![]() |
2012-07-07 11:25:09 |
|
|---|---|
| نامۆ: بایوگرافیای په‌یوه‌ندیه‌ك | |
پێش سه‌ره‌تا نامۆ هات بۆ دونیایه‌کی ئاڵۆز. پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له نزیک نیوه‌شه‌وێکدا ئه‌و گه‌یشت. مناڵێک به ره‌نگی رۆژهه‌ڵات، له دوورگه‌یه‌ک له ناوه‌ندی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، له دایکێک له چیاکانی ئه‌لپ، به‌یارمه‌تی مامانێک له ره‌گه‌زی کێڵت. به گه‌شتنی من گۆڕام: دیدم، رۆڵم، پێگه‌م، هه‌روه‌ها هه‌ستم. هاتنی ئه‌و ته‌نها نه‌بوه مایه‌ی گۆڕانی من، به‌ڵکو کاریگه‌ری قووڵی له سه‌ر خه‌ڵکانێکی زۆری، دوور له‌یه‌كی، جیاواز جێهێشت. کاریگه‌ریه‌ک که له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی نامۆدا |
|
د. سەردار عەزیز پێش سه‌ره‌تا نامۆ هات بۆ دونیایه‌کی ئاڵۆز. پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له نزیک نیوه‌شه‌وێکدا ئه‌و گه‌یشت. مناڵێک به ره‌نگی رۆژهه‌ڵات، له دوورگه‌یه‌ک له ناوه‌ندی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، له دایکێک له چیاکانی ئه‌لپ، به‌یارمه‌تی مامانێک له ره‌گه‌زی کێڵت. به گه‌شتنی من گۆڕام: دیدم، رۆڵم، پێگه‌م، هه‌روه‌ها هه‌ستم. هاتنی ئه‌و ته‌نها نه‌بوه مایه‌ی گۆڕانی من، به‌ڵکو کاریگه‌ری قووڵی له سه‌ر خه‌ڵکانێکی زۆری، دوور له‌یه‌كی، جیاواز جێهێشت. کاریگه‌ریه‌ک که له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی نامۆدا ، هه‌تا بێت زیاتر ئاڵۆز و گه‌وره‌تر ده‌بێت. نامۆ بوو به چه‌قی به‌ریه‌ک که‌وتن و به‌یه‌ک گه‌یشتن و له هه‌ندێ لاوه ئه‌ڤینی ئایینه جیاوازه‌کان، کیشوه‌ره‌کان، کولتووره‌کان، زمانه‌کان، جوگرافیاکان، دیده‌کان، ژیاره‌کان، هه‌روه‌ها خه‌ونه‌کان ئه‌م وتارە كە بە زنجیرە لێره‌دا ده‌نووسرێته‌وه، ده‌رباره‌ی ئه‌م به‌ریه‌ک که‌وتن و له‌به‌یه‌ک به‌ئاگابوون و دیدار و رووبهڕووبوونهوانهیه. (دیاریده‌ی به‌ریه‌که‌وتنی شارستانییه‌کان، چه‌مکێکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیریاری گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریکی سامۆئێڵ هه‌نتنگتۆن، به‌ڵام، گریمان به‌ریه‌ککه‌وتن له ئارادایه، به‌ڵام له میانه‌ی به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کاندا، جۆرێکی تر له به‌یه‌ک گه‌یشتن و به‌ریه‌ککه‌وتن هه‌یه. که ره‌نگی زۆر جوادبێت له به‌ریه‌که‌وتنی شارستاینیهکان یان ته‌نها روویه‌کی تری بێت. روویه‌کی نه‌رم، یان زیاتر ئاڵۆزتر. نامۆ وه‌ك دارێک وایه که کۆمه‌ڵێک زۆر له ره‌گی به‌فراوانی به‌سه‌ر پانتاییه‌کی فراوانی گۆی زه‌ویدا په‌خشکردوه. (به‌ڵام له راستیدا نامۆ خاوه‌ن شوناسێکی دارئاسا نیيه. ئه‌گه‌ر چه‌مکی رایزۆمی دۆلۆز گواتاری وه‌رگرین، ئه‌وا نامۆ زیاتر له گیایه‌ک ده‌چێت). ئه‌گه‌ر وه‌ک دارێک بیچوێنین ره‌گێکی له رۆژهه‌ڵاته و ره‌گێکی له رۆژئاوا، ره‌گێکی له گه‌رمیان کوردوستانه و ره‌گێکی له چیاکانی ئه‌لپ، ره‌گێکی له ئایرله‌ندایه و ره‌گێکی له نه‌مسا. هه‌موو ئه‌مانه وه‌ک جۆگه‌له ده‌ڕژێنه ده‌ریای جه‌سته‌ی ئه‌وه‌وه. هه‌موو جۆگه‌له‌یه‌ک ده‌خوازێت ره‌نگی خۆی بپارێزێت، تامی خۆی بپارێزێت، گور و خوری خۆی بپارێزێت. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا نامۆ خۆیه‌تی. به مانایه‌كی تر، چۆن ئه‌م هه‌موو ره‌گ و لایه‌ن و کو‌لتوور و ئاینانه له‌یه‌ك ناوه‌نددا، که جه‌سته و دونیای نامۆیه به‌یه‌ک ده‌گه‌ن، له هه‌مانکاتدا نامۆ له دونیای تایبه‌تی خۆیدا له رێگای زمانیه‌وه، یاریه‌کانیه‌وه، چیرۆکه‌کانیه‌وه رۆژانه به‌رهه‌می ده‌هێنێت، وه‌ک چێشتی مجێوری فه‌قێ تێکه‌ڵیان ده‌کات. ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م دێت جۆرێک له دونیایه‌كی موتوربه. ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی هیندی هۆمی بابا پێیانده‌ڵێت هایبرد له لایه‌كی تره‌وه نامۆ مناڵی سه‌رده‌می کۆچه، سه‌رده‌می جێهێشتنی ماڵ. به خه‌ونبوونی جێگایه‌کی تر بۆ نیشته‌جێبوون، مناڵی سه‌رده‌می سه‌فه‌ره، مناڵی دوو کۆچبه‌ریه هه‌ریه‌ک به هۆکارێک زێدی خۆی جێهێشتووه، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه، ئه‌و چیرۆکانه‌ن، ره‌نگ وتامی ئه‌و دونیایه‌ن که نامۆ تیا گه‌وره ده‌بێت. ئه‌م کتێبه ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربورده‌ی ژیانێکی کورت نییه، به‌ڵکو وه‌کو شه‌پۆڵ له نێو ئه‌م هه‌موو ئاڵۆزیانه‌دا به‌دوای ده‌زویه‌کی باریکدا ده‌گه‌ڕێت هه‌تا به‌یه‌که‌وه‌یان ببه‌ستێت. له هه‌مانکاتدا گێڕانه‌وه‌ی ژیانه‌کانه له جێگا جیاوازه‌کان، له نێو کولتووره جوداکاندا. ئه‌مه سه‌ربورده‌ی کوردێکه له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان. سه‌ربورده‌ی سه‌رده‌می پاش نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه. حیکایه‌تێک ده‌گێڕێته‌وه که سنوره‌کان چیدی رێگرنین، شاره‌کان و وڵاته‌کان هه‌تا بێت ژماریان زۆرده‌بێت. له هه‌مانکاتدا بهراودکاریهكه له نێوان ژیانێکی سه‌قامگیر و ژیانێکی رهوهنددا هه‌ردوو باوانی نامۆ گوندنشینن. زۆربه‌ی ته‌مه‌نیان له جوگرافیایه‌كی ته‌سکدا گوزه‌راندوه. خه‌ونه‌کانیان بۆ به‌هه‌شت و حه‌ج و عه‌مره‌یه. له هه‌مانکاتدا سیاسه‌تێکی زۆر له‌هه‌ردوولادا ئاماده‌یه. باپیری نامۆ له ئه‌لپ چالاکوانێکی سیاسی ناسراوبوو هه‌تا به شێرپه‌نجه کۆچی دواییکرد. باپیری نامۆ له گه‌رمیان له لاوێتیه‌وه پێشمه‌رگه‌بوو. ئه‌م نووسینه ده‌چێته نێوخانهی یاده‌وه‌ریه‌وه، ئه‌وه‌ی به زمانی ئینگلیزی پێی ده‌ڵێن میموا. له کاتێکدا ده‌گێڕێته‌وه له هه‌مانکاتدا راده‌مێنێت، به‌جۆرێک له یاداشت. پێش گه‌یشتن چۆن له گه‌یشتنی که‌سێکی نوێ ده‌گه‌ی. که‌سێک دێت بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵتا گه‌وره‌بێت چ په‌یوه‌ندیه‌که که دوو که‌س پێکه‌وه ده‌به‌ستێت به‌ئاستی تێکه‌ڵاوبوون. ئایا ئه‌مه پرسیارێکه له‌کایه‌کانی بایولۆجیا، یان له شێوازه‌کانی هاوڕێ بوون. ئایا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مناڵ‌دا جۆرێک له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خود هه‌یه، یان ده‌روازه‌یه‌که بۆ رزگاربوون له خود. یان وه‌ک سۆمه‌ریه‌كان بڕوایان وابوو بهردهوامیهکه. مناڵان له کولتورهكاندا رۆڵ و بایه‌خ و په‌یوه‌ندیان جیایه. مناڵی کولتووره تێکهڵهكان له هه‌موان جوداترن. نامۆ پێش ئه‌وه‌ی بگات ناوی نامۆ بوو. دیاره به پشت به‌ستن به جۆری ره‌گه‌ز نامۆیه‌تی ته‌نها ناوێک نه‌بوو، به‌ڵکو شوناسێک بوو، که وه‌ك قه‌ده‌رێک له به‌ختی ئه‌و نووسرابوو. بۆ که‌سێکی وه‌ك ئه‌و ئه‌سته‌مه به هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه که تیایدا کۆبونه‌ته‌وه ئاشنابێت. بۆیه هه‌میشه بڕێکی زۆر له‌ئه‌و له نامۆییدایه. سه‌ره‌تا ناوی نامۆ له خێزانی ئێمه‌دا مایه‌ی حه‌په‌سان بوو. نامۆ وه‌ک ئاوه‌ڵناوێک بۆ ئاژه‌ڵ به‌کارده‌هات. له کۆمه‌ڵگای کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵداری گه‌رمیاندا مرۆڤ نامۆ نیيه. نامۆیه‌تی وه‌ک دیاریدیهكی مرۆیی خه‌سڵه‌تی شاره. خه‌سڵه‌تی ئاشنابوونه به دونیای فراوان. له شاردا مرۆڤ و رۆحی تووشی بێئۆقره‌یی ده‌بێت هێگڵ ئه‌م بێئۆقرهییهی رۆح ده‌گێڕێته‌وه بۆ سۆکرات. هێگڵ بڕوای وایه که پێش سوکرات شار ده‌وڵه‌تی یۆنانی وه‌ک یه‌ک یه‌که‌ی پێکه‌وه‌بوو ده‌سوڕا. مرۆڤه‌کان ملکه‌چبوون بۆ یاساکان به‌بێ تێرامان. ئه‌م یه‌کبوونه کرۆکی بیری سیاسی ئه‌فلاتۆنه. لای ئه‌فلاتۆن هه‌رشتێک ببێته مایه‌ی یه‌کبوونی شار ئه‌وا ته‌نها ده‌بێته مایه‌ی باشه. هه‌رشتێکیش ببێته مایه‌ی په‌رتبوون ئه‌وه ده‌بێته مایه‌ی خراپه. مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژیانێک ده‌ژیا بۆ ئایینه‌که‌ی، بۆ شاره‌که‌ی بۆیه جیاوازیه‌کان نه‌بوون. هێگڵ پێمانده‌ڵێت که ئه‌م جۆره ژیانه زۆر گونجاوه بۆ کارابوونی دیموکراسی، به‌ڵام به‌هاتنی سۆکرات، له سه‌ره‌تاکانی شه‌ڕی به‌ناوبانگی پۆلۆپینیسدا، سه‌ره‌تای خودێتی سه‌ری هه‌ڵدا. مرۆڤ وه‌ك تاکێکی سه‌ربه‌خۆ که رامێنێ و هه‌وڵی ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ بدات ژیانی گوند به‌جۆرێک له جۆره‌کان ژیانی پێش گه‌یشتنی سۆکراته. ژیانێکه که چالاکی به‌رده‌وام سه‌رتاپا کاته‌کان داگیرده‌کات. چالاکییه‌کان هه‌میشه به کۆمه‌ڵن، بۆ خێزانن و بوار به جودایی سه‌ربه‌خۆیی تاک ناده‌ن. بۆ فه‌راهه‌مبوونی ژیانی جوتیاری ده‌ستی کار پێویسته، بۆیه هه‌موان ده‌بێ له هه‌ره‌وه‌زیدا بن. وه‌ک قانعی شاعیر ده‌ڵێت ژیانی لادێ سه‌یرانه گه‌رچی تۆزێک گرانه که نامۆ گه‌شت نزیک نیوه‌ی شه‌و بوو. شاری کۆرک، باشووری ئایرله‌ندا، نه‌خۆشخانه‌ی گشتی. له رۆژی دواییدا من دوا تاقیکردنه‌وه‌ی دوا قۆناخی خوێندنی به‌کالۆریۆسم بوو. ئێواره‌که‌ی پێش ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ نه‌خۆشخانه له ماڵی خۆمان له خانوه به‌ردینه‌که‌ی سه‌ر گرده به‌رزه‌که‌ی ناو جه‌رگه‌ی شار، شيوی ساوه‌ری سوورمان هه‌بوو، یه‌کێک له ئه‌ندامانی شاره‌وانی که هاوڕێیه‌كی نزیکه میوانمان بوو. ماڵه‌كه دیرۆکێکی ده‌گمه‌نی هه‌بوو. ئێمه هه‌ر نزیکه‌ی ساڵێک بوو له‌وێ ده‌ژیایین. پێشتر خێزانێ بچکۆڵه له‌وێ ده‌ژیان که پێکهاتبوون له ژن و مێردێک و دوو کچ. پیاوه‌كه کاری رۆماننووسی ده‌كرد و ئافره‌ته‌که‌ش پزیشكی ئافرتان بوو. من ده‌مێک بوو ده‌مناسین. مێرده نووسه‌ره‌كه زیاتر حه‌زی به نووسینی کورته چیرۆک بوو، له رووی باوه‌ڕی سیاسیيه‌وه ئه‌نارشیست بوو. باوه‌ری سیاسی و چالاکوانی و ئاره‌زووی ئه‌ده‌بی وه‌های لێکردبوو که هه‌موو چیرۆکه‌كانی ده‌رباره‌ی پۆلیس و حکوومه‌ت بوو. ئه‌م پیاوه ناوی کێڤن بوو. ئه‌ده‌ب بۆ کێڤن، پانتاییه‌ک بوو بۆ ده‌ربڕین، ده‌رکه‌وتن، هه‌بوونی شوێنێک له دونیا و له سه‌رووی هه‌موویه‌وه خه‌بات ئه‌نارکیزم یان ئهنارشیزم بیرێکه زیاتر له خه‌یاڵێکی شاعیرانه‌وه نزیکه. گه‌ر هه‌موو بیری سیاسی مرۆڤ له سه‌ر بنه‌مای سرووشتی مرۆڤ وێناکرابێت و، ئه‌م سروشته هه‌رگیز به راستی نازانرێت، به‌ڵکو له ساته‌وه‌خته‌کاندا، له دۆخه تایبه‌ته‌کاندا مرۆڤ وه‌ها بیرده‌کاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخه‌که وه‌هایه که‌واته سرووشتی مرۆڤ وه‌هایه هۆبز مرۆڤی به خراپ وێناده‌كرد، چونکه له سه‌رده‌مێکی سه‌خت و دژواری مێژووی به‌ریتانیادا ژیا، به‌ڵام ئهنارشیزم مرۆڤ وه‌ها وێناده‌کات که به سرووشت باشه باشبوونی پێویستی به خولقاندنی دۆخێکه که تیایا فه‌راهه‌مبێت، بۆیه لابردنی هه‌موو رێگریه‌کان له به‌رده‌م ده‌رکه‌وتنی سرووشتی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ باشترین رێگایه بۆ هێنانه ئارای سیسته‌مێکی سیاسی مرۆڤانه. ئه‌م ده‌رکه‌وتانه‌ش بریتین له جیاوازی ئابووری، له ده‌سه‌ڵات، له سیسته‌م، له ده‌وڵه‌ت، له چین. ئه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه گشتیيه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا و سیسته‌م و عه‌قڵیه‌تی باودا کێڤنی کردبووه که‌سێکی دووره‌په‌رێزی زۆرجار تووڕه مێژووی بیری ئهنارشیزم له ئایرله‌ندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆزده. سه‌رباری ئه‌م دیرۆکه هه‌رگیز نه‌بووه به دیارده‌یه‌كی گشتی، هه‌میشه له نێو کهمینهکدا ماوه‌ته‌وه. من و کێڤن ساڵانێک پێشتر له ئێواره‌یه‌کی باراناویدا، پێکه‌وه له ئاهه‌نگی گواستنه‌وه‌ی هاوڕێیه‌کماندا یهكتريمان ناسی. هاوڕێکه‌مان ناوی برێندن هێنهسی بوو، ئه‌ویش چیرۆکی خۆی هه‌یه. ئه‌و رۆژانه من هێشتا مافی پهنابهرێم نه‌بوو، کاتی خۆم به فێربوونی زمان و کارکردن و ئه‌و کۆرسانه‌وه به‌سه‌ر ده‌برد که ئاره‌زووم لێیان بوو. ئه‌و رۆژانه له گاردنهرس هڵ نیشته‌جێبووم. نهۆمی خوارهوهێ ماڵێکی کۆن، به ناوقه‌دی گردێکی به‌رزه‌وه. له‌و ساڵانه‌دا سینه‌مام خوێند، هونه‌رى چیرۆک‌نووسی، سیناریۆ نووسی. مێرێ ره‌به‌نی ته‌نها بووم. پڕ بووم له خه‌ونی شاعیرانه، حه‌زم ده‌كرد وه‌ك نابۆکۆف، وه‌ک کۆندێرا له زمانی خۆم هه‌ڵبێم و به زمانی ئینگلیزی بنووسم. ده‌مویست شاعیرانه بژیم، کاتم له کتێبخانه و کافێ و زانکۆ و شه‌قامه‌کاندا به‌سه‌ر به‌رم، به‌ڵام مه‌عریفه تا ده‌هات شاعیریه‌تی ده‌کوشتم. په‌یوه‌ندییه‌کان رێگربوون له شاعیریه‌ت شاعیریه‌ت ژیانێکی هونه‌ریانه‌یه، که جوانی رابه‌ریه‌تی. جوانی که به‌رهه‌م دێت، وێناده‌كرێت و، له میانه‌ی په‌یوه‌ندیدا دێته ئاراوه. ژیانم دهگوزرا، پێویستم به‌وه‌بوو چاوه‌کانم بشۆم، فێری جۆرێکی تر له بینین بم. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سینه‌ما یارمه‌تیده‌ربوو. کۆرک دوو سینه‌مای تایبه‌تی تیا‌بوو، یه‌کێکیان ناوی کینۆبوو، که وشه‌ی سیسنهمایه له گه‌لێک زمانی ئه‌وروپیدا، به‌تایبه‌ت زمانه سلاڤی وئهڵمانیهکان سینه‌مای دووه‌م کلێسایه‌کی کۆن بوو، کرابووه ناوه‌ندێکی هونه‌ری تیماکانی من جواد بوو له کێڤن، به‌ڵام ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و په‌راوێزبوون بابه‌ته هاوبه‌شه‌کانمان بوون. تیماکانی من غوربه‌ت و ماڵ و جه‌نگ و ته‌نهایی و په‌ناهنده‌یی و رۆژئاوا و ئه‌ورووپا و به‌گشتی فه‌لسه‌فه بوو. له‌و رۆژانه‌دا نووسه‌ری له جۆری خۆمم ناسی، که‌سانی ئهلسکهندر ههیمن یان ساشا. پیاوێ ساده‌ی په‌نابه‌ری یوگوسلاڤی له ئه‌مه‌ریکا به ئینگلیزیه‌كی شه‌قوشڕ جوانترین ده‌قی ده‌نووسی. نیشته‌جێبوون له زمانێکی تردا، سه‌ختیرین کاره مرۆڤ هه‌وڵی ئه‌نجامدانی بدات. زمان پانتاییه‌کی پڕ له هه‌ڵدێره، هه‌میشه به هه‌زار شێوه ده‌رده‌که‌وێت، هه‌رگیز نازانرێت کامه شێوازی راسته‌قینه‌یه‌تی، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه چوونه نێو زمانێکی تره‌وه، هه‌میشه هه‌وڵێکی سوودمه‌نده. مرۆڤ فێری زمانی خۆی نابێت هه‌تا فێری زمانێکی تر نه‌بێت. ته‌نها له رێگای چوونه ده‌ره‌وه له زمانی خود، له شێوازی ده‌ربڕینی خود، له‌و پرۆسه میکانیکیيهی که به‌بێ تێرامان و بیرکردنه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، مرۆڤ به پێچ و لۆچه‌کانی زمانی دایکی ئاشنا نابێت به‌ڵام ئه‌م کاره له په‌نابه‌ریدا ئاسان نيیه. په‌نابه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که وڵاتی خۆی جێهێشتووه، به‌ڵام ئه‌و ساته‌ی که به ئاگا ده‌بێته که پچڕانێک له نێوان خۆی و جێگای نیشته‌جێبوونیدا روویداوه ئه‌وا ده‌ستوبرد به‌دوای رێگایه‌كدا ده‌گه‌ڕێت بۆ گه‌ڕانه‌وه. هه‌میشه ته‌نها رێگایه‌ک که ده‌توانێت ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه فه‌راهه‌م بکات زمانه. بۆیه زمانه ده‌بێته ماڵی بوون. ره‌نگه ئه‌مه خه‌ونێکی هایدگهریانهبێت، به‌وه‌ی ده‌ڵێت که ئێمه له نێو زماندا نیشته‌جێین. ئه‌وه‌ی سه‌یره کردنی زمان به شوێن. به پانتایی، به ماڵ، به جێگا. ئه‌مه پاشان ده‌بێته کرۆکی پرۆژه‌ی بونیادگه‌راکان |
|