حكوومەتی عێراق لە نێوان ناڵ و بزماردایە

0
503

كاروان محەمەد سینو

پاش شەپۆڵیكی بەهێزی خۆپێشاندان لە بەغدا دژی دەسەڵات و لایەنە سیاسییەئیسلامییەكانی عێراق  و  دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆكایەتیی وەزیرانی عێراق و هەڵوەشانەوەی حكوومەتەكەی و كوشتنی قاسم سلێمانی سەرداری فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و  ئەبومەهدی موهەندیس سەركردەی باڵادەستی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێڕشێكی لەناكاوی فڕۆكە بێفڕۆكەوانی (درون)ی ئەمریكی لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بەرپابوونی هەڵمەتی میلیشیا و لایەنە سیاسییەكانی سەر بە ئێران لە عێراقدا بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە نێو خاكی عێراق. لەنێو هەموو ئەم كار و كاردانەوە سیاسییە دژبەیەكان، (بەهەزار قولهو وەڵڵا) حكوومەتی نوێی عێراق (حكوومەتی مستەفا كازمی) پێكهێنرا.

بەر لەوەی مستەفا كازمی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە 7/6/2019 مستەفا كازمی دامەزراند بە بەرێوەبەری گشتیی هەواڵگری عێراق، هەرلەگەڵ دەستبەكاربوونی، مستەفا كازمی وەكو بەرێوەبەری گشتی هەواڵگری عێراق  دەستیكرد بە پاكتاوكردنی كارمەندانی هەواڵگریی گشتی ئەو دەزگایەی كە پاش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن بە چاودێری ئاژانسی هەوڵگریی ئەمریكا (CIA) لەساڵی 2004 دامەزرا بوو، لەم پاكتاوەیدا مستەفا كازمی چەندین ئەفسەری پایەبەرزی ئەم دەزگایەی پەراوێز خست و هەندێكی خانەنشین كرد و هەندێكی دیكەشی بۆ شوێنی دیكە گواستەوە. ئەوەی شایانی هەڵوەستە بوو لەم گۆڕانكارییانەیدا، كازمی هۆبەی ئێران (شعبە ایران)ی لە نێو دەزگای هەواڵگریی عێراق لابرد، شایانی باسە ئەم هۆبەیە تایبەتمەندبوو بە چاودێری كردنی جموجۆڵی باڵیۆز و كونسول و سەركردە كانی ئێران لە نێو عێراقدا. هەروەها ئەم هۆبەیە چاودێری چڕی جموجۆڵی هەموو ئەو میلیشیا و لایەنە سیاسییە عێراقیانەی دەكرد كە سەربە ئێران بوون. واپێدەچوو ئەم هەڵوێستانەی مستەفا كازمی بۆ ئەوە بوو كە رەزامەندی و دەستخۆشی سەركردایەتیی ئێران بەدەست بهێنێ و بەدەستیشی هێنا!.

 مستەفا كازمی لەساڵەكانی هەشتای سەدەی رابردوو پەیوەندی كردبوو بە حزبی دەعوەی ئیسلامی شیعە مەزهەب و دواتر لە ساڵی 1985 لەرێگای كوردستانەوە كۆچبەری ئێران بوو و لەوێوە چووە ئەڵمانیا و دواتر چووە بریتانیا و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام گەڕایەوە عێراق.

شایانی باسە بەرلەوەی مستەفا كازمی بێتە نێو شانۆی سەركردایەتیی سیاسەتی عێراق وەكو ڕاگەیاندنكار و چالاكوانی مەدەنی لەچەندین پۆستدا كاری كردووە و دوا پۆستی بەرلەوەی ببێتە بەرێوەبەری گشتیی هەواڵگری عێراق كازمی وەكو بەرێوەبەری نووسینی بەشی عێراق لەماڵپەڕێكی نێودەوڵەتی (ئەل مۆنیتۆر)ی سەر بە ئەمریكا كاری كردووە. كازمی دۆستایەتی باش و پەیوەندی نایابی لەگەڵ هەریەكە لە ئەمریكا و ئێران هەیە. مستەفا كازمی پاشخانەی  سیاسی لە حزبی دەعوەی ئیسلامی هەیە و ئەندامێكی ئەو حزبە بووە، هەروەها كازمی دەكاتە زاوای مەهدی عەلاق ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (ئێستاش ئەگەر هەڵە نەبم راوێژكاری سەرۆك وەزیرانە؟!)

 لە 5ی ئۆكتۆبەری 2016 كاتێك كە بەرێوەبەری گشتیی هەواڵگری عێراق بوو، مستەفا كازمی لەسەردانێكی بۆ ئێران چاوی كەوت بە بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمانی ئێران، مستەفا كازمی پەسن و پێزانینی خۆی دەربڕی بەو هەموو هاوكاری و هەماهەنگییانەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران پێشكەش بە عێراقی دەكات لە هەموو بوارێكدا، هەروەها لەو دیدارەیدا مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەكرد كە مەرجەعی ئاینی رۆڵێكی گرنگی هەیە لە رزگاركردنی عێراق.

بەڵام پاش كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەسەردەستی ئەمریكا وەكو باسمانكرد، ئەبوعەلی عەسكەری بەرپرسی باڵای میلیشای حزبوڵڵای عێراق، مستەفا كازمی بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستی هەبووە (زانیاری داوە) لە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.

لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی رابردوو 26ی6ی2020 لە ئۆپەراسیۆنێكی كوتوپڕی نهێنی، هێزیكی دژەتیرۆری عێراقی هێڕشی كردە سەر بنكەیەكی حزبوڵڵای عێراق لە نێو كێڵگەیەك لە دەڤەری (دۆرە)ی شاری بەغدا كە بریتی بوو لە كارگەیەكی دروستكردنی مووشەكی دەستكرد و پایەكانی هەڵدانیان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیرا بەسەر چەندین مووشەك و پایەی هەڵدانی مووشك، هەروەها 14چەكدار و 3بەرپرسی میلیشاكانی حزبوڵڵای عێراق (خلیە الكاتیوشا) شانەی كاتیۆشا دەستگیر كران، هەندێك سەرچاوە باسیان لەوە كرد كە لەنێو گیراوەكاندا شارەزایەكی ئێرانی لە دروستكردنی مووشەك هەبوو. دوابەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنە میلیشیاكانی حزبوڵڵای عێراق دەستیان كرد بە جوڵاندنی هێزێكی زۆر بە ناو شاری بەغدادا ئەمەش بووە مایەی دڵەراوكێی دەسەڵاتی عێراق و تەوای خەڵكی شاری بەغدا، بەڵام پاش دوو كاتژمێر كتوپڕ ئەم هێوە كشانەوە نێو بارەگاكانی خۆیان؟!. هاوكات ئەبوعەلی عەسكەری بەرپرسی ئەمینی حزبوڵڵای عێراق دیسان هەڕەشەی لە مستەفا كازمی كردەوە و گوتی: «ئێمە بۆی لە بۆسەداین».

 هەروەها رۆژی شەممەی رابردوو قەیس خەزعەلی بەرپرسی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق لە لێدوانێكدا مستەفا كازمی ئاگادار كردەوە كە (حكوومەتەكەی حكوومەتێكی كاتییە و بۆی نییە تەدەخولی هەندێك بابەت بكات وەكو بۆردومانكردنی هێزە ئەمریكییەكان، ئەمكارە لەحكوومەتەكەی گەورەترە و ئەگەر هەوڵی ئەوەش بدات، وەكو ئەوانی پێشووتر توانای ئەوەی نابێت، بۆیە دەبێ خۆی بێدەنگ بكات). لەم رووەوە رۆژی دووشەممەی رابردوو 29ی6ی2020 عەباس موسەوی گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاندا كە (دەستگیر كردنی كەسانی سەربە حزبوڵڵای عێراق لە لایەن دەسەڵاتی عێراق، مژارێكی ناوخۆی عێراقە و ئێران دەستوەردان لە كاروباری عێراقدا ناكات). سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێستاكە عێراق لە گفتوگۆیەكی ستراتیجی و چارەنووسسازدایە لەگەڵ ئەمریكا دەربارەی مانەوەی هێزی ئەمریكا لە عێراق و هاوكاری و هەماهەنگی و بەربەرەكانێ كردنی تیرۆر و هەژموونی ئێران لە عێراق و هەژموونی میلیشیا و دارودەستەكانی ئێران لە عێراقدا و … شتی دیكەش؟!.

بەم شێوەیە و لەم سەروبەندەدا دۆخی ئێستا (ئەمڕۆ)ی عێراق لەرووی سیاسی و ئابووری و ئارامییەوە لە هەڵچوون شڵەژانێكی بێ وێنەدایە، لە لایەكی دیكەوە نرخی نەوت زۆر نزمترە لەو نرخەی كە بۆ میزانییەی ساڵی 2020 مەزندە كراوە و كورتهێنانی میزانییەی خەمڵێنراو و نەبوونی پارەی بەردەست بەرۆكی حكوومەتی عێراقی گرتووەتەوە. هەروەها بەربڵاوبوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی دراماتیكی جەستەی حكوومەتی بەغدای داتەپاندووە و ئێمەش (هەرێمی كوردستان) وەكو مافێكی دەستووری خۆمان داوای چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوانمان دەكەین كە كەڵەكەبووی 17ساڵە.

ئەگەرچی وەكو لە پێشەوە باسمان كرد و خۆیامان كرد، هەڵبەت مستەفا كازمی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ هەریەكە لە ئەمریكا و ئێران و كوردستان هەیە و دەتوانێت لەگەڵ هەرسێ لادا هەڵ بكات، بەڵام كازمی (لەنێوان ناڵ و بزماردایە) و پێم وانییە بتوانێت كێشە و بەرژەوەندییەكانی لایەنەكان لە چوارچێوەی عێراقێكی دۆست و بێلایەندا چارەسەر بكات، ئەگەرچی خۆی ئارەزوومەند و خوازیاری ئەوەش بێت.

 لەو باروەڕەدا نیم كە مستەفا كازمی بتوانێ تەنانەت هەندێكیش لە كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكات. كەچی هەندێك لایەن و كەسی سیخوڕ و گومانلێكراو هەن كە بانگەشەش بۆ ئەوە دەكەن گوایە قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە و حكوومەتی بەغدا فریادرەسە (عەسای سحری پێیە) و چارەسەری هەموو كێشە و قەیرانەكانە!!. لێرە من بەو لایەن و كەسە سیخوڕ و كاڵفامانە دەڵێم (ئەگەر كەچەڵ حەكیم بوایە چارەیەكی سەری خۆی دەكرد) سیخوڕ و كاڵفامێكی وەكو ئێوە دەستتان بە پێكهێنانی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە نەسووتاوە و ئەو مافەتان نییە شەكرێكی ئاوا بخۆن. قەوارەی هەرێمی كوردستان دەرەنجامی خەباتی نەبساوەی سەدساڵی رابردووی بزوتنەوەی رزگاری خوازی كوردستانە و سەدان هەزار پێشمەرگە و كەسانی سڤیل بەخوێن گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئێوەی سیخوڕ و خاكفرۆش بۆتان نییە تەنانەت باسی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن.

 بۆیە با ئێمە (نیشتمانپەروەران) ئەوانەی خوێنیان بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان بەخشیوە با بەدەستی خۆمان پشتی خۆمان بخورێنین و خۆمان كێشەكانی خۆمان لە ناوخۆمان چارەسەر بكەین تا ئەو كاتەی دەرفەت دەبێ ئینجا بەیەك دەنگ و یەك ڕەنگ روو یەك هەڵوێست داوا لە بەغدا بكەین و لەسەر بنەمای ماف و دەستوور كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

شەڕی کتێب، لە کۆشکی سپیدا

غازی حەسەن                       کتێبەکەی (جۆن بۆلتن)، سەرەتای شەڕێکی گەورەی پێش ڕەشەبای ه…