ھەوڵی تێكدانی قەوارەی ھەرێم

0
511

سەلام عەبدوڵڵا

وا بۆ سەد ساڵ دەچێت، ئەم گەلە كۆڵنەدەرە، لە قوربانی بەردەوامدایە بۆ سەرفرازی و خۆبەڕێوەبردن.
لەم پێناوەشدا بە ھەزاران شەھید و بریندار و پەككەوتەی لەم مێژووە دوورو درێژەدا داوە، ھەر لە بوردومانەكانی حكوومەتی بەریتانیاوە، كە خوڵقێنەری ئەم قەوارە ناساز و دەستكردەیە، تا دەگاتە ھێرشەكانی تیرۆریستانی داعش و لەمەودواش حەشدی شەعبی، واتە لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردووەوە تا دەگاتە ئەمڕۆش كە بە چاوی خۆمان دەیبینین، چۆن گوندی كاكەییەكان لە دەورووبەری خانەقین و كەركووك دەدرێنە بەر شاڵاوی تۆقاندن و راگواستن و گێڕانەوەی عەرەبە ھاوردەكان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، كە بە شایەتی بەڵگەنامە عوسمانییەكانیش، ھەموو ئەوانە بە تاپۆ، خاكی كورد بووە.
حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، ھیچ نەپرینگاونەتەوە لە بەكارھێنانی ھەموو چەكێك، بە كیمیاوی و چەكە قەدەغەكراوەكانیشەوە، بۆ بەكارھێنانی دژی گەلەكەمان لەپێناو لەناوبردن و ھەر نەبێت چۆك پێدادانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گەلەكەمان، بە ھەموو توانای نابەرابەریشییەوە، ھەر داكۆكی لە خاك و نەتەوەكەی كردووە و درێغی لە قوربانیدان بۆ نیشتمان و سەرفرازی نەكردووە.
دوای ئەو ھەموو قوربانیدانە، بۆ یەكەمینجار قەوارەیەكی سیاسیی دانپێدانراو لە ھەرێمی كوردستان دروست بوو كە بۆ سی ساڵ دەچێت كورد تێیدا خۆی حوكمی خۆی دەكات و خۆی بەڕێوەی دەبات بە ھەموو باشی و ناباشییەكیەوە، كە بە ھیچ جۆرێك قابیلی بەراورد نییە لەگەڵ حكوومەتەكانی پێشوو، كە كوردی تێدا ھاووڵاتی پلە دوو و سێ بووە، بگرە ھەر حسابی ھاووڵاتیشی بۆ نەدەكرا.
كەچی ئێستا، ئەم ھەرێمەی كە بە خوێن و تێكۆشانی خەڵك و ھەموو حزبەكانەوە ھاتۆتە ئاراوە، بە ئاشكرا لە چەندین لاوە، داوای تێكدان و ھەڵوەشاندنەوەی دەكرێت. یەكێك داوای سوپای عێراق دەكات كە بە زەبری ھێز، ھەرێم تێك و پێك بدات، یەكێك دەڵێ: گەر یەكدەنگ بین، ئەوا سلێمانیش، وەكوو كەركووك دەگەڕێنینەوە بۆ باوەشی نیشتمان! و رزگاری دەكەین!.
یەكێك دەڵێ: با تف لە جوگرافیای كوردستان بكەین و یەكێكیش دەڵێ: (نەخێر)مان بەرامبەر كوردایەتی داكوتا! و یەكێكیش زۆر راشكاوانە دەڵێ: دەبێ قەوارەی ھەرێم ھەڵبوەشێتەوە! .
ئەمانە خەڵكی ئاسایی نین، خاوەن پۆست و پلەن لە حزبەكانیاندا و لە پەرلەمانی بەغدا و لە پەرلەمانی ھەرێم و حزبەكانیان بێدەنگن لە رەفتار و كرداریان.
دەبێت ئیدی ئەم دەنگە ناسۆز و ناساز و دژە نیشتمانە، بەزووترین كات كپ بكرێن و حزبەكان، بەتایبەتی بەشداربووانی حكوومەت لێیان بێدەنگ نەبن.
ھەوڵی تێكدانی قەوارەی ھەرێم ھێڵی سوورە، چونكە رەنجی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانە.
كەسیش بۆی نییە بازرگانی پێوە بكات.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى غه‌یدا كه‌مبه‌ش ده‌كات

له‌ پرسه‌نامه‌یه‌كدا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی…