ئه‌مڕۆ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 32هه‌مین ساڵڕۆژى كۆچى دوایى ئیدریس بارزانى، كه‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیی بە ئەندازیاری هەوڵەکانی یەکڕیزی گەلی کوردی دادەنێن، بەو پێیەی کاری بۆ یەکماڵی کورد و قبوڵ نەکردنی ملکەچی کردووە، هاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت.   دوایین رۆژى مانگى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایرى هه‌موو ساڵێك له‌ رۆژمێرى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و خه‌باتى رزگاریخوازى خه‌ڵكى كوردستاندا ساڵڕۆژى كۆچى دوایى پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌رى دیارى خه‌باتى خه‌ڵكى كوردستان ئیدریس مسته‌فا بارزانییه‌.   ئیدریس بارزانى له‌ مانگى ئازارى 1944 له‌ ناوچه‌ى بارزان و له‌ ئامێزى خێزانێكدا له‌دایكبوو، كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانى كوردستان ئاماژه‌یان پێكردووه‌، “هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه‌ ببوه‌ ماڵى گه‌وره‌ى كوردایه‌تى و سیمبوڵى نه‌ته‌وه‌یى و رووگه‌ى تێكۆشه‌رانى كورد”.   ئیدریس بارزانى ته‌مه‌نى گه‌یشته‌ دوو ساڵ، مسته‌فا بارزانى باوكى، روویكرده‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و به‌ مه‌به‌ستى پشتیوانیكردن له‌ جوڵانه‌وه‌ى كورد و كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد خه‌باتى ده‌ستپێكرد.   دواى پیلانگێڕى دژى كۆمارى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌رته‌شى شاى ئێران بۆ كۆمارى كوردستان، مسته‌فا بارزانى و ده‌یان پێشمه‌رگه‌ى كوردستان روویانكرده‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران.   خێزان و ژن و منداڵه‌كانیش به‌ یاوه‌رى شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى براى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ پێناو پاراستنى گیانى منداڵ و ژنانى كورد گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و ئیدریس بارزانیش كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نى 3 ساڵ بوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى پادشایى عێراقه‌وه‌ بۆ شاره‌كانى باشوورى وڵات راگوێزران.  

له‌ ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵیدا ئیدریس بارزانى له‌ شارى كه‌ربه‌لا بۆ یه‌كه‌مجار چووه‌ به‌رخوێندن و تا رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پادشایى له‌ عێراق و هاتنه‌سه‌ركارى كۆمارى به‌ رێبه‌رایه‌تى عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌ 1958 دا ئیدریس بارزانى له‌ دیدارى باوكى بێبه‌ش بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا مسته‌فا بارزانى و یاوه‌رانى له‌ سۆڤیه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ و دواى دابڕانێكى زۆر، ماڵباته‌كه‌یان به‌یه‌ك شادبوونه‌وه‌.   به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بیاتى پارتى دیموكراتى كوردستان، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌یلوول له‌ 1961دا، ئیدریس بارزانى له‌ ده‌سته‌ یه‌كه‌مه‌كانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ریزى شۆڕشه‌وه‌ كرد و چه‌كى تێكۆشانى كرده‌ شان و شان به‌ شانى پێشمه‌رگه‌ به‌شدارى له‌ داستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى شۆڕشدا كرد.   دواى 9 ساڵ پێشمه‌رگایه‌تى و به‌شدارى له‌ شۆڕشى ئه‌یلوولدا، له‌ مانگى حوزه‌یرانى 1970 له‌ كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ له‌ ناوچه‌ى ناوپردانى ناحیه‌ى گه‌ڵاڵه‌ ئه‌نجامدرا، بۆ یه‌كه‌مجار ئیدریس بارزانى كرایه‌ ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان.   له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى ئاشتى و دانووستان له‌ نێوان شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا، ئیدریس بارزانى به‌ یاوه‌رى مه‌سعوود بارزانى براى، له‌ ده‌سته‌ى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ شه‌هیدان ساڵح یوسفى و دارا تۆفیق و سامى عه‌بدولڕه‌حمان و نافز جه‌لال و مه‌حموود عوسمان بوون، له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌ شه‌ڕى سیاسى و دیپلۆماسى بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین ماف و داخوازى شۆڕش  و سه‌ره‌نجام به‌ سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستانى عێراق به‌ده‌ستهات و رێككه‌وتنه‌كه‌ چوار ساڵى پڕ له‌ خۆشى و بووژاندنه‌وه‌ى له‌ عێراق هێنایه‌ دى و تا سه‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌عس له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌وه‌ دژایه‌تى كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێككه‌وتنى جه‌زائیریان له‌گه‌ڵ شاى ئێران محه‌ممه‌د ره‌زا شاى په‌هله‌وى واژوو كرد و شۆڕشى كوردیان تووشى نسكۆ كرد.   به‌ هۆى نسكۆى شۆڕشه‌وه‌، ئیدریس بارزانى به‌ یاوه‌رى كه‌سوكار و ماڵبات و به‌شێك له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاواره‌ى ئێران بوون.   هه‌ر به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بیاتى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ سه‌روبه‌ندى نسكۆى شۆڕشدا ئیدریس بارزانى به‌ یاوه‌رى مه‌سعوود بارزانى، هه‌رزوو هه‌وڵه‌كانى خسته‌وه‌گه‌ڕ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ى ژێرخانى رێكخستنى پارتى دیموكراتى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ده‌ستى به‌ چالاكى كرده‌وه‌.   له‌ 1979 گۆڕانكارى گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌خشه‌ و هاوسه‌نگى هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا هات و له‌ ئێران كۆمارى ئیسلامى ئێران دامه‌زرا و ده‌سه‌ڵاتى شاى ئێران روخێندرا و له‌ عێراقیش به‌عس زیاتر پێگه‌ى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵات قایم كردبوو، پرۆسه‌ى راگواستنى گونده‌كانى سنوورى به‌ قوڵایى 30 كیلۆمه‌تر ته‌واوكردبوو، دانیشتوانى گونده‌كانى راپێچى كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان كردبوو، هاوكات هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ناوخۆدا دابه‌ش ببوون.   له‌و سه‌روبه‌نده‌دا شه‌ڕى عێراق و ئێران هه‌ڵگیرسا و حكوومه‌تى به‌عس ده‌یویست له‌ رێگه‌ى درووستكردنى ناكۆكى له‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان وزه‌ و تواناى لایه‌نه‌كان به‌ هه‌ده‌ر بڕوات و به‌ هۆى ناكۆكى سیاسییه‌وه‌ شه‌ڕى ناوخۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان روویدا و ئه‌و رووداوانه‌ كاریگه‌ریى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ره‌وشى سیاسى كورد و به‌رهه‌مى خه‌باته‌ چه‌كدارییه‌كه‌ى درووستكردبوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد، ئیدریس بارزانى له‌ پێناو هێنانه‌دى ئاشته‌وایى و یه‌كخستنى ناو ماڵى جوڵانه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان ده‌ستپێشخه‌رى بكات.

  له‌ سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ له‌ كۆتایى 1986دا بناغه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى دانرا و له‌ مانگى حوزه‌یرانى 1988دا وه‌ك هێزێكى نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى كوردستان به‌ره‌ى كوردستانى راگه‌یه‌ندرا.   ئیدریس بارزانى له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌ییدا، به‌ ئه‌ندازیارى ئاشته‌وایى نیشتمانى ناوده‌برێت و هاوكات له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى عێراقیدا و له‌ ناو به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقدا به‌ كه‌سایه‌تییه‌كى دیار و كاریگه‌ر هه‌ژمار ده‌كرا و له‌ كۆنگره‌ى به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقى كه‌ له‌ تاران سازكرا، بانگه‌وازى بۆ یه‌كخستنى تواناى به‌رهه‌ڵستكاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رژێمى به‌عس خسته‌ڕوو.   له‌ ئاستى دیپلۆماسیدا ئیدریس بارزانى ئه‌زموونێكى ناوازه‌ى هه‌بوو، به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى به‌دیهێنانى ئاشته‌وایى نیشتیمانى و یه‌كخستنى گوتارى پارت و لایه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى عێراق.   له‌ 31ى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایرى 1987دا ئیدریس بارزانى به‌ هۆى نه‌خۆشییه‌كى كتوپڕه‌وه‌ كۆچى دواییكرد و به‌ له‌ده‌ستدانیشى جوڵانه‌وه‌ى سیاسى و خه‌باتى رزگاریخوازى كوردستان كه‌سایه‌تییه‌كى كاریگه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كى دیار و به‌ ئه‌زموون و یه‌كێك له‌ سه‌رخه‌رانى پرۆژه‌ى ئاشته‌وایى و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و یه‌كخستنى تواناكانى له‌ده‌ستدا و له‌ گوندى هه‌له‌جى ده‌ڤه‌رى مه‌رگه‌وه‌ڕى سه‌ر به‌ پارێزگاى ورمێى به‌خاكسپێردرا.   دواى راپه‌ڕینى ئازارى 1991 و رزگاركردنى به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستان له‌ 6ى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1993 ته‌رمى هه‌ریه‌ك له‌ مسته‌فا بارزانى رابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و شۆڕشى ئه‌یلوول و ئیدریس بارزانى سه‌ركرده‌ى دیارى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌راسیمى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان هێنرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دایكبوونیان و له‌ ناوچه‌ى بارزان ئه‌سپه‌رده‌ى خاك كرانه‌وه‌. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پۆلیسی دهۆك ره‌تیكرده‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباراندا پێشێلی مافه‌كانیان كرابێت

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ “كو…