ئاو چووەتە ماڵەکانیان، هەروەها 402 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دیوارەکانیان رووخاوە یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچووە، 867 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، کە ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکومین لەکاتی چوونی تیمەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک کەوتوونەتە ژێر ئاو، 153 دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتووە”.

ئومێد خۆشناو، راشیگەیاند: “زیانی زۆریش بەر رێگاوبان و تۆڕی کارەبا و ئاو و پرد و قوتابخانە و بینایەی حکومی کەوتووە، هەردوو بەنداوی بچووکی بێستانە و کەردز زیانیان بەرکەوتووە و مەترسیان لەسەرە ئێستا تیمەکانمان لەوێن کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان”.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: “بە گشتی زیانەکانی لافاوەکە بە 21 ملیار دینار دەخەملێنرێت”.

داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد “لە بودجەی فریاکەوتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بکات، کە مافێکی دەستووری و یاسایی خۆمانە، بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە”.

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: “بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانیانی لافاوەکەی هەولێر و کەسوکاریان، هەروەها ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات ریزگرتن لە گیانی ئەو پێشمەرگە و هاووڵاتییانەی چەند رۆژێک لەمەوبەر بەدەستی چەکدارانی داعش شەهید کران، وەک پارێزگای هەولێر بۆ سەری ساڵی نوێ هیچ چالاکییەکی فەرمی ئەنجام نادەین”.

بابه‌تی تر

ئەم رێگایانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە

رێگاکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و چەند رێگایەکی دەڤەری راپەڕین کە بەهۆی بەفربارینەوە داخ…