جووتیاران لە فرۆشتنی بەروبوومی شووتی ناڕازین

0
64

خەبات: هەولێر:- ئەمساڵ بەرارود بە ساڵانی رابردوو، جووتیاران گلەیی لە بەروبوومەكانیان دەكەن كە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆناو قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیووە بەروبوومەكانیان ساغ بكەنەوە و لە شێوازی فرۆشتن و مامەڵەكردنیش بە بەروبوومەكانییان نیگەرانن. جووتیارێكیش ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵانی رابردوو، رۆژانە نزیكەی 25 باری پیكئاپ شووتی دەفرۆشت و لەئێستاشدا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، رۆژانە پێنج بار شووتی دەفرۆشێت كە دەكاتە نزیكەی شەش هەزار كیلۆگرام لە كاتێكدا زەویەكەی 40-50 دۆنم دەبێت.

جووتیارێكی خەڵكی شارەدێی بەحركەی سەربە پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات كە زەویەكی بە كرێ گرتووە بۆ ئەوەی شووتی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستی و داراییەوە ناتوانێت قازانج بكات و لە شێوازی مامەڵەكردنیش لە عەلوەكان نیگەرانە.

جووتیار، موحسین خدر كە خەڵكی ناحیەی بەحركەیە، دەڵێت: خەریكی بەرهەمهێنانی شووتیم و زەوییەكەم 40-50 دۆنم دەبێت، زەوییەكەم بە كرێ گرتووە و بۆ هەر دۆنمێك نزیكەی 500 هەزار دینار خەرجی تێدەچێت و ئەمساڵ بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، ناتوانین وەك پێویست بەروبوومەكانمان بفرۆشین، چونكە پێشتر بەشێكی زۆری بەرهەمەكان بۆ شارەكانی دیكەی عێراق دەچوو، ئەمساڵیش بەهۆی رێكارە تەندروستییەكان ناتوانرێت وەك پێویست بەروبوومەكانمان بگات بە شارەكانی خوارووی عێراق.

ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەكات كە توخمەكان لە دەرەوە هاوردە دەكەن و دەشڵێت: كە ئەو تۆوی ئەو شووتییە لە توركیاوە هاوردە دەكرێت و باشترینانە، لەمبارەیەوە گوتی: توخمەكەی هەموو لە دەرەوە دەیهێنین، ئێستا ئەو تۆوەی چاندوومانە لە توركیا هارودە كراوە، دووەم ساڵە دەیچێنم جۆرەكەی باشە و بابەتی دیكەشمان هەیە، بەگشتی كێشی شووتییەكان 10-12 كیلۆگرام دەردەچێت، جاری واهەبووە شووتی هەرە گەورە تا 15 كیلۆ بووە.

موحسین خدر دەشڵێت: رۆژانە كاتژمێر چواری بەرەبەیان تا نیوەڕۆ كار دەكەین، ئەمڕۆ تەنیا دوو بار شووتیمان لێكردووەتەوە و سێ پیكئەپیش لە چاوەڕوانییدایە، واتا پێنج بار شووتی، لە كاتێكدا ساڵانی رابردوو رۆژانە 25 پیكئەپ شووتیمان لێ دەكردەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دوێنێ یەك پیكئەپ شووتیمان بە 75 هەزار دینار فرۆشتووە لە كاتێكدا زیاتر لە 50 هەزار دینار خەرجی بووە، چونكە كرێكار بۆ رنینەوە هەر پیكئەپێك بڕی 10 هەزار وەردەگرێت و بە 35 هەزاریش دەیگوازینەوە بۆ عەلوە و لەوێش بڕی 10 هەزار دەدەین بە دەڵاڵی گۆڕەپانی شووتی. پارساڵ بابەتی ئەو 10 هەزارەمان گەیاندە لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، بەدواداچوونیشیان كرد، بەڵام گرفتەكەمان چارەسەر نەبووەو ئێمە نیگەرانین لەم جۆرە مامەڵەیە.

ئەگەرچی ساڵانە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ ساغكردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی، هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوە قەدەغە دەكات، بەڵام ئەو جووتیارە پێی وایە دوای خراپبوون و رزینی بەروبوومە ناوخۆییەكان، ئینجا بڕیار دەدرێت هاوردەی بەروبوومی دەرەوە قەدەغە بكرێت، پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، زووتر هاوردەی بەروبوومی دەرەوە قەدەغە بكات، رێگاكانی هاوردەی بەرووبوومەكان دابخرێت، چونكە زۆرجار هەیە رێگا دادەخرێت، بەڵام بە رێگای قاچاخ بەروبووم هەر هاوردە دەكرێت كە بەداخەوە بازاڕ پڕ بووە لە بەروبوومی ئێرانی و پێویستە حكوومەت رێگربێت.

یەكێك لەو كەسانەی كە رۆژانە وەكو كرێبار شووتییەكان دەگوازێتەوە بۆ عەلوە، كە هاوكات قوتابییەكی زانكۆیە و بەگوتەی خۆی بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی كرێباریی دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە زۆرجار هەیە جووتیارەكان قەرزار دەبنەوە بەهۆی ئەوەی بەروبوومەكانیان هەرزانە و تێچوویشی زۆرە.

خاوەنی پیكئەپ، ئەیوب خدر گوتی: من كرێباریی دەكەم، رۆژانە یەكجار دەتوانم كرێ بكەم، پێرێ كاتژمێر نۆی بەیانی چووم تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە لە گۆڕەپان بووم و پاشان بارە شووتییەكەم بە 50 هەزار فرۆشت و جووتیارەكە قەرزار بووەوە، چونكە بڕی 10 هەزار دینار دەدات بە كرێكار لە كاتی لێكردنەوەی شووتییەكە، بڕی 35 هەزار دەدات بە كرێی گواستنەوە و بڕی 10 هەزاری دەڵاڵی، بۆیە جووتیارەكە قەرزار بووەوە.

هاوكات سالم ساڵح عەزیز كە وەكو كڕیار هاتبووە كێلگەكە بۆ شووتی كڕین، دەڵێت: هاتوومە شووتی بكڕم و دەیبەم بۆ دوكان، ئێمە هەر لێرە دەیكڕین باشترە و بۆیەش ناچینە گۆڕەپانی شووتی، چونكە لەوێ بڕی 10 هەزار لە كڕیار و بڕی 10 هەزاریش لە فرۆشیار وەردەگیرێت، هەروەها كرێی گواستنەوەی بارەكە نادەم و لێرە هەرزانتر رادەوستێت، جاری وا هەیە، چوار تا پێنج رۆژ یەك پیكئەپ شووتی دەكڕم بە نرخی رۆژ، قازانجەكە كەمە چونكە بازاڕ نییە، پارە نییە و مووچە نییە و كار نییە، كاتەكانی دیكە كیلۆی شووتی 650 دینارە، بەڵام كە شووتی خۆمان پێڕادەگات كەس نایكڕێت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

شەڕی کتێب، لە کۆشکی سپیدا

غازی حەسەن                       کتێبەکەی (جۆن  بۆلتن)، سەرەتای شەڕێکی گەورەی پێش ڕەشەبای …